کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژرا

19:51 - 1 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.


کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردەوە، سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەناوی \'\'بێهروز بورهانی\'\' کەوتە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامدا گیان لە دەست دا.
بێهرووز بورهانی لە رێگای نێوان سەقز بۆ دیواندەرە بەگومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
دواتر روون بووەتەوە کە ناوبراو هیچ کەلوپەلێکی قاچاخی پێ نەبووە و هێزەکانی رێژیم تەنیا لە رووی گومانەوە تەقەیان کردووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی رێژیم لە جادەکانی کوردستانی ئێران، بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەل و شتومەکی قاچاخ، تەقەیان لە ٢٨ هاووڵاتیی کورد کردووە کە بەو هۆیەوە ١١ کەس لەو هاووڵاتییانە کوژراون و ١٧ دیکەش بریندار بوون.