کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پادگانێکی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ئەهواز هێرشی کرایە سەر

14:28 - 3 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن كۆمەڵێک چەكدارەوە هێرش كراوەیە سەر پادگانێکی شاری سووسەنگر لە ڕۆژئاوای شاری ئەهواز لە پارێزگای خووزستان، كە لە لایەن هاووڵاتییانی عەرەبەوە بە خفاجیە بەناوبانگە و لە ئەنجامی هێرشەشدا دوو كەس بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، گوردانی العقاب، بزووتنەوەی عەرەبی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز هێرشی چەکدارانەی کردووەتە سەر پادگانێکی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نزیکی شاری حەمیدیە هەڵکەوتوو لە جاددەی سەرەکی شاری ئەهواز.

ئەو گوردانە لە بیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا زیان و خەسارێکی زۆر بەو پادگانە کە شوێنی ڕاهێنانی بەسیجی مەردۆمی عێراق حەشدی شەعبی و بەسیجەکانی ڕێژیمی ئێرانە، گەیوە.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە نت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە گوردانی العقاب لقی نیزامیی بزووتنەوەی عەرەبی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز بە چەکی لە جۆری تیربار و موسەلسەل هێرشیانی کردووەتە سەر ئەو پادگانە و خەساری مادی و گیانیان بە هێزەکانی سپای ڕێژیم گەیاندووە.

ئەو هێرشە داوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی عەرەبی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز لە بەیانییەیەکدا هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە کردەوە جەنایەتکارانەکانی ئەو ڕێژیمە دەر‌هەق بە نەتەوەی عەرەبی ئەلئەحواز بێ وڵام ناهێڵێتەوە و پەنا بۆ ئۆپراسیۆنی نیزامی دەبات.

بزووتنەوەی ئازادیخوازی عەرەبی ئەلئەحواز پاش بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەو هێرشە چەكدارییە، بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەو گرووپە هەروەها بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەک لە سەر لاپەڕەی فەیسبووكی خۆیان ڕایانگەیاندووە: كە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ٢ كەس لە هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەت كوژراون و ٣ كەسی دیكەش بریندار بوون.

بزووتنەوەی عەرەبی ئازادی بەخشی ئەلئەحواز یەکێک لە حیزبە سەربەخۆخوازەکانە کە بۆ سەربەخۆیی خەڵکی خوزستان خەبات دەکات.