کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانانی پارێزگای کرماشان یەک هەزار و ٥٧ میداڵیان بە‌دەست هێناوە

17:10 - 22 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: جێگری ئیدارەی وەرزش و لاوانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند کە وەرزشوانانی ئەو پارێزگایە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا توانیویانە هەزار و ٥٧ میداڵ لە ئاستی ئێران و دەرەوەدا بەدەست بێنن.

جەلال عەزیزی جێگری ئیدارەی وەرزش و لاوانی پارێزگای کرماشان ئاشکرای کردووە، لە ساڵی ١٣٩٣دا وەرزشوانانی ئەو پارێزگایە توانیویانە ٧ میداڵ لە ئاستی ئاسیا و دەرەوەی وڵاتانی ئاسیایی، ٧ میداڵی ئاسیایی (ئینچئون)، ١٦ میداڵ لە پاڵەوانیەتیی قاڕەکان، ٢١ میداڵ لە رکابەرییە نێودەوڵەتییەکان، ٣٠ میداڵی پاڵەوانیەتیی جیهانی و ٩٧٦ میداڵی پاڵەوانیەتی و رەکابەرییە ناوچەیی‌یەکان بەدەست بێنن.

جێگری ئیدارەی وەرزش و لاوانی پارێزگای کرماشان لە لێداونێکدا بۆ هەواڵدەرییەکان باسی لەوەش کردووە لە ساڵی رابردوودا ٧٠ هەزار وەرزشوانی پارێزگاکە لەو رکابەری و پاڵەوانیەتییانەدا بەشدار بوون.

عەزیزی لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە پارێزگای کرماشان ٤٨ لێژنە و ناوەندی وەرزشیی چالاکی دەکەن و لە ماوەی ساڵی ٩٣دا، ٢٧٩ وەرزشوان لەلایەن ئەو لێژنانەوە بۆ ئوردووی هەڵبژاردەی ئێران بانگهێشت کراون و پاش راهێنان ١٤٨ کەس توانیویەتی بچێتە ریزی هەڵبژاردەکانەوە.

ئەو بەرپرسە وەرزشییە ئەوەشی خستووەتەڕوو،هەنووکە پارێزگای کرماشان توانای ئەوەی هەیە کەلە ١٠ بواری وەرزشیدا لە ئۆلەمپیکی ٢٠١٦ی برێزیل (ریو) بەشداریی بکات، هەروەها دەتوانێ ئەو بوارەش خۆش بکات کەلە ١٨ رشتەی وەرزشیی دیکەشدا لە رکابەرییە ئاسیایی‌یەکاندا (٢٠١٨) وەرزشکار و نوێنەری هەبێت.