کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی سەوڵاوا دەسبەسەر کرا

13:05 - 1 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'دزڵی\'\'ی سەربە شارستانی سەوڵاوا، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سەوڵاوا، هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی \'\'سەلام فەرەجی\'\' دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.
سەلام فەرەجی پێشتر مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی گوندی \'\'دزڵی\'\' بوو کە بە تۆمەتی لایەنگری لە مەکتەب قورئانی کوردستان، مافی وانە وتنەوە و مامۆستایەتیی لێ سەندرایەوە.
ناوبراو پاش ئەوەی کە مافی مامۆستایەتیی لێ سەندرایەوە، وەکوو فەڕاش لەو قوتابخانەی دواناوەندیی گوندی دزڵی سەرقاڵی ئیش کردن دەبێت، کە رۆژی شەممە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ١٢٥ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە تۆمەتی \'\'ئەمنیەتی و ئەنجامدانی چالاکیی فەرهەنگی و مەزهەبی\'\' دەسبەسەر کراون.