کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی کۆمیتەی \"هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان\" لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد

16:27 - 20 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی مەحکوم دەکات و هاوکاتیش پشتیوانی خۆی بۆ هەر چەشنە ناڕەزاییەتیی و خۆپیشاندانێک لە شاری مەهاباد و سەرجەم شارەکانی تری کوردستانی رۆژهەڵات دەردەبڕێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵی مەدەنی و هێزە سیاسییەکان کردووە کە لە بەرامبەر کار بەدەستانی ئێران بکە خەریکی شکاندنی کەڕامەتی مرۆڤی کوردن، بێدەنگ نەبن.

نوسخەیەک لەبەیاننامەکە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە و دەقەکەی بەم چەشنەیە:

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، فەریناز خوسرەوانی خاوەن بڕوانامەی لیسانسی کامپیوتێر و کارمەندی هۆتێل تارای شاری مەهاباد، بە شێوەیەکی گوماناوی لەلایەن کەسێکی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ناچار دەکرێ پەنا بەرێتە بەر خۆکوشتن و لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلەکەوە خۆی دەخاتە خوارەوە و گیانی لەدەست دەدات.

خەڵکی شاری مەهاباد کوژرانی فەرینازیان بەوشێوەیە وەک بێ‌ڕێزی کردنێک بە شەڕەف و کەڕامەتی کورد هەستی پێکرد و دەستیان دایە ناڕەزایەتی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەو جەنایەتە و کاربەدەستانی رێژیم لەو شارەدا.

رۆژی پێنج شەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و نیشاندانی رق و تووڕەیی بەرانبەر ئێران و ئاگادار کردنەوەی کاربەدەستانی رێژیم لە هەمبەر هەر چەشنە تاوانێکی دیکە، لەژێر هەر ناوێکدا کە بێت، بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا خەڵکی خوێن گەرم و لاوانی شاری پێشەوای نەمر، هۆتێل تارایان ئاگر تێبەردا، لەو خۆپیشاندانەدا سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە و بریندار بوون و گرتن و بێ‌سەروشوێن‌کردنی چەندین کەس، خەڵکی خۆڕاگری ئەو شارە بێ هەڵوێست نەبوون و بەرانبەر بە جەنایەتکارانی رێژیم بێ دەنگیان شکاند.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، کوژرانی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی مەحکوم دەکات، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ هەر چەشنە ناڕەزاییەتیەکی خۆپیشاندەرانی شاری مەهاباد و سەرجەم شارەکانی‌تری کوردستانی رۆژهەڵات دەردەبڕێت.

لەو پەیوەندییەدا داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵی مەدەنی و هێزە سیاسییەکان دەکات کە لە بەرامبەر کار بەدەستانی ئێران بۆ شکاندنی کەڕامەتی مرۆڤی کورد، بێدەنگ نەبن و وێڕای مەحکوم کردنی کوژرانی فەریناز خوسرەوانی، کار بکرێت بۆ بە سزاگەیاندنی پلان داڕێژەرانی سەرەکی ئەو رووداوە.

لە کۆتاییدا کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان خۆی بە شەریکی خەمی بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی دەزانێ و هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارانی خۆپیشاندانەکە دەخوازێت.

بە هیوای کوردستانێکی ئازاد و دوور لە هێرش و هەڕەشەی داگیرکەران.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە سوید
١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی