کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوشداری رێکخراوی لێبورنی نێودەوڵەتی لەمەڕ کوێربوونی بەندکراوێکی سیاسیی کورد

22:25 - 27 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی لێبوورنی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا لەسەر کوێربوونی بەندکراویکی سیاسیی کورد بەناوی زەینەب جەلالیان لە ئاکامی ئەشکەنجە و ئەزیەت لە زینداندا هوشداریی دا.
لەو راگەیەنراوەی رێکخراوەی لێبووردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە زەینەب جەلالیان بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئەگەری کوێربوونی هەیە: زینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە و لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ماوەی حوکمەکەی بەسەر دەبات، ئەگەری ئەوەی هەیە کە کوێر بێت و بەپەلە پێویستیی بە چارەسەرییە\'\'.

لەو راگەیەنراوەدا هاتووە کە بەرپرسانی ئیتلاعاتیی رێژیمی ئێران و بەرپرسانی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان هەتا ئێستا چەندین جار لە چوونی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆلای دوکتور پێشگیریان کردووە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە دۆخی جەستەیی ناجێگیر و ئەگەری کوێربوونی رووی لە زیادبوون بێت.

بەپێی راپۆرتەکان زەینەب جەلالیان هەتا ئێستا چەندین جار داوای کردووە کە لە زیندان بچیتە دەروە، بەڵام بەرپرسانی رێژیمی ئێران پێیان وتووە: بەو مەرجە کە لەسەر تەلەفزیۆن دان بە تۆمەتەکانی دابنێت، ئەو دەم ئازاد دەکرێت کە وڵامی رەتی بەو داواکارییەی بەرپرسانی رێژیم داوەتەوە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شارستانی ماکۆ سەربە پارێزگای ئورمیە لە دایک بووە.