کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

10:37 - 20 رەشەمه 2719

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە، کاک "حەسەن عەزیزی"، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات دوای ٤٠ ساڵ پێشمەرگایەتی، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری "ماڵمۆ"ی وڵاتی سوید بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد.

کاک "حەسەن عەزیزی" کوڕی "عەزیز"، ساڵی ١٩٦٠ی زایینی (١٣٣٩ی هەتاوی) لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گوندی "گێسیانـ"ـی ناوچەی مەرگەوەڕ، سەر بە ورمێ، لەدایک بووە.

 کاک "حەسەن" لە تەمەنێکی کەمدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و سەرپەرەستیی خۆی، خوشک و براکانی دەکەوێتە سەر شانی دایکی و برا گەورەکەی.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کاتێک کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی دیکتاتۆریی ڕێژیمی پەهلەوی و سیستەمی پاشایەتی دەست پێدەکات، کاک حەسەنیش وەک لاوێکی تازە پێگەیشتوو پەیوەست بەم ڕاپەڕینە دەبێت و بە سەرکەوتنی شۆڕش و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەهاری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت و دەبێت بە پێشمەرگە و چەکی پاراستنی شەرەف و کەرامەتی گەلی کورد لە شان دەکات.

کاک "حەسەن" لە دەورانی پێشمەرگایەتیدا لە زۆر ناوچەی کوردستاندا کار و چالاکیی هەبووە. بۆ نموونە: "لە ناوچەکانی مەرگەوەڕ، تەرگەوەڕ، گەلی بەردەڕەش، گەلی بەراندۆز چای، گەلی قاسملوو، ناوچەی دەشتەبێل، پیرانشار، لاجان و سەردەشت".

ماوەیەک وەک پێشمەرگە لە ئۆرگانی بەندیخانەی حیزب لە دۆڵی کۆنەمێش ئەرکی پێ ئەسپێردراوی خۆی بەڕێوە بردووە.

بەهۆی دڵسوزی و دیسپلین و متمانەپێکراوی‌، زۆر ئەرک و بەرپرسیاریەتیی دیکەی لە بەشەکانی تەداروکات و گومرکدا پێ سپێردراوە.

کاک "حەسەن" لەنێو کوردەکانی باشووریشدا کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای ڕێز بوو.

ناوبراو بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە تووشی نەخۆشی ببوو کە بە ناچاری لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بەولاوەوە بەبێ ویستی خۆی لە بنکەکانی حیزبدا مایەوە.

دواجار لەسەر بڕیاری حیزب و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی وەک پێشمەرگەی کەمئەندام بەڕێکرا بۆ وڵاتی سوید.

 کاک حەسەن لەو ماوەیە کە لە وڵاتی سوید ژیا هەردەم وەک پێشمەرگەیەکی وەفادار لە خزمەتی حیزب و گەلەکەی‌ دابوو و زۆر لێبڕاوانە بەشداری چالاکییە حیزبی و نەتەوەییەکانی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک حەسەن پرسە و هاوخەمیی خۆی بە بنەماڵە، خزم و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەگەیەنێت و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.