کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی فێدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کۆیە لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد

16:27 - 22 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: فێدارسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کۆیە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانێکی بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، فێدارسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی کۆیە بە هاوکاریی ناوەندی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارکی شەهیدانی ئەو شارە، لە خۆپیشاندانێکدا پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و کوردستان دەربڕی.

دەستپێکی ئەو خۆپیشاندانە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و  چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی فێدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری کۆیە لەلایەن لوقمان نەریمان سەرۆکی ئەو فێدراسیۆنەوە خوێندرایەوە. 
 
لە بەشێکی دیکەی ئەم خۆپێشاندانەدا پەیامی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات لەلایەن سوهەیلا قادری، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە. 
 
دواتر فاتمە عوسمانی، وتەبێژی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات لێدوانێکی بۆ راگەیاندنەکان سەبارەت بەم خۆپیشاندانە پێشکەش کرد.
 
ئەمە دووهەمین حەرەکەتی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات لەمەڕ مەحکووم‌کردنی مەرگی فەریناز خوسرەوانی و هاودەنگی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد و رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. 

لەو پێوەندییەدا پێشتریش رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ، رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات و  چالاکانی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم پارڵمانی کوردستان لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد. 
 
دوای خۆپیشاندانی خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی وڵات هاووڵاتییانی کورد خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.  
 
فەریناز خوسرەوانی کارمەندی هۆتێل تارا بووە و ناوبراو بۆ پاراستنی \'\'کەرامەت و نامووسی\'\' خۆی و بۆ پێشگیری لە دەسدرێژیی فەرمانبەرێکی رێژیم، لە نهۆمی چوارەوە خۆی فڕی داوەتە خوارەوە.