کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"كوژران لەپێناوی ژیان\" لەمانگی پووشپەڕدا ١٩ كۆڵبەری كورد بەتەقەی هێزە نیزامییەكان بوونەتە قوربانی

17:35 - 1 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی مانگی پووشپەڕدا هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ١٩ كۆڵبەری و كاسبكاری كوردییان لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوشتووە و بریندار كردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەكۆی گشتیی ئەو ١٩ كۆڵبەر و كاسبكارە، ٥ كەسیان كوژران و١٤ی دیكەشیان بریندار كراون. ئەو هاووڵاتیانە كوردانە تەنیا لەپێناوی بژێویوی ژیانیان سینگیان كردۆتە قەڵغان، بەڵام هێزەكانی رێژیم هەموو سینگێك دەپێكن.


لەمانگی پووشپەڕدا ناوچەی سەلاس لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستان زیاترین رێژەی كوژرانی هەبووە، و ٢ كەس لەكۆڵبەر و كاسبكارانی كوژراو خەڵكی سەلاس باوەجانین.

شارەكانی سەردەشت، جوانرۆ و ماكۆ كەمترین رێژەی كوژرانیان هەبووە و كەمترین رێژەی بریندارەكانیش خەڵكی شارەكانی مەریوان، نەغەدە، شنۆ و بانەن.

شاری سەردەشت زۆرترین رێژەی بریندار بووانی كۆڵبەر و كاسبكارانی لەچاو شارەكانی دیكەی كوردستاندا لەمانگی پووشپەڕدا هەیە، بەچەشنێك كە ٥ كەس لەقوربانییەكان خەڵكی ئەو شارەن.

تەمەنی ئەو كەسانەی كە لەپێناو بژێوی ژیانیاندا بوونەتە قوربانی بە شێوەی نێونجی لەنێوان ٢٠ هەتا ٣٠ ساڵدایە.
ئەو كۆڵبەرانە لەحاڵێكدا بوونەتە قوربانی كە خەڵكی زیاتر لەو وەرزانەدا بەمەبەستی خۆشی و سەیران روو لەدەرەوەی شارەكان دەكەن و بە شادییەوە كەڵك لە سەرسەوزی وڵات، ئاو، رووبار و كانیاوەكان وەردەگرن، بەڵام بنەماڵەی كۆڵبەران لەباتی چێژ وەرگرتن ، دەبێ ئەژنۆی خەم و ماتەمینی لەباوەش بگرن.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەماوەی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، ٣٩ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان كوژراو و بریندار كراون و لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٧ كۆڵبەری كورد كوژراون و ٢٢ی دیكەش بریندار بوونە.
بە ریز لەمانگی خاكەلێوەدا ٩ كەس، بانەمەڕ ١٤ كەس، جۆزەردان ١٦كەس و پووشپەڕ ١٩كەس كوژراو و بریندار بوونە و مانگی جۆزەردان بە ٧ كۆڵبەری كوژراو زۆرترین رێژەی كوژرانەكانی بەبەراورد لەگەڵ ئەو چوار مانگەی ساڵی ١٣٩٢دا هەیە.