کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی رێژیمی سووریە هانای بردە بەر وڵاتی توركیە

16:28 - 14 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: وەزیری پێشووی بەرگریی رێژیمی سووریە وڵاتەكەی خۆی بەجیهێشت و هانای بردە بەر وڵاتی توركیە.
عەلی حەبیب مەحموود وەزیری پێشووی بەرگریی سووریە كە ناوی لە لیستەی رەشی كۆشكی سپی ئەمریكادا بوو، بۆ وڵاتی توركیە هەڵاتووە.
هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردەوە، عەلی حەبیب هەتا ئێستا پەیوەست بە ئەرتشی ئازاد یان ناڕازیانی سووریە نەبووە و لەو پێوەندییەدا ئەلبوانی یەكێك لە ئەندامانی بەرەی یەكگرتووی سووریە رایگەیاندووە، ئەو وەزیرە شەوی رابردوو لەگەڵ چەند كەسی دیكە خۆیان بە بنكە نیزامییەكانی توركیە ناساندووە.
عەلی حەبیب بۆ ماوەی سێ‌ساڵ وەزیری بەرگریی سووریە بووە و لەدەسپێكی نائارامییەكانی سووریەوە هەتا ئێستا ئەوە پایەبەرزترین لێپراسراوە كە وڵاتی سووریە بەجێ‌دەهێلێت.
دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٤ی خەرمانان بەرپرسانی بیست وڵاتی جیهان گرووپی ٢٠ لە وڵاتی رووسیە كۆدەبنەوە و دوایین هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا لەپێوەندیی هێرش بۆ سەر سووریە تاوتوێ‌دەكەن.
لەپەراوێزی پرسی سووریەشدا كۆمەڵێك شتی دیكەی وەكوو بانكەكان، دانی ماڵیات و گەشەی ئابووری جیهان دێتە بەر باس.
رووسیە یەك لەو وڵاتانەیە كە هەتا ئێستا رەزامەندی لەپێوەندی هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە دەرنەبڕیوە.