کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە تایبەتییەکانی رێژیم لە \"میراوا\"ی بۆکان، ٨ یەکەی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتییانیان تێکڕووخاند

21:35 - 17 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: هێزی گاردی تایبەتی رێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە گەڕەکی میراوای بۆکان و بە چەندین دەزگا لۆدێر، ٨ یەکەی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتییانی ئەو شارەیان رووخاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزرەدانی ١٣٩٣ی هەتاوی هێزەکانی رێژیم لەگەڵ ١٥٠ کەس گاردی تایبەتی و بە چەندین دەزگا لۆدێر لە دەوروبەری قوتابخانەی نەججاری گەڕەکی میراوای شاری بۆکان، هەشت خانووبەرەی هاووڵاتییانی ئەو شارەیان رووخاند.

ئەو کردەوەیەی رێژیم لە کاتێکدا بووە کە ئەو بنەماڵانە لە ماڵی خۆیاندا بوون.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بە ماڵپەری کوردستان میدیا گەیشتووە، ئەو بنەماڵانە بێ هیچ جۆرە پاساو و ئاگادار کردنەوە لە تاوانەکانیان، لەلایەن ئەو هێزانەی رێژیمەوە هێرشیان کراوەتە سەر و تەنانەت نەیان توانیوە کە کەلوپەلی ژیان لە ماڵەکانیان وەردە بنێن.

هەرەوها ئەندامانی ئەو بنەماڵانە کە بۆ ئەو هەوڵە نایاسایی و پاساوهەڵنەگرەی هێزەکانی رێژیم ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، دەسبەسەر و رەوانەی پاسگا کراون.

ماوەیەک پێش ئێستا لە کردەوەیەکی هاوشێوەدا هێزەکانی رێژیم لە شاری ئورمیە بە بیانووی ئەوەی کە هاووڵاتییان بۆ دروست کردنی خانووبەرە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، بینای ئەو هاووڵاتییانەیان رووخاند.