کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی شیووعیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان

21:10 - 14 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیووعیی کوردستان بەبۆنەی ٦٧ەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، پەیامێکی ئاراستەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

دەقی پەیامەکە کە نوسخەیەک بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

بۆ بەڕێز دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پاش سڵاوی گەرمی خەبات و تێکۆشان

بەڕێزان! وەک لای هەموو لایەکمان روونە، ئەمڕۆ ٦٧ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەرۆکی یەکەمین کۆماری کوردستان، قازی محەممەد و هاوڕێکانیدا تێپەڕ دەبێت، کە لەلایەن رێژیمی لە گۆڕنراوی پاشایەتیی ئێرانەوە لەسێدارە دران. یاد و بیرەوەریی ئەم رۆژە بۆ هەموو لایەکمان زیاتر لە مانایەکی هەیە، جگە لەلایەنی ماتەمینی و دڵتەنگی، وەک یەکێکە لە یاد و بیروەرییە تاڵەکانی، هاوکات بە درێژایی ئەم ٦٧ ساڵە بووەتە یەکێک لە هۆکار و پاڵنەرە گرنگ و کاریگەر و بنەڕەتییەکان لە قۆناغەکانی تێکۆشانی رابردووی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامبوونی لە پێناو بەدەستهێنان و بەرجەستەکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

خۆشەویستان، ئەمڕۆش کە یادی لە سێدارەدانی سەرکردە و تێکۆشەران، قازی محەممەد و هەڤاڵەکانی دەکەینەوە، ئێمە لە حیزبی شیووعیی کوردستان، وێڕای رێزگرتن و سەردانەواندنمان بۆ ئەم یادە، جەخت لەوە دەکەینەوە کە تێکۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و بەردەوامیش لە پێشکەوتنی ئەرێنی، ئەمەش وامان لێ دەخوازێ بە جیددی بیر لە یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەکخستنی ناوماڵی کوردی و کوردستان بکەینەوە، وەک هۆکار و چوارچێوەیەکی بابەتی لە پێناو بەدەست هێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان، بە شێوەیەکی ئاشتی و دێموکراتییانە.

دووپاتی دەکەینەوە ئێمە لە حیزبی شیووعیی کوردستان، پشتگیری و هاریکاریی تێکۆشانی گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەکەین، دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکی نەتەوایەتی و نیشتمانی و بێ‏ماف کردن و هێرش و پەلامارێکین بۆسەر ناسنامە و شوناسی کوردبوون و ئازادیخوازان و دێموکراسیخوازان.

شکۆدار بێت یاد و بیرەوەریی ٦٧ ساڵەی لەسێدارەدانی قازی محەممەد و هەڤاڵەکانی
بێتە دی مافە رەواکانی گەلەکەمان

حیزبی شیووعیی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
٣٠/٠٣/٢٠١٤