بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥، دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی "عامر ڕامش"ی بە تۆمەتی ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی "جەیشولعەدل" جێبەجێ کرد.
عامر ڕامش لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا، لە کاتێکدا تەمەنی تەنیا ١٨ ساڵ بوو، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان لە شاری چابەهار بە برینداری دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لەوانە "حاڵ وەش"، دەزگای دادوەریی ڕێژیم تەنیا پشتی بە دانپێدانانی زۆرەملیی ناوبراو بەستووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی دانپێداناندا، ئاسەواری ئەشکەنجە، برینداری و شینبوونەوە بە دەموچاوی عامر ڕامشەوە بە ڕوونی دیار بووە و ناوبراو بۆ ماوەی چەندین مانگ لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە حەوتووەکانی ڕابردوودا دەکەن. چاودێرانی سیاسی جەخت دەکەنەوە کە دەزگای دادوەریی ڕێژیم بە مەبەستی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، ڕەوتی پێڕاگەییشتن و جێبەجێکردنی سزای مەرگی بۆ دۆسیە ئەمنییەتییەکان خێراتر کردووە.