کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی تایبەت لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی

17:15 - 1 رەشەمه 2718

لە ٧ی نۆوامبری ١٩٩٩ی زایینیدا ڕێکخراوی یونێسکۆ بەمەبەستی پارێزگاری کردن و یارمەتیدان بە مانەوەی جۆراوجۆرییە زمانی و فەرهەنگییەکان، ڕۆژی ٢١ی فێبریەی، کە بەرامبەرە لەگەڵ ٢ و ٣ی ڕەشەمە، وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ناساند.

دۆخی زمانی کوردی لە ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ گرینگی پرسی زمان لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا چییە؟ کۆسپەکانی بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردی لە چیدان؟ ئەمانە و چەند پرسیارێکی دیکەمان ئاراستەی بەشێک لە پێشمەرگەکانی کوردستان کردووە کە لێرەدا دەخرێتە بەر چاو و دیدی ئێوەی خۆشەویست:

پێشەوا ساڵحی

١-زمان لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا چ ڕۆڵێکی هەیە؟

زۆر پێوەر هەن کە نەتەوەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە کە گرینگترینیان زمانە، ئاوا بڵێم کە زمان ناسنامە و شاڕەگی نەتەوەیە، بەواتایەکی تر دەتوانم بڵێم کە ماسی چۆن بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە ئاوە، کە ئاوی لێبڕا دەمرێت، نەتەوەیەکیش کە زمانەکەی دەتوێتەوە خود بە خود لەناودەچێت.

زۆربەی حکومەتە داگیرکەرە ناسیونالیستە بەرچاوتەنگەکان بۆ ئەوەی نەتەوەی خۆیان بەهێز بکەن و نەتەوەسازی بکەن یەکەمین کارێك کە دەیکەن تواندنەوەی زمانی نەتەوەکانە بۆیە زمان، ڕۆڵێکی ئەساسی هەیە لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا؛ بۆ نموونە دەتوانین  ئاماژە بە عەرەبەکان بکەین کە لە سەردەمی ئیسلامەوە بە داگیرکردنی هەر ناوچەیەک و وڵاتێک بە تواندنەوەی زمانیان و جێگیرکردنی زمانی عەرەبی بوونەتە هۆی لەناوچوونی دەیان نەتەوە؛ بۆیە بەڕای من یەکێک لە گرینگترین پێوەرەکان بۆ دروستکردنی نەتەوە و نەتەوەسازی زمانە، کە گرینگییەکی تایبەتی هەیە.

٢-سەرەڕای ئەوەیکە لە قوتابخانە و خوێندنگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی دایکی ڕێپێدراو نییە بەڵام زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر بەباشی گەشەی کردووە، ئەم گەشەکردن و پەرەسەندنە لە چیدا دەبینن؟

ڕاستە ئێستا خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی وەکوو مافێکی سروشتی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەوت کراوە بەڵام زمانی کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندن و گەشەکردندایە.

درووستە کۆماری ئیسلامی تەواو هێزی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی کۆسپ بخاتە سەر ڕێگەی زمانی کوردی و پەرە نەستێنێ و تەنانەت هەوڵیشی داوە کە لە ناوی ببات بەڵام بەهۆی هەوڵ و تێکۆشانی خەمخۆرانی زمان و چالاکانی مەدەنی شوێن لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە کە فێرگەی زمانی کوردی تێدا نەبێت وتەنانەت زۆربەری هەرەزۆری مامۆستایانی زمان و چالاکانی مەدەنی بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و خۆبەخشانە خەریکی فێرکاری زمانی کوردین و فێرکاری زمانی کوردی بە ئەرکێکی نیشتمانی دەزانن؛ تەنانەت وای لێهاتووە کە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گروپ و کاناڵی تایبەتیان سازکردووە بۆ ئەو کەسانە کە پێیان خۆشە فێری زمانی کوردی بن بەڵام بەهۆی کێشەی نەبوونی کات ناتوانن بەشداربن؛ بۆیە بەڕای من هۆکاری گەشەکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستی نیشتمانپەروەری مامۆستایان و دڵسۆزانی زمان و چالاکانی مەدەنی و خودی خەڵکی کوردستانە.

ئەمیر عەبدوڵڵازادە

۱ــ پێناسەی زمان چییە، یان زمان چە پێناسەیەکی هەیە؟

زمان  ئامرازێکە کە مرۆڤەکان بۆ پێوەندی گرتن لە نێوان خۆیان و دنیای دەوروبەریان بەکاری دەهێنن کە ئەم ئامرازە دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتنی  مرۆڤەکان، بە درێژایی مێژوو مرۆڤەکان وەک ئامرازی پەیوەندی نێوان خۆیان بەکاریان هێناوە و دەکرێ وەک خاڵی جیاکەرەوەی نەتەوەکان لە ڕەوتی مێژوو سەیری بکەین کە تا دەگا بە ئێستا ئامرازی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بووە. زمان ڕابردوو و ئێستا پێکەوە گرێ دەدات.

٢ــ زمانی کوردی خاوەنی دوو ڕێنووسی ئارامی و لاتینییە، بە ڕای بەڕێزتان دوو ڕێنووس لە زمانێکدا نابێتە هۆکاری گەشەنەکردن یان کەمتر گەشەکردنی ئەو زمانە؟

دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ساسانییەکان و هاتنی عەرەب بۆ ناوچە کوردستانییەکان و تێكەڵبوونی ئایینی ئیسلام بۆ نێو کۆمەڵگای کوردەواری، ڕێنووسی ئارامی هاتە نێو زمانی کوردی؛ لەو سەردەمەوە کوردی بە ڕێنووسی ئارامی دەنووسرێت و لە باکووری کوردستان بەدرخانییەکان هاتن ڕێنووسی لاتینیان هێنایە نێو زمانی کوردی، بەو هۆیەوە کە شێوەزاری دانیشتووانی باکووری کوردستان کرمانجی بووە، کرمانجی بە لاتینی دەنووسرا و کوردی نێوەڕاست بە ڕێنووسی ئارامی. ئەمە دەسپێکی جیاوازی و هەبوونی دوو ڕێنووس لە نێو زمانی کوردییە؛ ئەمەش بێگومان ڕێگرە لەبەردەم گەشەکردندا و نەبوونی ڕێنووسێکی ستاندارد. هەبوونی یەک ڕێنووس لە ناو کوردیدا کێشەکانی پێشوو دەسڕێتەوە و دەبێتە قۆناغێک بۆ سڕینەوەی کێشەکانی تر و ئاڵۆزییەکان کەم دەکاتەوە، دوو ڕێنووس دابەشبوونی شێوازی نووسین لە کوردیدا بۆ خوێنەر و نووسەر قورستر دەکات.

ئەوین حەکیمپوور

١-هۆکاری ئەوەیکە دەڵێن زمان شاڕەگی نەتەوەیە، چییە؟

لە نەبوونی هۆکارەکانی نژادی، نەتەوەیی، فەرهەنگی و هونەری، زمان دەتوانێ بەستەرێكی بەهێزی تعارۆزی و جیاوازی پێك بێنێ وەک ئورووپای شەرقی؛ هەروەها زمان بەرچاوترین یان زەقترین نیشانەی جیاوازی فەرهەنگی نەتەوەیە. لە نێو نەتەوە جیاوازەکاندا درێژەدان و مانەوەی زمان نیشانەی سەربەخۆیی و مانەوەی ئیتنیکی و نەتەوەیی ئەوانە؛ لە فەرهەنگێکی وەک فەرهەنگی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، زمان خوڵقێنەری بیر و هزرە و سەرەکیترین کەرەستەیە بۆ دەربڕینی هەستەکان کە لە چوارچێوەی  جوگرافیایەکی هاوبەشدا دەژین؛ بەهێزترین کەرەستەی پەیوەندی نێوانیانە و گەورەترین هۆکاری هەستی گرێدانی مێژوویەکی هاوبەشی خۆشەویستی چەندلایەنە لە نێوان مرۆڤ و سروشتدایە. کەواتە دەتوانین بێ‌دوودڵی بڵێین زمان شاڕەگی نەتەوەیە و گەل لە سڕینەوە دەپارێزێ و تەنانەت دەتوانێ پرسی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بۆ کورد بێنێتە دی.

٢-سەرەڕای ئەوەیکە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانی دایکی ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر بە باشی گەشەی کردووە، ئەم گەشە کردن و پەرەسەندنە لە چیدا دەبینن؟

لە قۆناغی یەکەمدا و پاش ماوەیەکی کورت لە شەڕی دووهەمی جیهانی، کۆمەڵەی "ژ-ک" و دوای ئەویش لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لە مەهاباد بازنەی ڕووناکبیرانی کۆمار توانیان تا ڕادەیەک گرینگی پرسی زمانی دایکی بەرجەستە بکەنەوە بەڵام لە دوای تێکڕووخانی کۆمار، هیچ کات زمانی دایکی دەرەتانی ئەوەی نەبوو کە گەشە بکات و لە ڕاستیدا بە شێوەی فەرمی مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی بوونی نەبووە؛ هەموو نووسەرانی ئەو بەشەی کوردستان بە شێوەی خۆڕسک هاتوونەتە ئەو بوارەوە و بەرهەمیان خوڵقاندووە، پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیش چاپ و بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و نامیلکە و کتێب بە زمانی کوردی و هەوڵدان بۆ گەشەسەندنی بە بڤە دانراوە و کەمتر بینراوە کە نووسەران و ئەدیبان بتوانن بە ئازادی کار بە زمانەکەیان بکەن کە تا ئەمڕۆش ئەم ڕەوتە بەردەوامە.

دەسپێکی خەباتی چەکداری دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران هاوکات بوو لەگەڵ بارهێنان و پەروەردە و پەرەپێدان بە زمانی کوردی لەلایەن ئۆرگانە تایبەتییەکانی حیزبە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە درک کردن بە گرینگی پرسی زمان بە تایبەت لە گوندەکاندا هەوڵی بارهێنانی خەڵکیان دەدا و ڕۆشنگەرییان لەسەر بابەتە دەکردەوە. دواتر خەمخۆرانی بواری ئەدەبی کوردی لە دەیەی 70ی هەتاوی بەملاوە بە وەڕێخستن و دامەزراندنی NGO و ئەنجومەنە فەرهەنگی و کلتوورییەکان،بەرەبەرە ڕەوتی تواندەوەی زمانی کوردی کە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ناوەندی بووە و هەیە، ڕووی لە کزی کرد.

لەم نێوانەدا نابێ نەخشی بەرچاوی ئەدەبی زارەکی لە بیر بکەین کە لە نێو خەڵکدا و بەتایبەت لە گوندەکانی کوردستان بەرەوڕووی هێرشی کلتووری زمانی ناوەندنشینان بوویەوە و بوو بە بەربەستێکی بەهێز لە ڕووبەڕووبوونەوەی زمانی باڵادەست کە بە ئەنقەست بەسەر نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورددا سەپێندرابوو.

کامیل شەریف بەسایی

١-لە کاتێکدا هەر نەتەوەیەک خاوەنی چەند فاکتەری سەرەکییە بەڵام زمانناسەکان پێیان وایە کە زمان شاڕەگی نەتەوەیە، بۆچی زمان شاڕەگی نەتەوەیە؟

ئەگەر جوان سەیری ئەو فاکتەرانە بکەین دەبینین ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێوەیەک پێوەندیان بە زمانی ئەو نەتەوەوە هەیە؛ ئاسەوارە مێژووییەکان لێرەدا گرینگی تایبەتیان هەیە، یەکێک لەو بەڵگە سەرەکییانە کە دەتوانێت بیسلمێنێت ئەو ئاسەوارە هی چ نەتەوەیەکە لەڕاستیدا زمانی بەکارهاتوو لە ئاسەوارەکەیە کە دەتوانێت ئێمە ڕێنوێنی بکات کە ئەو ئاسەوارە ئەگەڕێتەوە بۆ مێژووی چ نەتەوەیەک؛ یان ئەگەر چاو لە فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەیەک بکەین ناتوانین زمانی ئاخاوتنیان لەبەرچاو نەگرین بۆ ناسینی فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە، چونکە زمان یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکیانەی کە فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەیەکی پێ دەناسرێتەوە، کەواتە زمان شادەماری هەرمانی نەتەوەیەکە کە بە نەمانی، ئەو نەتەوەیە دەگۆڕێت.

٢-چەندین زمانی خاوەن مێژوو وەکوو سۆمێری، فریگی، سانسکرێتی و... بە هۆکاری ئاسمیلە بوون و هۆکارەکانی تر سڕدراونەتەوە، زمانی کوردی وێڕای ئاسمیلە و هەوڵدانە سەرسوڕهێنەکانی داگیرکەران، هۆکاری چییە لە سڕینەوەیدا سەرکەوتوو نەبوون؟

خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە کە بێگانە ڕێگە نەدەن بێتە نێو خاکیانەوە؛ ئەو بەرگری کردنە لەلایەن میرنشینان و خاوەن دەسەڵاتەکان بۆتە هۆی ئەوەیکە زمانەکانی دیکەی وەکوو فارسی وتورکی و عەرەبی تێكەڵی زمانی کورد بە تەواوی نەبێت و زمانەکە تاڕادەیەکی بەرچاو پارێزراوە بە نیسبەت زمانە مێژووییەکانی دیکەی وەکوو سۆمەری و فریکی و هتد.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە شاعیران و نووسەرانی کورد لە دوو سەدەی ڕابردوودا بە شێعر و نووسراوەکانیان توانیویانە لە بواری ئەدەبیاتی کوردییەوە ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕن؛ خاڵێکی تر دەتوانێ ئەوە بێت کە بەڕاستی لە کوردستان خوێندن بەشێوەیەکی ئەوتۆ نەبووە دەنا ئەگەر داگیرکەران بیانتوانیبا زمانی خۆیان لە کوردستان تەدریس بکەن وردە وردە زمانی بێگانە لە قوتابخانەکانەوە دەهاتە ماڵەوە و لە ماڵەوە بۆ گەڕەک و کۆڵانەکان و لادێکان و بەرەبەرە لە باوکەوە بۆ کوڕ و لە دایکەوە بۆ منداڵان دەگوازرایەوە و زمانی کوردی ئێستا ئەو زمانە نەدەبوو کە هەنووکە قسەی پێدەکەین.