کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣٠هەزار قوتابیی توشبوو بە ماددەی سەڕکەر لە ئێران بوونیان هەیە

20:29 - 4 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: نزیکەی ١٣٠ هەزار قوتابیی قوناغی ناوەندی و دوا ناوەندی لە ئێران کە تەمەنیان لە خوار ١٣ساڵ دایە گیرۆدە بە ماددەی سڕکەر بوون.

ئەندامی کۆمیسیونی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیمی ئیڕان، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕەشەممە لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر ڕاگەیاند: ١٣٠هەزار قوتابی کە نێونجیی تەمەنیان لە ١٣ ساڵ بەرەو خوارە لە ئێستادا لە قوتابخانەکانی ئێران خەریکی خوێندنن.

بە وتەی حوسێن تەڵا، ئەو قوتابیانەی بە شێوەی سەرگەرمیی و خۆشگوزەراندنی ماددەی سڕکەر بەکار دێین ئامارێک لە بەر دەست دا نیە و گوتیشی کە وێدەچێت ڕێژەی گیرۆدە بووان بە ماددەی سڕکەر لە ناو قوتابییەکان لەو ١٣٠هەزار قوتابییە زیاترە.

ئەو لێدوانەی نوێنەری مجلیسی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان گوتبووی، کە ئەو ناوەندە حکوومەتیە لە مێژە هەستی بە مەترسی ئیعتیاد کردووە.

شەهیندەخت مەولاوێردی، جێگری سەرکۆماری رێژیمی ئیران لە کاروباری ژنان و بنەماڵەدا لە مانگی خەزەڵوەر ڕاگەیاندبوو: نێوەنجی تەمەن ئیعتیاد لە ناو کچەکاندا ١٣ ساڵە و لە سەدا یەکی قوتابیان ئەزموونی بەکار هێنانی جۆرەکانی ماددەی سڕکەریان لە ئێران دا هەیە.

عەلی ڕەزا جزینی بەڕێوەبەری ستادی گشتی پێشگیری بە ماددەی سڕکەر لەو بارەیەوە گوتی: لە سەدا ٤ قوتابی لە ئێران ماددەی شیشە بەکار دەبن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێژەی گیرۆدە بووانی ماددەی سڕکەر لە سەر شەقامەکان لە ٨ ساڵی ڕابردوودا لە سەدا ١٠ بەرانبەر بووتەوە.

هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری سەعید سەفاتیان بەرپرسی گرووپی کاری کەمکردنەوە ماددەی سڕکە بڵاووی کردەوە، مجلیسی نوویەم چوار ساڵ دەرفەتی لەبەر دەستدا بووە و کە بتوانێ هەندێک لە بەندەکانی یاسا لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگا بۆ پێشگیری و دەرمانی ئیعتیاد چاک بکات، بەڵام ئەو مجلیسە هیچ هەوڵێکی لەو بارەیەوە نەداوە.

سەفاتیان ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک کەس لەو باوەڕن لە رێژەی گیرۆدبووان بە ماددەی سڕکەر لە ئێران وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئێمە لە کۆمەڵگا ئەو پرسە بە چاو نابینین.