کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبلاگ‌نووسێکی کورد لە ورمێ دەسبەسەر کرا

19:45 - 27 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: چالاکێکی رۆژنامەوانی و وێبلاگ‌نووسێکی کورد بەناوی \'\'عەزیز تیباش\'\' لە شاری ورمێ دەسبەسەر کرا و هەنووکەش لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا \'\'عەزیز تیباش\'\' تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی \'\'خالید\'\' لە دووکانەکەیدا خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی تیباش وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی رایگەیاند: هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی و گەشتی ئیرشادی رێژیمی ئێران چوونەتە دووکانی \'\'عەزیز تیباش\'\' و سەرەڕای داخرانی دووکانەکەیان، ناوبراویشیان دەسبەسەر کردووە.
هێزەکانی رێژیم دووکانی ئەو وێبلاگ‌نووسەیان بە تۆمەتی \'\'چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی بەڕێوەچوونی خولی فێربوونی زمانی کوردی\'\' پلۆمپ کردووە.
ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، راشیگەیاند: عەزیز تیباش، دووکانی کافی نێت و چاپی بڵاوکراوەی کاغەزیی هەبووە و هەموو کەسێک لە هەموو بوارێکدا بۆ چاپ کردنی راگەیەنراو و ئاگاداری، رووی لێ کردووە.
لەو پێوەندییەدا برایەکی \'\'عزیز تیباش\'\' بەناوی \'\'مەجید تیباش\'\' چالاکی خوێندکاری، بە تۆمەتی دابەزاندنی وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر شاشەی لاپتاپەکەی لە خوێندن بێبەش کرا و لاپ تاپەکەی لەلایەن حەراسەتی زانکۆکەوە زەوت کرا.
مەجید تیباش ساڵی رابردوو لە خوێندن بێبەش کرا، بەڵام ئەمساڵ لە کاتی ناونووسین لەلایەن بەرپرسانی زانینگەوە تۆمەتی سیاسی بوونی درایە پاڵ و وەرنەگیرا و هەنووکەش بنەماڵەکەی لەژێر گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دایە.
هێزە ئەمنیەتییەکان هەر چەند رۆژ جارێک بە بیانووی جۆراوجۆر دەچنە ماڵی ئەو دوو برایە و تێکڕای ژووەرەکانیان دەپشکنن.