کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی لە تەرمی شەهید سلێمان چروکایە بەشداری کرد

16:29 - 17 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی لە تەرمی شەهید سلێمان چروکایە بەشداریی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، تەرمی شەهید د. سلێمان چروكایە لە وڵاتی ئاڵمانەوە گەیەندرایەوە فروكەخانەی هەولێر لە کوردستان. لە دوای ڕێوڕەسمی ڕێژە کە بە بەشداریی زۆرێک لە ئەفسەرە پلە بەرزە نیزامییەکان، هێزی پێشمەرگە، نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نوێنەری سەرۆک كۆماری فەڕانسە، نوێنەری هێزە هاوپەیمانەكان، جێگری پارلمانی كوردستان و بەشێك لە پارلمانتاران، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پارتی دێموكراتی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسیەكانی چوارپارچەی كوردستان و بنەماڵەی د. سلێمان بەڕێوەچوو، تاجەگوڵی وەفا و ئەمەگناسیان لە سەر تەرمی شەهید سلێمان دانا و وتاری سەرۆك كۆماری فەڕانسە و هێزی هاوپەیمانان بەو بۆنەیەوە خوێندرانەوە و شەهید سلێمانیان وەك هێمای مرۆڤێكی خۆبەخش لە پێناو ژیانی مرۆڤایەتیدا پێناسە كرد و هەست و سۆزی وەفاداری و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەربری.

دواتر تەرمی شەهید سلێمان لە ناو ئاپۆرای بەشداربوان و خەڵكێكی زۆر كە لە باكووری كوردستان و ئوروپاوە هاتبوون، بۆ زێدی خۆی لە باكووری كوردستان گوازرایەوە، تاكوو لەوێ‌ لە تەنیشت دوو برای شەهیدی دیکەی، بە خاكی نیشتمان بسپردرێت.

لەو ڕێوڕەسمەدا، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەدسالح قادری بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، بەشداریی ئەم مەڕاسمەیان کردبوو و هاوخەمیی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتیان بە بنەماڵەی شەهید سلێمان و هاوڕێیانی گەیاند.