کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەكی كورد لەزیندانی ئەردەبیل لەسێدارە درا

15:21 - 19 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی ناوچەی دەشتی ورمێ‌لەگرتووخانەی ناوەندی شاری ئەردەبیل لەسێدارە درا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٨‌ی پووشپەڕ هەمزە سەبووری كوڕی كەریم و خەڵكی ئاوایی دەزگری ناوچەی دەشتەبێڵی ورمێ‌لەزیندانیی ئەردەبیل لەسێدارە درا.
هەمزە سەبووری ماوەی دوو ساڵ بوو كە لەزیندانی شاری ئەردەبیل بوو. تەرمی ئەو هاووڵاتییە رادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.
لەسەرەتای مانگی پووشپەڕەوە هەتا ئێستا ٩ هاووڵاتیی كورد لەگرتووخانەكانی كرماشان، ورمێ‌و ئەردەبیل لەسێدارە دراون.


جیهاندار، میرزایی، ئیسماعیل بادویی، ساڵح قەرائەتی ناوی چوار كەس لەو پێنج ئیعدام كراوەی رێكەوتی ١٣‌ی پووشپەڕن كە لەگرتووخانەی ورمێ‌حوکمەکەیان بەڕێوە چوو.
هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ١٧‌ی پووشپەڕیش سێ‌هاووڵاتیی دیكەی كورد لەگرتووخانەی كرماشان لەسێدارە دران كە دوو كەسیان تاوانەكەیان قەتڵ بوو.
بەپێی ئەو هەواڵانەی كە لەسەرچاوەكانی مافی مرۆڤەوە بڵاوكراونەتەوە، لەسەرەتای مانگی پووشپەڕەوە، زیاتر لە ٦٠هاووڵاتیی لەگرتووخانەكانی رێژیمی ئێران بەتاوانی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون.

١٢كەس لەسێدارەدراوەكان هاووڵاتیی ئەفغانی بوون.