کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، نەتەوەی کوردی بە خێڵ و تایفە لە قەڵەم دا

22:28 - 11 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە هەواڵێکی هەواڵدەریی ئیرنا لەبارەی بەڕێوەچوونی پیشانگایەکی خۆشنووسیی ئەلفوبێی کەونارایی زمانی کوردی لە ئیلام، کورد وەکوو خێڵ و تایفە ناودێر کراوە.
هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری مامۆستای ئەنجومەنی خۆشنووسانی ئێرانە بڵاوی کردەوە، پیشانگایەک لە شاری \'\'مەیمە\'\' سەربە شارستانی دێهلۆڕان لە پارێزگای ئیلام، لەبارەی خۆشنووسیی ئەلفوبێی کەونارایی زمانی کوردی کە لەلایەن ئەو ماڵپەڕەوە وەکوو زمان دانی پێدانەنراوە، بەڕێوەچوو.

هەواڵدەریی ئیرنا ئەم هەواڵەی لە کاتێکدا رووماڵ کردبوو کە کوردیی بە زمان لە قەڵەم نەداوە و نەتەوەی کوردی بە \'\'ایل\'\' واتە \'\'خێڵ و تایفە\'\' وەسف کردووە.

بە وتەی محەممەد عەسگەری مامۆستای ئەنجومەنی خۆشنووسانی ئێران، ئەم پیشانگایە بە مەبەستی رێزگرتن لە ناودارانی بواری خۆشنووسی و ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان و بەتایبەت بەردەنووسەکانی \'\'سەراوی مەیمە\'\' بەڕێوەچووە.

ئەم سایتە حکوومەتییە لە درێژەی هەواڵەکەدا نەتەوەی کورد بە \'\'خێڵ و تایفە و عەشیرە\'\' ناودەبات و بەڵام لە کۆتایی دێڕی هەواڵەکەدا خێڵەکە گەورە دەبێت و پێی دەڵێت \'\'خێڵی گەورەی کورد\'\'.

شاری مەیمە لە ١٠٤ کیلۆمیتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری ئیلام هەڵکەوتووە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.