کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنان لە خوێندن لە نێو قوتابییانی گوندەکانی کوردستان، رووی لە زیادبوون کردووە

18:06 - 30 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: وازهێنان لە خوێندن لە ناو قوتابییانی گوندەکانی شارستانی بانە و بەتایبەت قوتابییانی کچ، رووی لە زیادبوون کردووە و لە حاڵی پەرەسەندن دایە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دیاردەی وازهێنان لە خوێندن بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئامووزشیی خوێندن لە کوردستان بە تایبەت گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکان رووی لە زیادبوون کردووە.

شاری بانە و گوندەکانی ئەو شارستانە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ شەپۆلێکی بەرینی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن، بەتایبەت کچان بەرەوڕوو بووەتەوە.

نەبوونی قوتابخانەی تایبەت بە کچان لە گوندەکان و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ خوێندن لە قوتابخانەکان، هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی قووتابییان لە خوێندن راگەیەنراوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە شارستانی ئابدانان سەربە پارێزگای ئیلام، لەگەڵ کێشەی نەبوونی قوتابخانە بەرەوڕوویە.

ماڵپەری کوردستان میدیا هەتا ئێستا چەندین راپۆرتی لەسەر وازهێنانی قوتابییان لە گوندەکانی پیرانشار و مەریوان بڵاو کردووەتەوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، بەردەوام بۆ لاوازکردن و تواندنەوەی نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد هەوڵی داوە و بۆ درێژەدان بەو سیاسەتە لە هەموو شێوازێک کەڵک وەردەگرێت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە دابین نەکردنی ئیمکاناتی ئامووزشی بۆ قوتابخانەی گوندەکان، وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ، کەمیی فەزای ئامووزشی و کێشەگەلێکی دیکە، سیاسەتی نەخوێندەوارکردنی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا پێڕەو کردووە.

لەو پێوەندییەدا، ساڵانە ٢٢ هەزار منداڵ لە ئێران لە کاتی دیاریکراودا ناڕۆنە قوتابخانەکان و ٨٠ هەزار قوتابیی قۆناغی پێش خوێندن واز لە خوێندن دێنن.