کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ٢٦ ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕ، دانیشتوانی مێهران لە نەبوونی خزمەتگوزاری دەناڵێنن

23:22 - 9 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق ٢٦ ساڵە کۆتایی پێ هاتووە، بەشخوراویی شارستانی مێهران لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە خەڵکی ئەو شارەی وەزاڵە هێناوە.
شارستانی مێهران سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک لە ناوچە وەرزێڕییەکانی نزیک لە سنووری عێراقە، گرینگترین سنووری زەمینیی ئێرانیش لەو شارستانەدا هەڵکەوتووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە پاش ٢٦ ساڵ لە کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دۆزی خۆشبژیویی هاووڵاتییانی لەگەڵ سەردەمی شەڕ هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەدا نەهاتووە.

ئەو شارستانە بەهۆی گرینگییەک کە هەیبووە، لە درێژەی شەڕی ٨ ساڵەدا یەکێک لەو ناوچانە بووە کە بەردەوام بۆمباران و شوێنی دەرگیری و پێکدادانەکانی دوو وڵاتی ئێران و عێراق بووە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی مێهران لەو پێوەندییەدا دەڵێ: بێکاریی خەڵکی مێهران لە سنوور جێی داخە و هەنووکە سەرەرای چالاکیی بەرفراوان لە سنوورەکانی، هیچ گرینگییەک بە هاووڵاتییان و هێزی کاری خۆجێی نەدراوە.

پاڵاوگەی تایبەتیی نەوتی مێهران یەکێک لەو شوێنانەیە کە دەکرا هەلی کاری بۆ هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارستانە رەخساندبا، بەڵام هەتا ئێستا دەست بەکار نەبووە و بە وتەی هاووڵاتییان ئەگەریش دەست بەکار بێت وەکوو باقی پالاوگەکانی دیکە لە هێزی مرۆیی خۆجێی کەڵک وەرناگیردرێت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام ئەو ناوچانە وەکوو ناوچەگەلێکی ستراتیژیک و هەستیار چاو لێ دەکات و بە روانگەیەکی ئەمنیەتییەوە هاتوچۆ لە سنوورەکانی مێهران وەکوو باقی ناوچەکانی کوردستان بۆ دانیشتوانەکەی بە پیلان وەسف دەکات.