کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە «یەکپارچەیی خاک»ەوە بۆ «یەکێتیی ئارەزوومەندانە»

18:59 - 2 بانەمەڕ 2726

‌‌‎ مێهدی مێهرپەروەر

‌‌‎لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، چەمکی «دەوڵەت-نەتەوە» لە وڵاتە فرەنەتەوەکاندا، نەک وەک ئامرازێک بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر بۆ سڕینەوەی ناسنامە جیاوازەکان بەکار هێنراوە. ئێران وەک نموونەیەکی بەرچاوی ئەم مۆدێلە، لە سەدەی ڕابردوودا گۆڕەپانی ئاڵۆزییەکی قووڵ بووە لە نێوان «ناوەندگەرایانی پاوانخواز» و ئەو نەتەوانەی بۆ وەدەستهێنانی سەرەتاییترین مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیان تێدەکۆشن. لەم نێوەندەدا، نەتەوەی کورد وەک پێشەنگی بزووتنەوە دێموکراسیخوازەکان، هەمیشە کەوتووەتە بەر تۆمەتی «جوداخوازی»، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس و کۆتاییهێنان بە ستەمی ناوەندی کردووە.

‌‌‎گوتاری سیاسیی ناوەندگەراکان (چ ئەوانەی لەسەر کورسیی دەسەڵاتن و چ ئەوانەی وەک ئۆپۆزیسیۆن چالاکن)، لەسەر بنەمای «یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک خاک» داڕێژراوە. ئەم دروشمە ئەگەرچی ڕواڵەتێکی نیشتمانیی هەیە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا پڕۆژەیەکی مەترسیداری «ئاسیمیلاسیۆن» یان تواندنەوەی کولتووریی نەتەوە نافارسەکانە. کاتێک ناوەندگەراکان باس لە «یەکپارچەیی خاکی ئێران» دەکەن، مەبەستیان پاراستنی سنوورەکان لە دەستدرێژیی دەرەکی نییە، بەڵکوو دەیانەوێت ئەو باڵادەستییە سیاسی و فەرهەنگییە بپارێزن کە ڕێگە نادات هیچ زمان و کولتوورێکی دیکە لە دەرەوەی بازنەی «فارسبوون»دا هەناسە بدات.

‌‌‎ئەم لۆژیکە وای کردووە کە زمانەکانی کوردی، بەلووچی، تورکیی ئازەری و عەرەبی، وەک هەڕەشە بۆ سەر «ئاسایشی نەتەوەیی» لەقەڵەم بدرێن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، یەکپارچەیی خاک تەنیا لە ڕێگەی سڕینەوەی فرەیی بەدی دێت. ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە سەردەمی پەهلەوییەوە دەستی پێ کرد و لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا بە بەرگێکی ئایینییەوە هەروا بەردەوامە.

‌‌‎جوداخوازی ئەو چەکەیە کە ناوەندگەراکان بەردەوام دژی کورد بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی ڕەوایەتی لە داواکارییە دێموکراتیکەکانی کورد وەربگرنەوە. کاتێک کورد داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس، خوێندن بە زمانی دایک و هەروەها دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامانی وڵات دەکات، ناوەندگەراکان بە خێرایی پەنا دەبەنە بەر پاساوی «پارچەپارچەبوونی ئێران».

‌‌‎ئەوەی ئێران بەرەو لێکترازان دەبات، داواکاریی نەتەوەکان نییە، بەڵکوو ئەو عەقڵییەتە داخراوەیە کە ئامادە نییە دان بە بوونی «ئەوی دیکە»دا بنێت.

‌‌‎خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە پرسی نەتەوەکاندا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان دەسەڵاتی پاشایەتی، کۆماری ئیسلامی و بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دیاسپۆرادا نییە. هەموویان لەسەر یەک بنەما کۆکن: «ناوەندگەراییەکی ڕەها».

‌‌‎لە چەند دەیەی ڕابردوودا، هەر کاتێک کورد هەنگاوێکی بەرەو ڕزگاری ناوە، ئەم سێ بەرەیە (کە لە پرسەکانی دیکەدا نەیاری یەکترن) لە سەنگەرێکی هاوبەشدا دژی کورد یەکیان گرتووە. ئەم هاوڕاییە نیشان دەدات ئەوە عەقڵییەتێکی «خۆسەپێن»ە کە نەتەوەکانی دیکە وەک «کەمینە» و «پاشکۆ» دەبینێت، نەک وەک هاوبەشی یەکسان.

‌‌‎ئەگەر ناوەندگەراکان بەڕاستی نیگەرانی یەکپارچەیی خاکی ئێرانن، دەبێت تێبگەن کە یەکپارچەیی بە زەبری هێز و لوولەی تفەنگ، یەکپارچەییەکی لەرزۆکە و لە یەکەم وەرچەرخانی مێژووییدا هەڵدەوەشێتەوە. تەنیا ئەو یەکپارچەییەی لەسەر بنەمای «هاوپەیمانیی ئارەزوومەندانە» بونیاد بنرێت، دەتوانێت جێگیر و بەردەوام بێت.

‌‌‎هاوپەیمانیی ئارەزوومەندانە واتە: داننان بە فرەیی نەتەوەییدا و گۆڕینی ئێران بۆ وڵاتێکی فرەنەتەوە، نەک دەوڵەتێکی تاک نەتەوە. جێبەجێکردنی دێموکراسییەکی ڕاستەقینە کە تێیدا مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەکان پارێزراو بێت. دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان ناوەند و هەرێمەکاندا بە شێوەیەک کە هەر نەتەوەیەک خۆی کاروباری خۆی بەڕێوە ببات.

‌‌‎ئەم مۆدێلە نەک هەر نابێتە هۆی پارچەبوونی وڵات، بەڵکوو دەبێتە هۆی دروستبوونی یەکێتییەکی پتەو کە لەسەر بنەمای «بەرژەوەندیی هاوبەش» و «ڕێزی لایەنەکان» بونیاد نراوە. کاتێک کورد، بەلووچ، تورک و عەرەب هەست بکەن لەم نیشتمانەدا خاوەن مافن و وەک مرۆڤی پلە دوو سەیر ناکرێن، ئەو کاتە خۆیان دەبنە پارێزەری سەرەکیی ئەو یەکپارچەییە.

‌‌‎ئەگەر بڕیار بێت ئێرانی داهاتوو وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر بێت، دەبێت لە جیاتی «یەکپارچەیی زۆرەملێ»، باس لە «پەیمانی ئارەزوومەندانەی نەتەوەکان» بکرێت. کورد داوای «ژیانی شایستە» و «ناسنامەی پارێزراو»ی کردووە، ئەگەر ناوەند ئامادە نەبێت ئەم داوایانە دابین بکات، ئەوا بەرپرسیاریی هەر لێکترازانێک لە ئەستۆی ئەو عەقڵییەتە ناوەندگەراییەیە کە جیاوازییەکان بە هەڕەشە دەبینێت، نەک بە دەرفەت.