کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێک بەبۆنەی یادی شەهیدانی میکۆنووس لە ئاڵمان بەڕێوەچوو

17:25 - 31 خەرمانان 2720

بەبۆنەی یادی ٢٨ساڵەی شەهیدانی میکۆنووس، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، وێبنارێک بۆ بەڕێزان "حەمید نەوزەری" چالاکی سیاسی و بەرپرسی کانوونی پەنابەرانی ئێرانی لە ئاڵمان و هەروەها ''حاجی جوندی'' تێکۆشەری دێرینی حیزب و بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی بێرلین بەڕێوە چوو.

لەسەرەتادا "حەمید نەوزەری''  لە دوو مژاردا هۆکاری تێرۆرکردنی شەهید دوکتور ''شەرەفکەندی'' و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو تێرۆرە لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قسەی کرد و وتی:" لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ساڵەکانی هاتنە سەرکاری، دەستی بە تێرۆری موخالیفانی خۆی وەک تێرۆری هاوڕێمان ''جەوادی'' لە ''لارناکا'' کردووە. بەڵام دوای شەڕی ئێران-عێراق بە شێوەی سیستماتیک تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت لە ئورووپا و دەرەوەی وڵات زیاتر پەرەی سەند.

نەوزەری وتی؛ باسەکە ئەوەیە کە ڕێژیم کۆتایی بە شەڕ هێناوە، لە ڕووی سیاسییەوە بە کردەوە شەڕەکەی دۆڕاندووە و ناچار بە خۆڕێکخستنەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکانە بە ماوەیەکی کەم دوای شەڕ بە هەزاران زیندانیی سیاسی ئێعدام کرد.

ناوبراو وتی، جگە لە قەیران و بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و خاوەنی ڕێبەرێکی ئایینی بێ ئەزموون و بێ توانای نوێ، لەو نێوەدا پرسی عێراق پرسی کوردستانیشی هاتووەتە سەر. واتە دەبێ بزانین کە تێرۆری میکۆنووس بە کردەوە لە ڕاستای درێژەپێدانی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو بووە.

حەمید نەوزەری وتی، ئێمە بە سەرنجدان بەو زانیاریانەی لە جەرەیانی کاری دادگا بەدەستمان هێناوە. هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی دەرەجە یەکی ڕێژێمی ئێران ئەوە بووه کە دوای شەڕی عێراق، ئازادی نیسبیی کوردستانی عێراق و پرسگەلی لەو جۆرە، پرسی کورد دەبێت بە یەکێک لە پرسە گرینگەکانی ناوچە.

ناوبراو وتیشی، هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئێران ئەوە بووە کە دوکتور قاسملوو بەهۆی کەسایەتی سەرووی حیزبی و ڕێزێک کە نە تەنیا لەنێو هێزەکانی غەیرە کورد لە ئێران بوویەتی، بەڵکوو لە ناوچەکە وەک کەسایەتییەکی بەرزی سیاسی چاوی لێ دەکرا، پێش ئەوەیکە ببێتە مەترسی جیددی و ئیمکانی ئەوەی کە ئیتر لە دەست دەربچێ و کۆماری ئیسلامی دەستی پێ نەگات، دەبێ لە ناوبچێت.

نەوزەری وتی، هەڵسەنگاندنی ئەوان ئەوە بوو کە بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو ئیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕووی سیاسییەوە بە کردەوە فەلەج دەبێ و کارایی و کارتێکەریەی کە لە ناوچەکە دەیهەوێ بیبێت، بە کردەوە نامێنێ. بەڵام ئەوان پاش ماوەیەکی کەم بەو ئاکامە گەیشتن کە دیارە ئەوە قسەی من نییە و قسەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە کە دوکتور شەرەفکەندی توانی بە خێرایی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، هەڵبەت لەوانەیە سەد لە سەد نەبووبێ، بەڵام بە دڵنیایەوە توانی زۆر لە پرسە گرینگەکانی نێو حیزب و دەرەوە و ناوچە چارەسەر بکات و بەتایبەت لە پێوەندی بە هەوڵەکانی بۆپێکهێنانی یەکیەتییەک لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی سەرکەوتوو بێت و هەنگاوی گرینگ هەڵبێنێتەوە. سەرکەوتوویی دوکتور شەرەفکەندی و تواناکانی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی شەهید دوکتور قاسملوو لەنێو حیزبی دێموکرات و ناوچەکە، کۆماری ئیسلامی ئێرانی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێ ئەویش تێرۆر بکرێت".

"حمید نەوزەری" لە بەشی دووهەمی قسەکانیدا، باسی لە چۆنیەتی داڕشتنی پیلانی تێرۆری شەهیدانی میکۆنووس لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و هەیئەتی تێرۆر و هەروەها ڕەوتی کاری دادگا و دۆزینەوەی تێرۆرییستەکان و بکرانی سەرەکی ئەو تێرۆرە کرد.

لە بەشی دووهەمی وێبنارەکەدا ''حاجی جوندی'' باسی لەلایەنە پۆزەتیڤەکانی ڕەوتی دادگای میکۆنووس و بە سەزاگەیاندنی تاوانباران کرد و لەو بارەوە وتی: "هەموومان دەزانین کە ٢٦ی خەرمانان لە مێژووی گەلی کورددا ڕۆژێکی ئاشنایە، ناوی میکۆنووس زۆر شتمان وەبیر دێنێت.

جوندی وتی، میکۆنووس بە ڕای من دوو خاڵی گرینگی هەبوو، یەکەمیان تاقیکردنەوەیەکی گرینگی حقوقی بوو و دووهەمیش ئەوەیە کە ئاشکرا کردنی تێرۆری دەوڵەتی دژی گەلی کورد بە درێژایی سەد ساڵی تەمەنی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە. لە باری حقوقییەوە، دەزانین کە دەوڵەتی ئاڵمان ئەزموونی جەنگی جیهانی دووهەمە.

ناوبراو وتی جەنگی جیهانیی دووهەم و لە دەورانی نازیدا شایەتی ئەوە بووین کە بێعەداڵەتی و بێ یاسایی و سەرەڕۆیی چەندە زوڵمێکی گەورە هەم لە جیهان و هەم لە خەڵکی ئاڵمان کردووە. جا بۆیە دەوڵەتی ئاڵمان لە بازسازی دوایی لەباری یاساییەوە هەوڵیاندا کە دەزگای دادوەری، دەزگایەکی سەربەخۆ و ئازاد بێ و لە ژێر هیچ دەزگا و ئۆرگانێکیتردا نەبێت. دادگای میکۆنووس یەکێک لە درێژترین دادگاکانی ئورووپا کە چوارساڵی خایاند، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کۆماری ئیسلامی بە هەزاران فرت و فێڵی ئەنجام دا بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕەوتی کاری دادگا بکات و یان لانیکەم بە لاڕێیدا ببات، بەڵام بە خۆشییەوە نەیتوانی لەو پیلانەدا سەرکەوتوو بێت. بەڵکوو دەزگای دادی ئاڵمان سەلماندی کە عەداڵەت و حقووق هەیە.

جوندی وتیشی دادگای ئاڵمان سەلماندی کە ئەو تێرۆرە لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پیلانی بۆ دارێژراوە و ئەنجام دراوە.  کاتێکیش مینۆمێتی شەهیدان بە هاوکاری دۆستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەند ئەندام پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئاڵمان لە شوێنی تێرۆری شەهیدانی میکۆنۆس دانرا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی زۆری دا بە ڕێگای سازان و هەڕەشە لە شارەوانی بێرلین ڕێگری لە دانانی بکات. بۆ وەبیرهێنانەوە باسی دەکەم، ئێمە جارێک لەگەڵ هاوڕێی بەرێز کاک دوکتور ''مێرۆ عەلیار'' کە قەراری چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ خانمێکی شارەدار بە ناوی خانم ''مۆنیکا'' هەبوو. ''مۆنیکا'' بۆ خۆی بۆی باس کردین کە باڵوێزی ڕێژیمی ئیسلامی هاتووە و بە زمانێکی چەور هەوڵی داوە کە لە دانانی مێنۆمێنتی شەهیدان پاشگەزمان کاتەوە، کاتێک بە داواکارییەکەی ڕازی نەبووین، پاشان هەڕەشەی کرد و وتی کە ئێمەش لە تاران مینۆمێنتێک بۆ کوشتاری ''هۆلۆکاست'' واتە کوشتاری یەهوودییەکان دادەنێین کە بە پێکەنینەوە پێم گوت بە ڕاستی من زۆر خۆشحاڵ دەبم  کاتێک ئێوە جەنایەتێکی ئاوا گەورە بە خەڵکی خۆتان بناسێنن".

لە درێژەی ئەو وێبنارەدا کۆڕگێران وڵامی پرسیاری بەڕێوەبەر و بەشداربووانیان دایەوە.