کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر و لەلایەن خەڵکەوە ئازاد کرا

22:14 - 29 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی دەرەکێ لە شارستانی سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش چەند خولەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە چنگی هێزەکانی رێژیم ئازاد کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ راوی هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \'\'عادڵ حەسەنی\'\' کوڕی عەزیز ناوە و لە نێو ئاوایی دەسبەسەریان کردووە.

هاووڵاتییەکی ئەو گوندە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم پاش ئەوەی کە ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە، خەڵکی ئاوایی هەڵوێستیان گرت و لە هەڵمەتێکدا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی رێژیم و ئەو هاووڵاتییەیان لە چنگی هێزەکانی رێژیم دەرهێنا.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانی ئوتۆمبێلەکەی ئەو هاووڵاتییەیان زەوت و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە هەتا ئێستا ٢١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.