کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی بریتانیا: هەموو رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ ناکەین

23:13 - 12 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: متمانەی تەواو بە دەستڕانەگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی لەلایەن وەزیری دەرەوەی کاروباری دەرەوەی بریتانیاوە، مەرجی لەوەجی رێکەوتن لەگەڵ ئێران راگەیەنراوە.
رادیۆ فەردا بە پشت بەستن بە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بڵاوی کردەوە، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خولی نوێی دانووستانە ناوکییەکان، وێڵیام هەیگ وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندووە وڵاتەکەی هەموو رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ ناکات.

پەژراندنی رێککەوتنی ناوکی لەلایەن دەوڵەتی بریتانیاوە لەسەر متمانەی تەواوی وڵاتەکەی لە دەستڕانەگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی مەرجدار کراوە.

شەشەمین خولی دانووستانی گرووپی ١ + ٥ و نوێنەرانی رێژیمی ئێران رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی پووشپەڕ لە ڤییەن دەستی پێکرد و بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرەتای سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی رێژیمی ئێران و گرووپی ١ + ٥، رێککەوتنێکیان لەژێر ناوی \'\'گەڵاڵەی هەنگاوی هاوبەش\'\' بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی شەش مانگ واژۆ کرد.

کارناسان پێشبینییان کردووە کە رێککەوتنی کۆتایی ئیمکانی نییە و لانیکەم ئەو دەورە شەش مانگەیە جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە.

بەگوێرەی رێککەوتننامەی ژنێڤ، بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران رادەگیرێ و گەمارۆکانیش لەجێی خۆیاندا دەمێننەوە.

کارناسانی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ خولی نوێی دانووستانە ناوکییەکان دەڵێن، رێژیمی ئێران هێشتا ئامادە نییە دەست لە لانیکەمی داخوازییەکانی بکێشێت و رۆژئاواش ئامادەی قەبووڵ کردنی لانیکەمی داخوازییەکانی رێژیم نییە.

ئامانجی سەرەکیی رێژیمی ئێران کە بەرپرسانی رێژیم وەکوو هێڵی سووری خۆیان و رێژیمەکەیان ناوی دەبەن، درێژەدان بە پیتاندنی ئورانیۆم، پاراستنی ژمارەی سانتریفیووژەکان، پاراستنی بنکەی ناوکیی ئەراک و کەمکردنەوەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییە، هەتا بەو شێوەیە بە کوشتنی کات و درێژەدانی دانووستانەکان، دەستی بە چەکی ناوکی رابگات.