کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرانی بێسنوور: دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لەژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران و وەزارتی ئیتلاعات دایە

17:13 - 12 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ئەو رێژیمە دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لەبارەی دۆخی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە وتێیدا دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ژێردەستەی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە قەڵەم دا.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لەو بەیاننامەیەدا بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لە خزمەتی وەزارتی ئیتلاعات و لە سەرکوتی رۆژنامەوانان و چالاکانی میدیاییدا دەستی هەیە.

دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە جۆریک بێ سەرشوێن کردنی ئیجبارییە و دژایەتیی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هەیە و ئەو هەڵسوکەوتەی رێژیم پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی ٩ و ١١ی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنی و سیاسی و ئەسڵەکانی ٣٢ و ٣٩ی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

هەواڵنێرانی بێسنوور رایگەیاندووە، دەزگایی قەزایی رێژیمی ئێران لە کۆنتڕۆڵی تەواوی ویلایەتی فەقیهـ دایە و لەو پێوەندییەدا بڵاوی کردەوە: دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەربەخۆ نییە و بەگوێرەی ئەسڵی ١١٠ی یاسای بنەڕەتی، سەرۆکی ئەو دەزگایە لەلایەن وەلیی فەقیهـەوە هەڵدەبژێردرێ\'\'.

رێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، خامنەیی بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە محەممەد سادق ئامۆلی لاریجانیی بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای قەزایی هەڵبژاردەوە. ناوبراو بۆ یەکەم جار لە هاوینی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان هەڵبژێردار. هەر لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا زیاتر لە ٣٠٠ رۆژنامەوان و هاووڵاتیی وێب نووسی بە شێوەیەکەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و لە دادگا نمایشییەکاندا سزای قورسیان بۆ بڕایەوە.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور هەروەها رایگەیاندووە، بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی رێژیمی ئێران، رۆژنامەوانان و وێب نووسانی بەنداکراو لە زیندانەکاندا ئازار و ئەشکەنجە دەدەن و پێ نەدانی مەرەخەسی بە بەندکراونی وەکوو محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە پێشێلکارییەکانی مافی زیندانییان وەسف کردووە.