کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆڕێکی نووسەرانی کوردستانی ڕۆژئاوا کرد

16:45 - 29 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆڕێکی نووسەران و ئەدیبانی ڕۆژئاوای کوردستان‌دا کرد و لەگەڵ چەندین کەسایەتیی پایەبەرزی ئەدەبی و سیاسیدا چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا.

ئێوارەی ڕۆژێ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر بەشداریی له کۆڕێکی ئەدەبیی یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی ڕۆژئاوا کرد.

لەو کۆڕەدا محەممەدساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێر بە هاوڕێیەتی لەگەڵ شەریف فەلاح، شاعیر و نووسەر بەشدارییان لە کۆڕێکی ئەدەبی لەژێر ناوی هزری نەتەوەیی لە هەڵبەستی کلاسیکی کوردیدا کرد کە لەلایەن یەکیەتیی نووسەرانی کوردستانی ڕۆژئاواوە ساز کرابوو.

لەو کۆڕەدا کە لە هۆتێل کاپیتاڵ ساز کرابوو، کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەران و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و باشووریش تێیدا بەشدار بوون.

کۆڕەکە تایبەت بوو بۆ تاوتوێ و شڕۆڤەی هزری نەتەوەیی لە شێعری چوار شاعیری کلاسیکی کورد کە بریتی بوون لە عەمەرێ لەعلێ، تیڕێژ، جگەرخوێن و مەلای جزیری.

لەو بارەیەوە چوار نووسەر و لێکۆڵەری کورد بەناوەکانی (دکتۆر شەوکەت سندی، محەمەد حەمۆ، خالید جەمیل محەمەد و بەسام مستەفا) هەرکامەیان بەجیا لە ڕوانگەی جیاوازەوە تیشکیان خستە سەر بیرۆکە و هزری نەتەوەیی و نیشتمانی لە شێعری ئەو چوار شاعیرە و کۆمەڵێک سەرنج و بۆچوونی بەپێزیان لەسەر دنیابینی ئەو شاعیرە نەتەوەییانە خستەڕوو.

لە نێوئاخنی کۆڕەکەدا هونەرمەندی لاو ڕیاد عوسمان بە دەنگ و تاکژەنی خۆی بەرهەمێکی پێشکەش کرد کە چەند شێعرێکی ئەو چوار شاعیرە کوردەی کردبووە گۆرانی.

لەو کۆڕەدا هەیئەتی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر، ئەدیب و سیاسەتڤان و کەسایەتیی کوردستانی ڕۆژئاوا دیدار و چاوپێکەوتنیان پێکهێنا و ئاڵۆگۆڕی بیروڕایان کرد.