
سندووس
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور (Reporters Without Borders)، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و بە مەبەستی پارێزگاریی و پشتیوانی لە ئازادی بڵاوکراوەکان، هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووسان کار دەکات و بنکە سەرەکییەکەی لە وڵاتی فەڕانسەیە، لە ڕووماڵی ساڵیانەی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی دەڵێ:
"لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا، وڵاتی ئێران پلەی ١٧٨ی بەدەستهێناوە".
بەم پێیە، تەنیا لە پێشەوەی کۆریای باکوور و وڵاتی ئێریترەدایە. چین بە دوو پلە سەرترەوە لە پلەی ١٧٥دا وەستاوە.
ڕادەی سانسۆڕ، کۆنتڕۆڵی چڕی دەوڵەت، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فیلتێرکردن، تووندوتیژی دژی ڕۆژنامەڤانان، وەک: زیندانیکردن، کوشتن، داخستنی هەواڵدەرییەکانیان و کپکردنی دەنگە ئازادەکان، جێگەوپێگەی هەر وڵاتێک دیاری دەکات.
بەپێی ڕووماڵی ئەم ڕێکخراوە، لە کاتی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ـەوە، لانیکەم ٨٦٠ ڕۆژنامەنووس✫ و هەروەها شارۆمەند - ڕۆژنامەنووس، هەڵکوتراوەتە سەریان، گیراون، یان زیندانی کراون و زۆر جار لەگەڵ ئێعدام ڕووبەڕووبوونەتەوە. ئێستا ٢٤ ڕۆنامەنووس لە زینداندان، ڕووداوێک کە ئێرانی کردووە بە گەورەترین زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسان.
دەرد و ژانی کۆمەڵگایەک کە ئازادی ڕۆژنامەڤانی لێ بەربەست کرابێت، ڕووبەرەکەی ئەوەندە بەربڵاو و قووڵە، گشت بوارەکانی ژیان دەتەنێ و بڕستی لێدەبڕێت. کۆمەڵگای بێ ئازادی ڕۆژنامەڤانی یانی کۆمەڵگایەکی تەواو داخراو و بە بارمتەگیراو کە ژێرخانەکانی تری دێموکراسیش واتە مافی تاک، یاسای بنەڕەتی، هەڵبژاردنی ئازاد و ئازادی حیزب و ڕادەربڕینیشی لێ زەوت دەکرێت و دانەدانە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە تووشی دەروونپڕووکان دەبن و "ژینسیاسەت"یش بە مانا "فۆکۆ"ییەکەی بە تەواوی لە گرێژنە دەچێت و دادەتەپێت.
کۆماری ئاخوندی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی پاوانکردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران، بە هەموو توانایەوە بە گژ هەر جۆرە دەنگێکی جیادا چووەتەوە کە گەرەکی بووبێ بەستەڵەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بشکێنێت و هیچ کات ڕێگەی نەداوە ئەو دەنگانەی لەگەڵ زات و سروشتی مرۆڤەکان تەبان، ڕەسەنایەتی پەیدا بکەن و فرەچەشنی و فرەدەنگی، دەرفەتیی خوڵقانی هەبێت.
لە دەروونشیکاریدا "ئووتیزم"، یانی ڕێگەنەبردن بە خەزێنەی هەراوی "زمان" و ماڵی "بوون"، یانی مناڵ دەکەوێتە بەر شاڵاوی "هەست"ەکانییەوە، بەڵام توانای دۆزینەوەی وشە و نیشانەی شیاوی بە مەبەستی نیشاندانی دژکردەوە، لە بەرابەر هەستەکانیدا بۆ ناڕەخسێت، بەم پێیە و چوونکە دەرەتان و توانای کەڵکوەرگرتن لە زمانی نییە، یان هاتوهاوار دەکات و فرمێسک دەبارێنێ، یان لە ڕێگەی ڕەفتارگەلی سیخناخ لە تووندوتیژییەوە وڵامی پرسەکانی ژیانی دەداتەوە.
ئەم کارەساتە تەنیا بۆ تاک وەڕاست ناگەڕێت، بەڵکوو کۆمەڵگاش تووشی "ئووتیزمی کۆمەڵایەتی" دێت و چوونکە دەرەتانی ئەوەی پێنادرێت لە هەمبەر کێشە و پرسەکانیدا "هانا ئارێنت" وتەنی: "داستان و ڕەوایەتی خۆی لە ڕێگەی زمانەوە بۆ ئەوانیتر بگێڕێتەوە"، تووشی بێدەنگی و کپبوونێکی سێحراوی دەبێت، بەڵام ئەم کپبوونە وەک وزەیەکی دەروونیی دواجار بەشێوەی تووندوتیژی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەداتەوە و دەبێتە ڕەفتارگەلێکی بێڕەوشتانە و کڕوتەونی کۆمەڵگا دەتەنێ و بە شێوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرە دەروونی – کۆمەڵایەتییەکان خۆی نیشان دەداتەوە.
بۆیە کۆماریی ئاخوندی ئاوا دژایەتی لەگەڵ گێڕانەوە بە مانا ئارێنتییەکەی دەکات، چوونکە چاک دەزانێت، ئەگەر ئەم چەمکە دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، بەستێنی گەشتی دەکاتەوە و چیتر ئاخوندەکان، لە پشت دەرگا داخراوەکان ناتوانن بڕیار بۆ چارەنووسی وڵاتێکی چەند نەتەوەیی و چەند میلیۆنی بدەن.
دەردی کپکردنی بۆچوونە جۆراوجۆرەکان و نەبوونی ئازادی ڕۆژنامەڤانی و ڕادەربڕین، تەنیا بۆ چەند داتایەکی فڵانە و فیسارە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو ئەمە هەڵپڕووکاندنی کۆمەڵگایەکە، لەناوبردن و پشتگوێخستنی ئەزموونی ژیانکراوی بە میلیۆن مرۆڤی ئازادیخوازە کە دەیان و بگرە سەدان ساڵە بۆ ئازادی تێدەکوشن و گەورەترین ئاواتی ژیانیان هەڵمژینی هەوای ئازادی بووە. ئەمە ئەزموونی ژیانکراوی چەندین نەتەوەی بندەستی دیکتاتۆری ئاخوندییە کە بە هەزاران ڕۆڵەیان بۆ ڕاماڵینی زۆرداری پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە و بۆ وەدەستهێنانی ئازادیش زیندانی کراون، ئازاریان چێشتووە، بێماڵ و ژیان کراون و تووشی تاراوگەنشینی بوونە.
بەپێی فەلسەفەی دیاردەناسانە، کە تێکەڵ بە گشت لایەن و ڕەهەندەکانی ژیان، هەم بەشێوە کۆ و هەم بە شێوەی تاکە، گەر داتا و ئامارەکان ڕیشەیان لە ژیانی جەماوەردا نەبێت و تیشک نەخەنە سەر ژیانە ئەزموونکراوەکان (تجارب زیستە)، ئەوا لەگەڵ کۆمەڵگا ناتەبا دەبن. هەر بۆیە ناتوانین کێشەی ڕۆژنامەڤانی، بە تەنیا وەک کێشەیەکی سینفی چاولێبکەین، بەڵکوو ئەمە کێشەیەکی گشتییە و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی لە سەر دەروونی تاک بە تاکی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەجێدەهێڵێت.
ــــــــــــــ
✫ هەر چەند بە بڕوای ئێمە ئەم ڕێژەیە زۆر زۆر لەوە زیاترە.