کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان کردەوەی تێرۆریستی بەردەم دەفتەری سیاسیی هاوڕێیانی پێشوویان مەحکووم کرد

15:38 - 6 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەیەکدا هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان کردەوەی تێرۆریستیی بەردەم دەفتەری سیاسیی هاوڕێیانی پێشوویان مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان بە مەبەستی مەحکووم کردن و هاودەردی لە بەرانبەر کردەوە تێرۆریستیەکەی شەوی ١ی بەفرانباری ١٣٩٥ لە بەردەم دەفتەری سیاسی هاوڕێیانی پێشوو بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریان کرد.

قادری لەو کۆبوونەوەدا هەڵوێست و نەزەری حیزبی دێموکراتی بە ئاگاداری بەشدارانی کۆبوونەوەکە گەیاند و لە بەشێک له قسەکانیدا جارێکی دیکە کردەوەی تێرۆریستی بە گشتی و بەتایبەت کردەوە تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم کرد، و هاوخەمی حیزبی بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان دەربڕی.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی ئەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی لە هاتنە سەر کاریەوە هەموو داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردی لە ڕێگای ئاشتیانەوە بە تێرۆر وڵام داوەتەوە هەر بۆیە پێویستە سەرەتا هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستانی خۆرهەڵات یەکڕیز و یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی سیاسەتێکی هاوبەشیان لە چوارچێوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەبێت و هەروەها پێویستە دەزگا و بەشە ئەمنییەتییەکانی حیزب و لایەنەکانی کوردستانی خۆرهەڵات لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکاریی کردەیی بۆ کەم کردنەوەی پیلانە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت.