کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبنارێک بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو

18:10 - 23 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی  گەلاوێژ، بە بەشداریی "ڕووناک فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "بێهرووز شوجاعی" چالاکی سیاسی، وێبنارێک بەڕێوە چوو.

بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ڕێکخستنی گشتیی حیزب و بە هاوکاری و ئامادەکاریی ڕێکخستنی دەرەوەی وڵات وێبنارێک بەم بۆنەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتا کۆڕگێڕی وێبنار، "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی هەرێمی ناوەندیی ئورووپا، بەرنامەکەی بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب" دەست پێکرد و دواتریش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

بەرنامەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو: "پێگەی مێژوویی ژن لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا؛ قۆناغە مێژووییەکان،خەباتی چەکداری ٤٧ـ٤٦

پاشان خوشکە ڕووناک ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزب سەبارەت بە پێگەی مێژوویی ژن لە حیزبی دێموکراتدا باسەکەی خۆی دەست پێکرد، ڕووناک پاش بەخێرهاتنی بەشداربووان باسی لە سەر پێگەی مێژوویی ژنان لە چەند قۆناغی تایبەتدا کرد.

یەکەم قۆناغی سەردەمی کومەڵەی ژیانەوەی کورد و دامەزرانی کۆماری کوردستان هەتا نسکۆی کۆماری کوردستان، بە بڕوای ناوبراو پێگەی ژن لە ناو حیزبدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کومەڵەی ژیانەوەی کورد و دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پاشان دامەزرانی کۆماری کوردستان، چوونکه لەو سەردەمەدا بوو کە لە سەر بنەمای فیکری قازی محەممەد یەکەم ڕێکخراوی ژنان یان بڵێین بە ڕێکخراوەیی‌کردنی پرۆسەکە دەستی پێکرد، لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا پێکهاتەی کوردستان پێکهاتەیەکی فێئۆداڵی، دەرەبەگی و عەشایری بوو و پرسی ژن پرسێکی نامۆ بوو، بەڵام قازی محەممەد بە هەستکردن بەو زەروورەتە کە پێویستە ژنانیش وەک نیوەی کۆمەڵگای کوردەواری جێگەی و پێگەی خۆیان بزانن و لە بەرەوپێشبردنی ئەو کیانە کوردیەدا دەوری خۆیان ببینن، پرسی ژنان دەکاتە پرسیار و هەوڵی کۆکردنەوەی ژنان لە ڕێکخراوێکدا دەدات و لە بنەماڵەکەی خۆیەوە دەست پێدەکات.

"فەتحی" هەروەها باسی لە کۆبوونەوەیەک لە یانەی فەرهەنگیانی مەهاباد لە ڕێکەوتی ١٧ ڕەشەمەی ١٣٢٤ و وتاری مینا خانمی قازی لە سەر پەروەردە کردن و خوێندەوار کردنی ژنان و زەمینە خۆشکردن بۆ دامەزرانی حیزبی ژنان لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ و پاشان یەکیەتیی خانمان و لە کۆتاییدا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و بە ڕێکخراوەیی‌کردنی پرسی ژنان کرد.

هەروەها گرینگیی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان لەوەدا بوو کە ژنان بۆ یەکەم جار لە ماڵ وەدەرکەوتن، ژنانێک وەک کوبڕا خانمی عەزیزی و خەدیجە مەجیدی ئامادە بوون لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا وتار بدەن و باس لەوە بکەن کە جیاوازیی بیولۆژی نابێ ببێتە هۆی کەمتر گرینگیدان بە ژنان و ڕەخنە لەو ژنانە گیرا کە کچەکانیان نانێرنە قوتابخانە و لە چوارچێوەی ماڵدا دەیان هێڵنەوە، دەسکەوتی تری یەکیەتیی ژنان بەرەوپێشبردنی ڕۆشنبیریی ژنان، دەرکەوتنیان لە گۆڤارەکانی وەک هەڵالە و نیشتمان دەرکەوتن لە دەقە شیعرییەکاندا، مافی دەنگدان بە ساڵ‌ها پێش لە ژنانی ئێران و هەروەها هاندانی ژنان بو پاڵپشتی لە کۆماری کوردستان و ڕزگاریی نیشتمانی

 دووهەم قۆناغی نسکۆی کۆماری کوردستان هەتا ساڵەکانی ٣١ /٣٢ و خەباتی نهێنی  هەتا ساڵەکانی ٤٦ /٤٧

فەتحی باسی لەوە کرد پێی وایە بە نسکۆی کۆمار یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانیش تووشی نسکۆ بوە وخەباتی ژنانیش بۆ داکۆکی لە سەر مافەکانی خۆیان کۆتایی پێ هاتوە، لەم قۆناغەدا تەنیا شتێک کە دەکرێ ئیشارەی پێ بکرێت هەوڵە نهێنیەکانی  لە خوشکە نەسرین قاسملوو بووە لەو ساڵانەدا کە بە شێوەی نهێنی لە شار و گوندەکانی کوردستاندا گەڕاوە.

سێهەم قۆناغی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی حیزب لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ هەتا ئێستا.

بە بڕوای  ناوبراو یەکیەتیی ژنان بۆ جارێکی دیکە دەبووژێتەوە و دەبێتەوە خاوەن پێگەی تایبەتی خۆی و لێرەوە پرسی ڕەگەزی لە بەرنامەی حیزبدا جێ دەگرێ و ئیتر لێرە بە دوا نە وەک ئەرک بەڵکوو وەک ئامانج چاوی لێ دەکرێت و هەوڵی هەڵاوردنی ژن لێرەوە لە بەین دەچێت، حیزب لە ساڵەکانی نێوان ٥٧ و ٦٢ لە ناوچە ئازادەکاندا کە لە ژێر دەسەڵاتیدایە لە ڕێگای دامەزراندنی بەشی کۆمەڵایەتی و بەشی قەزائییەوە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی وەک ژن بە ژنە، کوشتنی ژنان لە کاتی ڕەدووکەوتن و چەند ژنە کە پێشێلکردنی مافی ژنان و زوڵم لە ژنانە لە ڕێگای یاساییەوە قەدەغە بکات و مەسەلەی ڕەگەزی زەق دەکرێتەوە، ژنان کەم کەم لە ئورگانەکانی حیزبیدا وەک پێشمەرگە و کادر جێ دەگرن، بە تێپەڕبوونی کات کەم ژنان ڕێکخراوتر دەبن، دەوری ژنان بەرچاوتر دەبێت، گرینگیی ڕۆڵی ژنان وەک پێشمەرگە، وەک سەرپەرەستی منداڵ لە کاتی مەئمووریەتی مێردەکانیان لە هەلومەرجی زۆر دژوار و قەیراناوی ئابووریدا و لەهەمانکاتدا داکۆکی لە سەر مافەکانی خۆیان باشتر لە جاران دەردەکەوێت، ژنان بەشداریی دەورەکان دەکەن و خۆ بۆ وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی بەرزتر ئامادە دەکەن.

لە دەیەکانی ٧٠ بۆ ٨٠ ژنان زیاتر ڕێکخراو دەبن، بەرنامەی ڕادیۆیی بۆ ژنان دادەنرێ، زیاتر خۆیان ڕێک دەخەن، لە خەباتی نەتەوەخوازی، خەباتی وشیاری بەرفراوانکردنی داخوازییەکانی ژنان کادری ژن دروست دەبن، لە ئۆرگانەکان بەرپرسایەتی وەردەگرن، لە کۆمیسیۆنەکان دەبنە ئەندام، ژنان باشتر پەروەردە دەکرێن، نەقشی مودیر بەڕێوە دەبەن، گۆڤار دەر دەکەن، لەگەڵ ڕێکخراوە ناوچەیی و جیهانییەکان پێوەندی دادەمەزرێنن، ۆونگرەی تایبەتی خۆیان دەگرن، ئەرکی پەروەردەکردنی ژنان وەئەستۆ دەگرن.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، هەڵسەنگاندنێکی کورتی بۆ هەر سێ قۆناغەکە کرد و ئیشارەی بە ئاستی بەرزی خوێندەواریی ژنانی ڕۆژهەڵات و زۆرتربوونی داخوازییەکانیان و باشتر دەرکەوتنی ڕۆڵیان پاش دەست پێکردنی ڕاسانی شار و شاخ کرد.

دواتر دوکتور "بێهرووز شوجاعی" وتارەکەی خۆی دەست پێ کرد.

دوکتور "بێهرووز" لە وتارەکەیدا باسی لە شەڕی چەکداری ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ و باوبووبی شەڕی چەکداری لە جیهاندا و لەو سەردەمەدا کرد و هەروەها باسی لە ئامادە نەبوونی حیزب بۆ شەڕی چەکداری لەو کاتەدا و سەرەڕای ئەوەش هاوپەیمانیی شای ئێران لەگەڵ ئامریکا وەک هەلومەرجێکی نالەبار لەو کاتەدا کرد.

دوکتور شوجاعی پێی وایە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە نە حیزب و نە خەڵکی کوردستان ئامادەیی شەڕێکی چەکداریان نەبوو بەڵام حیزب توانی لەو سەردەمەدە حەماسە بخوڵقێنی، دوکتور شوجاعی پێی وایە دەوڵەتانی ناوچەکە و یەک لەوان کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن تاکتیکی شەڕ بە خەستیەکی کەم بەڕێوە بەرن، واتە پێیان خۆشە شەڕ بەردەوام بێت، هەروەها دەڵێ ئێستا ساختاری فێئۆداڵی و عەشیرەیی و گرێدانی عەشیرەیی و ناوچەیی بە شێوەی کۆن نەماوە، شاریبوون پەرەی سەندووە، توێژی مام ناوەندی زۆر بووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەمکی تاک زیاتر جێگای خۆی کردوەتەوە، شارۆمەندی کوردستانی دروست بووە. لەم پێوەندیەدا باسی لە بوومەلەرزەکانی کرماشان و شومالی کوردستان و ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە جۆربەجۆرەکان و یارمەتیدانی هاووڵاتیانی کوردستانی بۆ یەکتر کرد. پێی وایە ئەمە بە تایبەت لە سەر ئەساسی هەست بە شارۆمەندیکردنی کوردستانی دەکرێت، جاران شۆڕش ناوچەیەکی مەزهەبی دەگرتەوە ، ئێستا چوارچێوەی مەزهەبی تێپەر کردوە، کوردی ئیلامی شیعە و کوردی خۆراسان بەبۆنەی کوردبوونیانەوە وەک ناوچەکانی تری کوردستان دەچەوسێنەوە و زۆڵمیان لێ دەکرێ و بۆ خۆیان لەمەی تێگەیشتوون، لە نێوان تاکی کورد و ئێرانیدا پچڕان دروست بووە. ئێستا تاکی کورد هەست بەوە ناکات شارۆمەندی ئێرانییە، مافەکانی لە چەمکی حاکمیەتدا نادیارە، ئەم نامۆ بوون و دابڕانە وای کردوە کە  هەست بە شارۆمەندیی کوردستانی لای تاکی کورد بەهێزتر بووە لە هەست بە شارۆمەندی ئێرانی، ڕێفراندۆمی باشوور، بوومەلەرزەکان،  ئاگرکەوتنەوەکان و هەڵویستی کوردی ڕۆژهەڵات ئەمەیان بە تەواوی سەلماند، دەبێ هەوڵ بدرێت ئەم شارۆمەندی کوردستانییە لای تاکی کورد بەهێزتر بکرێت، کوردستان لە ئێراندا کۆلۆنیزە کراوە. ئەگەر نوقتەی دەستپێکمان ئەوە بێ کە کوردستان کۆلۆنیە، چارەسەریشمان ڕزگاربوون لە کۆلوۆنیبوون دەبێ، دوکتور قاسملوو باسی لە خودموختاری و دێموکراتیزەکردنی ئێران دەکرد، ئاسۆی دیموکراتیزەکردنی ئێران لە پەنجاکاندا باشتر بوو لە ئێستا، ئەو کاتە زیاتر مەسەلەی سێکولاربوون باو بوو هەتا شیعەگەری، چەپ بوون و هاودەردی لەگەڵ گەلانی چەوساوە باو بوو، پاش گۆڕانی سوڤیەت هەموو شت گۆڕاوە، ئێستا چەپەکانی ئێران لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی فارسەوە هەڵویست دەگرن، عۆنسۆری کارتی شیعە و ناسنامەی ئێران لە ناویاندا بە هێز بووە.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئێستا بە داخەوە لە کۆماری ئیسلامی لیبڕاڵتر نییە، بۆیە ئێمە پێویستە مەسەلەی سەروەری کوردستان مەترەح بکەین، ئێرانی نایەن لەگەڵ ئێمە سەروەری دابەش بکەن ،ئەوان بە دوای مەرکەزیەتێکی بەهێزدان، ئێمە دەبێ کەلێنی مەعریفە یان تێگەیشتوویی پڕ بکەینەوە، ئێرانی هەست بە هاودەردی لەگەڵ کورد ناکات، ئیعدامەکان و کێشەی کوڵبەران ئەمەی دەسەلمێنێ، لەم کاتانەدا کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران لە هیچ شوێنێک دیاری نییە، ئێستا چەوسانەوەی میللی لە ناوچە شیعەنشینەکانی کوردستانیش هەستی پێدەکرێ و خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ خۆیان زۆر باش ئەمەی دەزانن و ئێستا ئەوانیش هەڵویستیان هەیە.

لە کۆتایی دا لە لایەن کاک شەهریارەوە چەند پرسیارێک ئاراستەی ڕووناک فەتحی و دوکتور بێهرووز کران و وڵام درانەوە.