کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارە، قوتابییانی بۆکانی وە زاڵە هێناوە

23:56 - 12 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەیەکی دواناوەندیی شەوانەرۆژیی بۆکان، خەوتنگەی ئەو قوتابخانەیەی بەهۆی نەبوونی مووچە لەمەڕ دابینکردنی خواردنی قوتابییان، داخستووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی بۆکان بەناوی \'\'ئیمام\'\' لە سەرەتای دامەزرانییەوە ٧٠٠ قوتابیی هەبووە، بەڵام هەنووکە تەنیا ١٧٠ قوتابیی تێیدا سەرقاڵی خوێندن.

راگەیاندنی دۆخی قەیراناویی قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی بۆکان لەلایەن بەرپرسانی رێژیمەوە لە کاتێک دایە کەلە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە بڕی دوو میلیۆن ریاڵیان لە هەر قوتابییەک وەرگرتبوو.

ئەو قوتابخانەیە کەلە \'\'میراوا\'\'ی بۆکان هەڵکەوتووە، تەنیا قوتابخانەیە کە قوتابییانی گوندەکانی دەوروبەری بۆکان تێیدا سەرقاڵی خوێندن دەبن و هەنووکە ئەو قوتابییانە بۆ رۆیشتن بۆ قوتابخانە رۆژانە سەرەڕای بڕینی مەودایەکی زۆر، بڕێکی زۆری پارە بۆ هاتوچۆیان دەدەن.

بەرپرسانی قوتابخانە رایانگەیاندووە: تێکڕای ئەو قوتابییانە کە دەیانهەوێ ساڵی داهاتووە واتە ساڵی خوێندنی ٩٣ ــ ٩٤، ناونووسی بکەن، دەبێ لە سەرەتای وەرزی پاییز، بڕی ٤ میلیۆن ریاڵ رادەستی بەشی ماڵیی قوتابخانە بکەن و ئەمەش ناڕەزایەتیی قوتابییان و بنەمالەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.