کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆژەی گەرمەسێریی ڕێژیم، ٣ شوێنی مێژوویی سەرپێڵی زەهاوی خاپوور كرد

16:28 - 7 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: سەرپەرەستی هەیئەتی شوێنەوارناسیی تاوتوێكردنی شوێنی ناوچەی پرۆژەی گەرمەسێری لە سەرپێڵی زەهاو باس لە دۆزینەوەی چەندین شوێنی مێژوویی ٩ هەزار ساڵە لە سەرپێڵی زەهاو و خاپووربوونی ٣ شوێنیان بەهۆی تێپەڕینی كاناڵی ئاو دەكات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی میراتی فەرهەنگی، ناوبراو وتی: كۆنترین ئاسەوارە دۆزراوەكان لە ماوەی توێژینەوەكانی پێشوودا لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو، پاشماوەكانی سەردەمی بەردینی كۆنی ناوەڕاستن كە لە كۆڵینی كورتماوەی ساڵی ١٩٦١ی فرانك هۆڵ و كێنێت فلنێری لە ئەشكەوتی كەل داوود هەڵكەوتوو لە سەرەتای دۆڵێكدا كە دێتەوە بۆ نێو دەشتی زەهاو (واتە قەڵا شان) دۆزراونەتەوە.

ئەو شوێنەوارناسە وێڕای ئاماژە بە دەستپێكردنی شیكارییە شوێنەوارناسییەكان لە كۆتاییەكانی بەفرانباری ئەمساڵەوە وتی: بە سەرنجدان بە گرینگیی ناوچەكە و پێویستیی شیكاریی وردبینانە، ئێمە بە وردی چاوەدێریی ڕێڕەوی هێڵی بۆرییەكان و كاناڵەكانی ئاومان كرد.

سەرەڕای چاوەدێری و سەردانی ڕێڕەوی بۆری و كاناڵەكە، هەوڵەكانمان لە دەشتی قەڵاشان تا ئێستا بۆتە هۆی دۆزینەوەی ٥٠ شوێنی كەونارای سەردەمی بەردینی نوێی ناوەڕاست بۆ دواوە كە مخابن سێ شوێنیان واتە گردی دەماغ سپی لە تەنیشت گوندێك هەر بەو ناوە لە ڕۆژهەڵاتی دەشتی زەهاو، شوێنی بێ ناو بە كۆدی ٠٣٧ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سەرپێڵی زەهاو و داوێنی ئەشكەوتی تەپانی كە یەكەمجار فیلیپ ئیسمیت بۆی گەڕابوو، بەهۆی تێپەرَینی كاناڵ لە نێو چوونە.

پرۆژەی سامانەی گەرمەسێری زیاتر لە ١٢٠ هەزار هیكتار لە زەوییەكانی دوو پارێزگای ئیلام و كرماشان لە خۆ دەگرێت و یەكێك لە ئامانجەكانی ڕێژیم لەو پرۆژەیە، گوشارهێنان بۆ سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانی باشوور و پێشگرتن بە چوونی ئاوی ڕووباری سیروان بو نێو خاكی كوردستانی باشوورە.

ئەو پرۆژەیە ١٥٠ كیلۆمتر توونێل لە شوێنە جۆراوجۆرەكاندا و ٤٠٠ كیلۆمتر كاناڵی سەرەكی لە خۆ دەگرێت. لەو نێوانەدا توونێلی نەوسوود بۆ ئەزگڵە ٤٩ كیلۆمتر درێژایی دەبێت كە بە تەواوبوونی ئەو توونێلە نزیك بە یەك میلیارد میتری سێ جا ئاوی ڕووباری سیروان بۆ دەشتەكانی سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرین و لە درێژەی ڕێگاشدا بۆ میهران و دێهلوڕان دەگوازرێتەوە.