شەوی شەممە، پیاوێکی چەکدار بە دەمانچە و چەقۆوە هێرشی کردە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی شامی ئەنجومەنی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنگتۆن؛ ڕێوڕەسمێک کە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕێوە دەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی "ئاسۆشێتد پرێس"، کەسی هێرشبەر کە دەوترێت یەکێک لە میوانانی ئەو هۆتێلە بووە کە ڕێوڕەسمەکە تێیدا بەڕێوە چووە، لەگەڵ هێزەکانی دەزگای پاراستنی سەرۆکایەتی ئەمریکا تێهەڵچووە و هەوڵی داوە بەرەو هۆڵی سەماکە هێرش ببات. لە دوای ئەم ڕووداوە، ئامادەبووان بە بیستنی دەنگی تەقە پەنایان بۆ ژێر مێزەکان برد و هێزە ئەمنییەتییەکان شوێنەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
پۆلیس ڕایگەیاندووە هێرشبەرەکە بە تەنیا کارەکەی ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا پاڵنەرەکەی دیار نییە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. ناوبراو دەستبەسەر کراوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە دادگا ئامادە بێت.
ترامپ لەم ڕووداوەدا هیچ زیانێکی پێ نەگەیشت و بە خێرایی لە شوێنەکە دوورخرایەوە. ئەو چەند کاتژمێرێک دواتر لە کۆشکی سپی لە کۆڕی پەیامنێراندا وتی ئەم جۆرە ڕووداوانە بەشێکن لە ڕاستی کەشی سیاسی و جەختی کردەوە کە دەوڵەت ڕێگە نادات ئەمنییەتی وڵات بکەوێتە مەترسییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەقەکردنەکە لە نزیک هۆڵی سەماکە ڕووی داوە و بووەتە هۆی ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکە.
بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕایانگەیاندووە کە یەکێک لە ئەندامانی دەزگای پاراستنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کاتی تێهەڵچوونەکەدا بریندار بووە، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە چۆنییەتی ڕووداوەکە و دزەکردنی کەسە چەکدارەکە بەردەوامە.