کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پتر لە ٧٠ هەزار کەس لە پێنجەمین فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' بەشدارییان کرد

13:02 - 29 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە سێیەمین رۆژی فیستیڤاڵی تامی مۆرێلۆس، ژووری کوردستان کرایەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر شەقامی شوێنی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەکە هەڵکرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە درێژەی فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' ژووری کوردستان لەلایەن هانا جاف و باڵوێزی لوبنانەوە لە شاری \'\'کۆئرناڤاکە\'\'ی ویلایەتی مۆرێلۆسی وڵاتی مەکزیک کرایەوە.
ژووری کوردستان بە ئاڵای کوردستان و شتومەکی کولتوری کوردەواری رازابووەوە کە سەرنجی خەڵکێکی زۆری بۆ لای خۆی راکێشا و بە سەدان کەس سەردانی ئەو ژوورەیان کرد.
باڵوێزی لوبنان لە وڵاتی مەکزیک لەو پێوەندییەدا وتی: ئێمە پشتیوانیی دۆزی رەوای نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا دەکەین و خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو ئازادیدا بەرز دەنرخێنین.
لەو فیستیڤاڵەدا هانا جاف بەرپرسی ناوەندی جاف بۆ زانست و کەماڵ بێوار مامۆستای زانینگەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە زمانەکانی ئیسپانیایی و ئینگلیزی لەسەر مێژووی کورد و کوردستان بۆ بەشداران دوان.
لە بڕگەیەکی دیکەی سێیەمین رۆژی فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' شەهرووز ئەحمەدی چەند کۆپلە گۆرانیی پێشکەش کرد و دوابەدوای ئەوەش لەلایەن گرووپی هەڵپەڕکێی \'\'ماین زەرد\'\' چەند تابلۆ هەڵپەڕکێ و رەشبەڵەکی کوردەواری نمایش کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا هەر کام لە باڵوێزەکانی عێراق، ئێران و تورکیە لە مەکزیک، لەبەر ئەوەی کە بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵەکە ئامادە نەبوون، ئاڵای ئەو وڵاتانە لەو فیستیڤاڵەدا دابنێن، بەشدارییان نەکرد، بەڵام باڵوێزی وڵاتانی فەلستین، عەرەبستانی سەعوودی و لوبنان لەو فیستیڤاڵەدا بەشدارییان کرد و پاڵپشتیی خۆیان لە دۆزی رەوای کورد دووپات کردەوە.
لە پێنجەمین فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' لە وڵاتی مەکزیک پتر لە ٧٠ هەزار کەس بەشدارییان کرد.