کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژەكانی سووریە: ئاكامی هەموو باسەكان، مان یا نەمانی ئەسەدە

15:16 - 23 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: نوێنەری باڵای نەیارانی بەشار ئەسەد، لە بەرەبەری خولی نوێی دانوستانی لایەنەكانی شەڕی نێوخۆیی سووریەدا، پێداگری لە سەر كشانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بە زیندوویی یان بە مردوویی دەكاتەوە.

هەواڵدەریی فەرانسە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمە لە سەر زاری موحەممەد عەلووش، نوێنەری ئۆپۆزیسیۆن لە دانوستانەكاندا ڕایگەیاند ئەوان لەو باوەڕەدان كە قۆناغی گواستنەوە دەبێ بە ڕووخان یان مردنی بەشار ئەسەد دەست پێ بكات.

لە لایەكی دیكەوە، كومیتەی باڵای وتوێژەكان، نوێنەری لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی بەشار ئەسەد، پێداگریی لە سەر هەڵوێستی خۆی لەمەڕ پێكهێنانی دامەزراوەیەكی بەڕێوەبەریی خاوەن دەسەڵاتی تەواو كردەوە كە بەشار ئەسەد هیچ جێگەیەكی تێیدا نەبێت.

ئەوە لە كاتێكدایە كە وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریە ڕۆژی شەممە ١٢ی مارس لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق، هەر جۆرە وتووێژێكی لە بارەی داهاتووی سیاسیی بەشار ئەسەد لە دانوستانەكانی ژنێڤدا ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند: لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات هێڵی سووری دیمەشقە و ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن دەیانهەوێ لەو پێوەندییەدا وتووێژ بكەن، باشتر وایە كە هەر نەیەن بۆ ژنێڤ.

خولێكی دیكەی دانوستانەكان لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سووریەدا بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە شاری ژنێڤی سووییس دەست پێ بكات.

ستێفان دیمێستۆرا، نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریە ڕایگەیاندووە بڕیار وایە لەم خولەدا تەوەری وتوێژەكان پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ و یاسایەكی بنەڕەتیی نوێ و هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری و پارلەمانی لە ماوەی ١٨ مانگی داهاتوودا بێت.