کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی رێژیمی ئێران زیاتر لە ١٥ هاووڵاتیی عەرەبیان دەسبەسەر کرد

22:34 - 1 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران لە حەفتەی رابردوودا گوشاریان بۆ چالاکانی عەرەبی ئەهواز هێناوە و زیاتر لە ١٥ کەسیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، حەفتەی رابردوو ژمارەیەک چالاکی عەرەبی ئەهواز بەناوەکانی \'\'ئەیووب ئەحمەدی، سەعید خزری، ئەحمەد عەفراوی، عەلی رەوانبەخش، خەلەف زوبەیدی، عەبدولڕەزا جەلال و ناسر جەلالی\'\' لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران.
لەو پێوەندییەدا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە هێزەکانی رێژیم رژاونەتە نێو ماڵی ژمارەیەک هاووڵاتی بەناوەکانی \'\'سەید ئەحمەد نزاری، سەید جەعفەر مووسەوی، غازی هەنداڵی و سەید ئەحمەد هەنداڵی\'\' و دەسبەسەریان کردوون.
هەروەها هێزەکانی رێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەهوازی و داویان لێ کردوون کە رۆلەکانیان رادەستی هێزە ئەمنیەتییەکان بکەنەوە.
لەم چەند ساڵەی رابردوودا چالاکانی ئەهوازی لە ئێران بەرەوڕووی گوشاری زۆر و ئەشکەنجە و زیندان بوونەتەوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا تووشی دوورخرانەوە و زەوتکردنی ماڵ و سامانیان لەلایەن رێژیمەوە بوون.