کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی داعش و ئەرتشی سووریە بۆسەر کەمپی ئەلوەلید، برینداربوونی ئاوارەیەکی کوردی ئێرانیی لێ کەوتەوە

17:41 - 2 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی هێرشی داعش و تۆپبارانی سووریە بۆسەر کەمپی ئەلوەلید لە پارێزگای ئەنبار، ئاوارەیەکی کوردی ئێرانی بریندار و هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهوازیش کوژرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوێنی یەکشەممە رێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بەهۆی هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش بۆسەر ئاوارەکانی کوردی ئێرانی لە کەمپی ئەلوەلید برینداربوونی ئاوارەیەکی بەناوی \'\'ئاسۆ عەزیز\'\'ی لێکەوتەوە.

رەزا عەزیزی یەکێک لەو ئاوارانە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هەنووکە ئێمە ئاوارەکانی کوردی ئێرانی بەرەو سنووری ئوردون هەڵاتووین و ژمارەیەکیشمان بەهۆی ئەوەی کە ئیمکانی رۆیشتنیان نەبوو چارەنووسیان ناڕوونە.

لەو پێونەدییەدا ئاوارەیەکی دیکەی کەمپی ئەلوەلید، وتی: کەمپی ئەلوەلید دوێنێ بەهۆی بۆمبارانی رێژیمی سووریەوە چۆڵ کراوە و تێکڕای ئاوارەکان لە هەوڵی ئەوە دان خۆیان دەربازی سنووری ئوردون بکەن.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو ئاوارانە، ئەو بنەماڵانەی کە هەڵاتوون لە سنووری ئوردون گیریان خواردووە و ئیزنی چوونە ژوورەوەیان بەو وڵاتە پێ نادرێ.

نزیک بە ٧ مانگ پێش ئیستا بە بڕیاری کۆمیساریای باڵانی پەنابەران، بڕیاربوو ئەو ئاوارە کوردانە بگەڕیندرێنەوە هەرێمی کوردستان بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆمادیە و فەلووجە جیبەجێ کردنی ئەو بڕیار پەک خرا.

کەمپی ئەلوەلید خێوەتگایەکە لە نێوان سنوورەکانی عێراق ــ سووریە کە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی پاش رووخانی رێژیمی بەعسی عیراق دامەزراوە.

کەمپی ئەلوەلید لە سەرەتادا تەنیا بۆ عەرەبە عێراقی و فەلستینییەکان دروست کرابوو، بەڵام دواتر کۆمەڵێک کوردی رۆژهەڵات کە پێشتر لە کەمپی \'\'ئەلکەڕامە\'\' هەڵکەوتوو لە نێوان عێراق و ئوردون بوون، بە مەبەستی چاودێریی زیاتر لەلایەن UNـەوە راگوێزران.

پێشتر لەوە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی پاش رووخانی دەسەڵاتی بەعسی عێراقی، کەمپی ئەلتاش کە ٤٥ هەزار ئاوارەی ئێرانیی لەخۆ گرتبوو، بەهۆی نائەمنی و دروست بوونی پشێوی بە تەواوەتی چۆڵ کرا.