کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتار(پەیام)ـێک بۆ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

13:52 - 1 خەرمانان 2720

نووسین: تیجس برۆیککامپ

وەرگێڕان: د. پەیمان بابایی

بە ڕابردوویەکی ٧٥ ساڵە و وەک دێرینترین حیزبی دژبەر لە ئێراندا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕەگ و ڕیشەیەکی پتەوی لە کوردستانی ئێراندا داکوتاوە و پشتیوانییەکی بەرینی جەماوەریی هەیە. دوای دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردی لە مەهاباد، پشتیوانیی خەڵکی کردووە و لە ڕاپەڕینەکاندا بەربەرەکانێی دیکتاتۆریی هۆڤانەی شای کردووە و تا هەنووکە خەباتی دژی ڕێژیمی ئێستا درێژە پێ داوە. خەبات و بەربەرەکانێی بەردەوامیان بۆ ئازادی و یەکسانی لە لایەن خەڵکی کوردەوە بە بایەخەوە وەردەگیرێ و سیمبۆلی هیوایە. هیوای ئێرانێکی دێموکراتیک کە هەموو هاونیشتمانیانی یەکسان و ئازاد بن و چیدیکە شارۆمەندان ترسیان لە کەمینەبوون نەبێ. سەرەڕای بەربەست و دوژمنایەتیی ڕێژیمی ئێران و تەنانەت شەهیدکرانی ڕێبەرە ناودارەکانیان، بزووتنەوەکە هەر وچانی نەداوە، پاش چەندین ساڵ لە خەبات، چەخماخەی بەرخۆدان و هەرمان هەروا بە گەشاوەیی ماوەتەوە و قەد ناکوژێتەوە.

گڕێک کە لە ناخی کوردی کوردستانی ئێراندایە بە هۆی بارودۆخی دژواری ژیانیان لە ناوچەیەکدایە کە بە ئەنقەست پشتگوێ خراوە. جێی سەرسووڕمان نییە کە پێکدادان و بێ هیوایی زیاد بکات. تۆ بەرەوڕووی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی-ئابووری بیتەوە، ڕێگری لە چوونە زانستگەت بکەن، هەلی کار، خانوو و مافی خاوەندارێتیی زەوی و زار و مۆڵەتی بازرگانی، بە چەقبەستوویی بهێڵنەوە، بێ هومێدت کەن لە خۆپێگەیاندن کاتێک کە بە بەردەوامی بەربەستت بۆ دروست دەکرێ لە لایەن ڕێژیمی دەسەڵاتدارەوە. لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین، چەسپاندنی ناسنامەی کولتووری و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و سزای توند و نەگونجاو و ڕێژەی لە سێدارەدانەکان ژیانی کوردانی لە ئێراندا کردووە بە دۆزەخ و هیوابڕاوی کردوون.

بەرەوپێشچوون لەو جورە بارودۆخانەدا زۆر ئەستەمە، ئەوان بێبەری کراون لە ترووسکەی هیوایەک بۆ داهاتوو. دەبێ هەموو منداڵ و لاوێک بتوانێ خەونی گەورەی پیشەیی هەبێ بۆ داهاتوویەکی باشتر و لە خەونەکان، خولیاکان و سەلماندنی ناسنامەی خۆیدا هەست بە کەموکۆڕی و ئاستەنگ نەکات. بەکەمزانینی ئەو خەونانە یاخود بەربەست دروستکردن لە سەر ڕێگای گەیشتن بە ئازادی کە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە، بارگرانی زیاد دەکات. کەوابوو جێی گومان نییە کە جیلی لاو ناڕەزایەتی لە ناخیاندایە، هەست بە کەوتنەداوی هەڵاواردن و بەرەوڕووبوونەوەی بەربەستەکان دەکەن. بەڵگەش زۆریی ژمارەی لاوانە کە لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان و پەیوەستبوونیان بە حیزبە دژبەرەکاندان. ئەوان لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادیان بە دەستی ڕێژیم لە ژووئەنی ١٩٨٣ لە بیر نەچووەتەوە. یان کاتێک خوێندکارێکی هەڵکەوتووی چالاکڤانی کورد لە ساڵی ٢٠٠٥دا خۆپیشاندانی جەماوەریی خوێندکارانی وەڕێ خست دەستبەسەر کرا، پێشی پێ گیرا و پاشان هێزە ئەمنییەکان وەدوای کەوتن و چەندین جار دایانە بەر دەستڕێژی گوللـە، بە سەیارەیەکەوە بەسترا و تا دواهەناسەی بە کۆڵانەکاندا ڕاکێشرا.

خوێندکارانی کورد نموونەیەکن لەو توێژانە کە بە توندی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەربەستیان بۆ دروست دەکرێ، لە مافی ئازادیی کۆمەڵایەتی، ئەنجومەن و ئاخاوتن بێبەری دەکرێن. ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و بڵاوکراوە خوێندکارییەکان قەدەغە دەکرێن و پێش بە دامەزراندنی یەکیەتییەکان دەگیرێت، خوێندکاران لە چالاکییە سیاسییە ئاشتیخوازانە سزا دەدرێن، دەگوێزرێنەوە بۆ قوتابخانەی دیکە و تەنانەت لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش دەکرێن. ئەمەش لە ژێر ناوی "شێواندنی بیروڕای گشتی" دەکرێ یان وەک نەریتی هەمیشەیی تۆمەتبار دەکرێن بە "پێوەندی لەگەڵ حیزبە دژبەرەکاندا". ڕێژیم کەڵک لەم تۆمەت بەخشینەوانە وەردەگرێ بۆ ڕەواییدان بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین کە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و لە یاساکانی جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤدا هاتووە کە لە ڕاستیدا ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پەسەندی کردووە. ئەی چۆن دەتوانی دەنگ هەڵبڕی و وێڕای قەدەغەی بەربڵاویی ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان، ڕادیۆ، تی ڤی و کتێبەکان و نووسەرەکان لە ناوچە کوردستانییەکاندا، بیروبۆچوونی خۆت دەرببڕی؟ ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕێگە نادرێ بە زمانی خۆت بدوێی، ئێران بە بەردەوامی بەپێچەوانەی دەستوورەکەی هەنگاو هەڵدەگرێ، بگرە پێشێلیشی دەکا کە تێیدا هاتووە گرووپە کەمایەتییەکان مافی هەبوونی بڵاوکراوە و هاوکات خوێندن و پەروەردە بە زمانی لۆکاڵیی یان زمانی نەتەوەیی  و (فارسیش) یان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە جێبەجێ ناکرێ، وەک چۆن جارێکی تر بە ئاشکرا دەرکەوت کاتێک کە زارا محەممەدی کە تەنیا زمانی زگماکیی فێری منداڵانی کورد دەکرد، سزای ١٠ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە.

دەبێ چ کاریگەرییەکی دەروونیی هەبێ کە لە ئاخاوتن و فێرکردنی زمانی زگماکی بێبەش دەکرێن؟ کاتێک گوشارتان دەخرێتە سەر لە قوتابخانە نوێژ و عیبادەت بۆ ئایەتوڵڵاکان بکەن کە دەتانچەوسێننەوە؟ کە دەستبەسەر دەکرێن کاتێ هۆنراوە و میوزیکی کوردی لە سەر مۆبایلەکانتان هەبێ؟ کە بە تێرۆریست ناودێر دەکرێن بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە شوێنە گشتی و جەماوەرییەکاندا؟ بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ کێشە بژین، دەبێ حاشا لە تەواوی ناسنامەتان بکەن. خەون، هیوا و ئامانجەکانتان بخەنە لاوە، سەر کز بکەن، تەنیا بوونتان هەبێ. هێندێک لە کوردەکان، دوای ساڵانێک دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ نادادپەروەری و هەڵاواردن، بە خاڵێک گەیشتوون کە بێ هیوایی تەحەممول ناکرێ و دەبێ هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبێننەوە. پەیوەستبوونیان بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەرفەتی خۆپێگەیاندنیان بۆ دەڕەخسێنی، پەروەردە دەکرێن، و خوازیاری ناسنامەی نەتەوەیی دەبن. ئەمە هێز، توانا و واتا بە ئامانجەکانتان دەبەخشێ تاکوو جارێکی تر بە کەرامەتەوە بژین. ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە لە ئێراندا لە ئێوە ئەستێندراونەتەوە، لە وڵاتێکدا کە فاکتەری دین، کەمینەبوون و ڕەگەز کە ئێوە لە کۆمەڵگا تەریک و دوور دەخاتەوە. ئەمانەتان پێ دەدرێن و کاتێک کە نەتوانن کۆنترۆڵیان بکەن، سزا دەدرێن. نموونەی ژنانی کوردی سوننە وەرگرە، کە بەم سێ فاکتەرە دەخرێنە دەرەوەی بازنە لە کۆمەڵگای ئێراندا کە تێیدا فارسەکان، شیعەکان و نێرینەکان هەموو دەسەڵات و توانایەکیان هەیە. ئەمانە تەنها ئەو تایبەتمەندییانەن کە مێیینەیەک بڕیاری لە سەر دەدرێ (قەزاوەتی لە سەر دەکرێ)، بە بێ گوێدان بە بیرۆکەکانی، ژیری و تواناکانی یەکسەر بەم سێ هۆکارە پڕوپووچانە تۆمەتبارە بە ناپەسەندی و کەمی. لە ئێراندا، ژنان زیاتر ئازاری هەڵاواردن، لەسێدارەدان، و بێ مافی دەچێژن. دەبێ پشت بە پیاوان ببەستن و ڕێیان پێ نادرێ کە بەشداریی هیچ شتێک بکەن و دەنگیان بیستراو بێت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران واتابەخشی بەهێزکردنی ژنانە و هۆکاری دوورخستنەوە و نەهێشتنی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و کولتووری دژی ژنانە. لەو حیزبەدا، ژنێک دەنگی هەموو ئەو ژنانەیە کە لە ماڵەوەن، دەتوانرێ دەنگی ببیسترێ، بیروباوەڕی دەرببڕێ و لە کۆمەڵگایەدا بەشدار بێ کە هەموو ئەمانە لە نیشتمانی خۆیدا مەحاڵن و مومکین نین. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نوێنەرایەتیی کوردان دەکات و پەیوەست دەبن بە ڕیزەکانییەوە، لێرەیە کە دەستیان بە هەموو ئەو شتانە دەگا کە هەرگیز لە وڵاتی خۆیان پێیان ناگات.

ئەم حیزبە هێز و ورە بەو کوردانەی کوردستانی ئێران دەبەخشێ کە لە پێناو مافەکانیاندا خەبات بکەن. بینینی پێشمەرگە لاوەکان لە گوند و شاخەکانیان کە ژیانیانی لە پێناو ئەواندا داناوە، پاڵپشتی بەتینی حیزب و هیوایە بۆ داهاتوویەکی باشتر. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەروەها هەست دەکا و دان بە زەروورەتی هاوکاری لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێراندا دەنێت و داوای پتەوکردنی پێوەندی و هاوکارییە هەمەلایەنەکانی لەو وڵاتەدا دەکات. هەرکاتێک حیزبەکە بە ئامانجەکانی کە پیادەکردنی سۆسیالیزمی دێموکراتیکە بگا، هەر حەوت نەتەوەکە لە ئێراندا سەربەخۆییان دەبێ و ڕۆڵ دەگێڕن. لە وڵاتێکی فرە ئیتنیک و فرەئایین وەک ئێراندا، ئەمە تەنیا ڕێگەیە بۆ دڵنیایی، ئازادیی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا و هەلی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی. حکوومەتی ئێران ئاگای لەو پشتیوانییە گەورەیە و پۆتانسیێلی ئەم حیزبەیە، هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر حیزب ئەمەی دەری خستووە، لە ماوەی ڕابردوودا هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە و جارێکی دیکە بە بۆردومانکردنی ناوچەکە سەروەریی کوردستانی پێشێل کردووە. ڕێژیم ئەوەندە تەنگەتاو نەدەبوو و پەنای بۆ ئەو هێرشانە نەدەبرد ئەگەر پشتیوانیی جەماوەر و گەلەکەی بۆ گرینگ نەبوایە، ئەگەر حیزبەکە هەڕەشەیەکی جیددی نەبوایە بۆ سەر ڕێژیم. لە حاڵەتێکدا کە ڕێژیم دەکرێ لە ڕووی نیزامییەوە لە وڵات وەدەریان بنێت، حیزبەکە لە ڕووی مۆراڵییەوە لەوان لە سەرەوەترە، جا بۆیە، بۆیان دەرکەوتووە کە خەباتی ڕاستەقینە بە مێشک دەکرێت. جیاوازییە گەورەکە لێرەدایە کە کەسانێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵک دەجەنگێن و پارێزگاری لە هێز و مانەوەیان دەکەن، هیچکات براوە نابن. هەرگیز پشتیوانیی خەڵکیان نابێ کە بۆ سەرکەوتنی ڕاستەقینە پێویستن.

سیستمێک کە پایەکانی لە سەر بنەمای زوڵم دانرابن لەرزۆکە و دواجار دەڕووخێت. دەکرێ درەنگ ڕوو بدا، بەڵام خەڵکی کورد پشوودرێژ، خۆڕاگر و لە سەرووی هەموویەوە گەشبینن. ڕۆژێک ئەوان لەگەڵ هەموو کەمایەتییەکانی ئێران، کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک دێننە کایەوە، لە ناخەوە هیواخوازم کە دۆستی کوردان تەنیا شاخەکان نەبن، بەڵکوو هەرکەسێ بێ کە خوازیاری دونیایەکی یەکسان و دادپەروەرە. دەنگی بەرحەقی ئەم خەباتە ببیستێ و پشتیوانیی بکا، ٧٥ساڵە کڵپە و مەشخەڵی ئاگری ماندوونەناسی دەگەشێتەوە و دڵنیام کە بەردەوامیی دەبێت.