کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتییەکان ڕێگرییان لە ئامادە بوونی ژنان کرد لە کێبڕکێی والیباڵ‏دا

22:19 - 28 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: دیسانەوە لە ئێران لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە ڕێگە بە ژنان نەدرا تەنانەت وەکوو بینەریش، بەشداریی لە کێبەرکێکانی واڵیباڵ لە کەناری ئاودا بکەن ، کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٦ هەتا ٣٠ ڕێبەندان، لە دوورگەی کیش بەڕێوە بچێت.

سەرەڕای بەڵێنەکانی فێدراسیۆنی والیباڵی ئێران و فێدراسیۆنی جیهانیی واڵیباڵ، ژنان وەکوو بێ‏بەشترین توێژی کۆمەڵگا لە ئێران بە ئەژمار دێن و ئەمجارەش ئیزنی چاوڵێکردنی ئەو کێبڕکێیەیان پێ نەدراوە.

بەرپرسی فێدراسیۆنی والیباڵی ئیران، پێشتر بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و سەرزارەکیی ئاماژەی بە ئامادەبوونی ژنان لەو یاریانەدا کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە: بەسەرنجدان بەوەیکە دوورگەی کیش وەکوو دوورگەیەکی توریستی بەئاژمار دێت، زۆربەی یانەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەو دوورگەیە ئامادە دەبن.

مینکی ڤۆردێنبەڕێوەبەری نوێگەریی جیهانیی مافی مرۆڤ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتێری خۆیدا، لە زاری یەکێک لە ژنانی ئامادەبوو لە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکان بڵاوی کردەوە؛ کاتێک ئێمە بۆ چاولێکردنی یارییەکە دەچووین بۆ ستادیۆم، یەکێک لە هێزە ئەمنیەتییەکان پێی ڕاگەیاندین کە چوونی ژنان بۆ ناو ستادیۆمەکە قەدەغەیە و ئێمەش گەڕاینەوە. ناوبراو لە درێژەدا نووسیویە؛ هەر ئەو کاتە لە کۆفی‏شۆپێکی تەنشت زەوی یارییەکە دەنگی هەراوزەنای ژنانمان بیست و بینیمان کە خاوەنی کۆفی‏شۆپەکە بە بێ‏بەرانبەر ڕێگەی بە کۆمەڵێک ژن داوە لە سەر بانی کۆفی‏شۆپەکەیەوە سەیری یارییەکان بکەن.

ڕاگەیەنە ناوخۆییەکانی ئێرانیش ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە. هەواڵدەریی ئیرنا لەو بارەوە نووسیویە: چوونی ژنانی هەواڵنێر لەگەڵ یانەکانی بەشدار لەو کێبڕکێیانەدا، لە ڕۆژی یەکەمدا بێ‏کێشە بووە، بەڵام ژنان ئیزنی چاوڵێکردنیان نەبووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی فێدراسیۆنی جیهانیی والیباڵ، بەڕێوەبەرانی ئێرانیی تۆڕی جیهانیی والیباڵ لە دوورگەی کیش، بەڵێنیان دابوو له یەکەم ڕۆژی ئەو کێبڕکێیانەدا،ژنان لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بەشداریی بکەن.

شایانی باسە کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی فێدراسیۆنی جیهانیی والیباڵ، بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کێبڕکێیە لە ئێران، ئامادە بوونی ژنانی ئۆگر، لە ستادیۆمەکە بووە.

هەوڵدان بۆ ئامادە بوونی ژنان لە ستادیۆمەکان، لە مێژە دەستی پێ‏کردووە و تا ئێستا بەشێوەی فەرمی ژنان ئیزنی ئامادە بوونیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێ نەدراوە.