کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی سی و پێنجەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

11:41 - 27 سەرماوەز 2719

سی و پێنج ساڵ لەمەو بەر، لە نێوان ڕۆژەکانی ١٥ تا ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٦٣ی هەتاوی و لە پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی حیزبدا، ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەسەند و دیاری کرا و بەو چەشنە ٢٦ی سەرماوەزی هەموو ساڵێک تەرخانکرا بۆ ڕێزلێنان لە قارەمانێتی و لەخۆبردوویی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. دیاریکردنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک  ڕۆژێک بۆ یادکردن لە بەرخودان و تێکۆشان و فیداکاریی پێشمەرگە لە ساڵی ١٣٦٣دا، خۆی لە سێ هۆکاردا دەبینێتەوە:

یەکەم: بەرخۆدان و بەرپەرچدانەوەی هێرشی هۆڤانە و دڕندانەی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای فتوای جیهادی خومەینی بە دژی نەتەوەی کورد بە خوێندان و گیانبەختکردن و ئازایەتی و لەخۆبردوویی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی کوردستانەوە.

دووهەم: ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی لە مێژووی سیاسی و مێژووی بزاڤی شوناسخوازی و مافویستیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە ڕۆژێکی گرینگ دەژمێردرێ. لەو ڕۆژەدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە هێرش کردنەسەر شارەوانیی مەهاباد و دەست بەسەرداگرتنی دوایین قەڵای داگیرکاری و دوا نیمادی دەسەڵاتی ڕێژیمی پەهلەوییان لەو بەشە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەلایەن زلهێزەکانەوە داگیر نەکرابوو، تێکەوەپێچا. ئەم ڕووداوە، حەرەکەتێکی خۆڕسک و کتوپڕ و لەناکاوە نەبوو، بەڵکوو لەلایەن ڕێکخستنەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەرنامەڕێژیی بۆ کرابوو و هەروەها، لەلایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد و یەکە چەکدارەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتەوە ئەو حەرەکەتە نیزامییە ئەنجام درا. بەو پێیە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کە هەڵگری ڕووداوێکی مێژوویی گرینگە، باشترین بژاردە بوو بۆ دیاریکردنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان.

سێهەم: بزووتنەوە چەکدارە ڕزگاریخوازەکان و سوپای ئەو وڵاتانە کە چەکدارەکانیان لە چاخەکانی دۆخی تایبەتی وڵاتەکانیاندا و خاسمانی ئەو کاتانەی کە لە بەرامبەر داگیرکاریی نیشتمانەکەیان یان هێرشی وڵاتانی  کۆلۆنیاڵیستی و داگیرکار بۆ  سەر خاک و زێدیان، بە ئازایەتی و بەختکردنی خۆیان پارێزگارییان لە سەروەریی نیشتمانی و نەتەوەیی وڵاتەکەیان کردووە، لە مێژووی وڵاتانی  خۆیاندا ڕۆژێک بۆ بیرئانینی فیداکاری و ئازایەتییان دیاری کراوە.

مێژووی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان پڕە لە چیرۆکی بوێری و ئازایەتی و فیداکاریی ڕۆڵەکانی کورد و کوردستان. بەرخۆدانی پێشمەرگانە بە هۆکارێکی سەرەکی و بنەڕتیی مان و بوون و بەردوامیی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دەژمێردرێ. هەر بۆیە، دەستنیشانکردنی ڕۆژێک لە مێژوودا بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانێتی و ئازایەتی و خۆنەویستیی پێشمەرگە ئەرکێکی هەستیاری حیزب و ڕێکخراو و ئێلیتی سیاسی و حیزبیی کوردە. ڕێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات دەمێک بوو کە هەستی بەو بەرپرسیاریەتییە لەهەمبەر پێشمەرگەدا دەکرد و لە کاتێکی مێژووییدا بە بڕیارێکی مێژوویی ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەجێ هێنا. بە دیاریکردنی ڕۆژێک لە مێژوودا بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە، ناو و ناوبانگ و چیرۆک و ئەفسانەی پاڵەوانێتیی پێشمەرگەیان بۆ هەتا هەتایە لە یادگەی مێژوویی کورد و کوردستاندا بە زیندوویی هێشتەوە.

 پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی:

پێشمەرگە ئەو چەکدارە خۆنەویستە بە بیروباوەڕەیە کە،

نیشتمانەکەی باوەڕەکەیەتی و بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لە سەرووی هەموو جۆرە قازانج و حەز و ویستێک دادەنێ و هەروەها، لە پێناوی پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمانەکەی ئامادەیە خۆی بەخت بکا. لەو پێوەندییەدا، بۆ ئەوەی کە بتوانێ بە باشی بە ئەرکی پێشمەرگایەتیی خۆی هەستێ، دەستی لە هەموو خۆشییەکانی ژیانی ئاسایی هەڵگرتووە. هەڵبەت، پێشمەرگایەتی خۆی جۆرێکە لە ژیان، ئەویش ژیانێکی سەربەرزانە و سەربەستانەیە؛ پێشمەرگە مەعنەوییاتی ژیان لە سەرووی "واری ماتریاڵـ"ـی ژیان دادەنێ و پێی وایە کاتێک ژیان مانایەکی ڕاستەقینە بە خۆیەوە دەگرێ کە هەڵگری ئامانجگەلێک یان ئامانجێکی بەرزی مرۆڤانە بێ.

پێشمەرگە لە ڕووی هزری و باوەڕی سیاسییەوە دوورەپەرێزی لە "فوندامێنتالیسمی سیاسی و هزری و دەمارگرژی و دگم ئەندیشی و چەقبەستوویی" دەکا و باوەڕێکی قووڵی بە نۆرم و پێوەرە دێموکراتیکەکان  و پلۆراڵیزمی سیاسی هەیە. لە ڕووی هزری کۆمەڵایەتییەوە دژی چەوساندنەوەی مرۆڤ و باوەڕی بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و تۆلێڕانس و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەیی و فرەچەشنی هەیە. پێشمەرگە باوەڕی بە بەها ئینسانییەکان هەیە و پاراستنی نۆرمە ئینسانییەکان لە هەمووکات و سات و دۆخێکدا - بەتایبەتی لە کاتی شەڕدا- بە ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی دەزانێ. باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە ، شێوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤتەوەرانەی پێشمەرگەکان لەگەڵ دیلەکانی شەڕ بەپێی پێوەرە یاساییەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ شەڕ بووە.

لە ڕووی ئەرکەوە پێشمەرگایەتی بە دوو قوناغ دابەش دەبێ: سەردەمی ڕاپەڕین و بەرخودان و شۆڕش لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکان کە هێزی پێشمەرگە دەوری پارێزەری جووڵانەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد دەگێڕێ و مان و مەجوودییەتی دەپارێزێ. دوایین قوناغی ئەرکی پێشمەرگایەتی، پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندی و دەستکەوتە نەتەوەییەکان و سەروەری و سنووری کوردستانە.

چاخی هەنووکەیی خەباتی ئێمە، درێژەی سەردەمی ڕابوون و ڕاسان و ڕاپەڕینی لە مێژینەی خەڵکی وشیار و مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بایەخداری ئەو ڕابوون و ڕاپەڕینەش وەک هەمیشە پێشمەرگە بووە، هەر بۆیە لە لایەک ئەرکی ڕێبەرایەتی کردنی شۆڕش لەسەر شانی بووە و لە لایەکی دیکەوە وەکوو ستراتیژیی چاخی خەبات، دەوری مەرتاڵی پارێزگاری لە مان و بەردوامیی بزاڤی سیاسی- نەتەوەیی کوردستان  گێڕاوە. ڕابوون، ڕاسان، ڕاپەڕین و شۆڕش و پێشمەرگە و خەڵک تەواوکەری یەکتر و لێکدانەبڕاون. ڕاسانی خەڵک و پێشمەرگە تاکوو ئێستا چەندین قۆناغیان بڕیوە:

فازی یەکەمی ڕاسان: سەردەمی لەدایکبوونی پێشمەرگە و دەستپێکردنی ڕابوون و ڕاسانی ڕۆژهەڵات:

ئەو قۆناغە لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ـەوە دەست پێدەکا تا دەگاتە دامەرزاندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان.

دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویدا ڕۆحێکی نوێ دەداتە جەستەی جووڵانەوەی سیاسی- نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا. ئەو قەوارە سیاسییە مودێڕنە، دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی مافویستان و ئازادیخوازانی کورد. هەروەها، بژاڤی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا، لە پرش و بڵاوی و حاڵەتی ناوچەیی تێدەپەڕێ و لە ئۆرگانیزاسیۆنێکی مۆدێڕندا بە عەقڵانییەتێکی سەردەمییانە و خاوەن ستراتیژییەوە ڕێکدەخرێتەوە.

حیزبی دێموکرات لەنێو ئەندامەکانیدا کۆمەڵێک ڕێکخستنی چەکدار پێک دێنێ و دواتر ئەو ڕێکخستنانە بە بەرنامەوە لە بەشێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەندێک جموجۆڵ دەکەن، لە ئاکامدا لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاویدا ڕووداوێکی مێژوویی ڕوو دەدا. لەو ڕۆژەدا، ئەو ڕێکخستنە چەکدارانە هاوشانی خەڵکی شاری مەهاباد، بەپێی بەرنامەیەکی بۆ داڕێژراو، هێرش دەکەنە سەر شارەوانی مەهاباد و دەستی بەسەردا دەگرن. گرتنی شارەوانیی مەهاباد لە چەند ڕوویەکەوە گرینگ بوو:

ئاسیمیلاسیۆنی کورد و باقیی نەتەوەکانی دیکەی  ئێران، بە دوای نووسینی یەکەم یاسای بنەڕەتیی "ممالک محروصە" لە ٨ی بەفرانباری ١٢٨٥ی هەتاوی و تەکمیلکردنی لە ١٤ی ڕەزبەری ١٢٨٦ی هەتاویدا بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێکرد و بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی "ڕەزا شای پەهلەوی" و هاتنە ئارای بیرۆکە و بیردۆزەی خەیاڵیی "ملت ایران" لە چوارچێوەی پرۆژەی دەوڵەت - نەتەوەی شای ئێراندا، گەڵاڵە کرا و بە زوویی ڕەندێکی کردەیی بە خۆیەوە گرت. بە دوای ئەودا، دەنگی ئازادیخوازی و مافخوازیی کورد بە زەبری هێز سەرکوت کرا. گرتنی شارەوانیی مەهاباد وەڵامی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد بوو بە ئاسیمیلاسیۆنی چەند ڕەهەندیی ڕێژیمی پەهلەوی و هەروەها، دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و پرۆژە خەیاڵییەکانی دوژمنانی کورد ناتوانن شوناس و مێژوو و کولتوور و ڕۆحی نەتەوەیی کورد بسڕنەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕووداوە ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ بنیاتنانی سەروەریی نەتەوەیی لە شاری مەهاباد. هەر بۆیە، دوای تێپەڕینی ٣٦ ڕۆژ بەسەر گرتنی شارەوانیی مەهاباد، لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا  کۆماری دێموکراتیکی کوردستان ڕاگەیەندرا و دامودەزگای دەوڵەتی بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری وڵات دامەزران. لە کۆی ڕێکخستنە چەکدارەکانی حیزب و باقیی هێزەکان، سوپایەکی نەتەوەیی ڕێکخرا و کاربەدەستانی کۆماری کوردستان ناوی ئەندامانی ئەو سوپایەیان بە پێشمەرگە ناودێر کرد. بەو چەشنە پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەدایک دەبێ و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی کۆمار و سنووری کوردستان دەبێتە یەکەم ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزە. پێشمەرگەکان بە باوەڕ و بە ورەی بەرزی پێشمەرگانەوە لە چەندین بەرەی شەڕدا شکستیان بە هێرشی ئەرتشی داگیرکاری ڕەزا شایان هێنا و بەو پێیە، بە خوێن و گیانی خۆیان جێی خۆیان لەنێو دڵی مێژووی بەرخۆدانی کوردستاندا کردەوە.

فازی دووهەمی ڕاسان: ڕێکخستنەوە و هەستانەوە (ڕاپەڕینی ٤٦-٤٧)

بەداخەوە بەهۆکارگەلێکی سەرچاوەگرتوو لە دۆخی ئەوکاتی نێودەوڵەتی و سیستەمی سیاسیی جیهان و  ناوچە و ناهاوسەنگیی هێز، دوای یازدە مانگ کۆماری کوردستان ڕووخا و کۆمار و دەستکەوتەکانی بوون بە بەشێک لە شانازیی مێژووی سەروەری و شارستانییەتی کوردستان. لەو قۆناغەدا ، بەرزڕاگرتنی ئاڵای کۆمار و شۆڕش لە پێناوی ئامانجەکانی کۆماردا بوون بە ئەرکی نیشتمانیی پێشمەرگە.

دوای ٢١ ساڵ خەباتی نهێنی و چالاکیی ژێرزەمینی، ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونی پێشمەرگە لە بێچمی ڕاپەڕینێکی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦-٤٧دا دەرکەوت و بە گژ داگیرکارانی کوردستاندا چوو. ڕێبەڕانی ئەو ڕاپەڕینە بە خوێندنەوە و لێکدانەوەی هەلومەرجی جیهانیی ئەوکات کە سەردەمی شۆڕش بە دژی کۆلۆنیاڵیزم و چەوسانەوە و زۆرداری و ملهوڕی بوو و هەروەها، بە ڕامان و ڕاڤەی  دۆخی سیاسیی نێوخۆی وڵات و لە ئاکامی زۆرداری و دیکتاتۆریی حەمەڕەزا شا و سەرکوت و زەبر و زەنگی ئەو ڕێژیمە دەرحەق بە ئازادیخوازان بڕیاریان دا کە بۆ ڕزگاریی کوردستان ڕاپەڕینێکی چەکداری و پێشمەرگانە وەڕێ بخەن. خەڵکی وەزاڵەهاتوو لەدەست مەینەتی و نەهامەتییەکانی ڕێژیمی پەهلەوی بە بەشداریی خۆیان پێشوازییان لەو بڕیارە کرد.

ئەو ڕاپەڕینە جارێکی دیکە یادەورییەکانی کۆماری کوردستان لە یاد و دەرهەستی تاکی کورددا زیندوو کردەوە و بووە فاکتەرێک بۆ دووبارە بووژانەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستان. هەروەها دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەر کات و ساتێک پێشمەرگە ئیرادە بکا و وەجووڵە کەوێ، خەڵک ئامادەیە هاوشانی پێشمەرگە لە پێناوی نیشتمانەکەیدا تێبکۆشێ. ئەو ڕاپەڕینە بەهۆی ناهاوسەنگیی هێز و کەمیی پێداویستییە یەکلاییکەرەوەکان و چەند هۆکارێکی دیکە، هەر چەند ١٨ مانگی خایاند بەڵام بوو بە بەشێک لە شانازییە مێژووییەکانی  جووڵانەوەی کوردستان.

فازی سێهەمی ڕاسان:  

لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ی هەتاویدا لە میتینگی شاری مەهاباد و لەسەر زاری ڕێبەری مەزن شەهید دوکتور قاسملوو خەباتی حیزب بە ئاشکرا ڕاگەیەندرا. بە دوای ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب و چالاکبوونی ئەو حیزبە خەڵک بە شێوەیەکی پان و بەرین ڕوویان کردە ڕیزەکانی حیزب. زۆری نەخایاند بیر و ئەندێشە و ڕێبازی نەتەوەیی حیزب لە پانتایی جوغرافیایی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بووە و لە دەرهەستی تاکی کورددا چەکەرەی کرد و لە بەرهەستیدا ڕەنگی دایەوە.

 پێ بە پێی ئەم بارودۆخە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێکخرایەوە و بە سازماندەهییەکی تازە و فۆرمێکی تازەوە دەرکەوت. بەشێکی بەرچاوی خەڵک و بەتایبەتی لاوانی خوێنگەرم کە خوازیاری پێشمەرگایەتی بوون، لە هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا سازمان دران. لە سەرەتاکانی دەستبەکاربوونی ڕێژیمی تازەپێگرتوو، نییەتە نگریسەکانی دەرحەق بە نەتەوەی کورد دەرکەوتن.  تێڕوانینی ڕێژیم سەبارەت بە مافی کورد تێڕوانینێکی ئەمنییەتی بووە  و کێشەی کورد بە کێشە و تەنگژەیەکی ئەمنییەتی ژماردووە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قووڵایی ئەمنییەتی خۆی زانیوە، هەر بۆیە دەیەویست بە کەڵک وەرگرتن لە ڕەهەندی سەربازی و بە لۆژیکی هێزی داپڵۆسێنەر و بە پاڵپشتیی ئیدئۆلۆژیی خۆی بە مەبەستی "تکفیر"کردنی کورد، دۆز و پرسی سیاسی- نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ڕیشەکێش بکا. خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڕیاریان دابوو کە بەرگری لە دەستکەوتەکان و خاک و زێدی خۆیان بکەن. بە دوای فتوای جیهادی خومەینی بە دژی کورد لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد. هێزی پێشمەرگەی کوردستان  بە لە پێش گرتنی چەند جۆر تاکتیکی شەڕ، بەرگریی لە خاکی کوردستان و جووڵانەوەکەی کرد:

شەڕی جبهەیی: هاوینی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٦٣، بەرگری لە سەربەستیی کوردستان.

لە شەڕی جبهەییدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە کەمترین پێداویستیی شەڕ بەڵام بە هێزی باوەڕی خۆی لە بەرامبەر هێرشی بەربڵاوی ڕێژیمدا ڕاوەستا و توانی هێزەکانی ڕێژیم ڕابگرێ و لە چەندین بەرەدا تامی تاڵی شکستیان دەرخوارد بدا. شەڕی سێ مانگە و گرتنەوەی زۆربەی شارەکانی کوردستان و شەڕەکانی دواتر، نموونەی زەق و دیاری بەرخۆدانی پێشمەرگە و دەرکەوتنی هێزی باوەڕی پێشمەرگە و ئیرادەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانە.

شەڕی پارتیزانی: ساڵەکانی ١٣٦٤ تا ١٣٧٥، درێژەدان بە خەبات.

هاوسەنگ نەبوونی هێز و کەمیی ئیماکاناتی پێویست بۆ شەڕی جبهەیی، ڕێبەرایەتی و فەرماندەرانی ئەو کاتی پێشمەرگەی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە باشترین بژاردە بۆ درێژە پێدان بە چالاکیی پێشمەرگانە، ڕووکردن لە تەکنیک و تاکتیکی شەڕی پارتیزانی و دانانی ستراتیژیی عەمەلیاتی لەسەر ئەو بنەمایەیە. هێزی پێشمەرگە جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و جۆری ئامووزشی نیزامیی خۆیدا کردەوە. شەڕی پارتیزانی ڕێوشوێنێک بوو هاوتەریب لەگەڵ هەلومەرجی ئەوکاتی خەبات و ئیمکاناتی بەردەست هەر بۆیە توانی بۆ ماوەیکی دوورودرێژ لە ژینگەی سیاسی و بازنەی جووڵانەوەی کورددا وەکوو تەوەرێکی گرینگی خەبات دەور بگێرێ و هەست و سۆز و بزاڤی نەتەوەیی کورد بە زیندوویی بهێڵێتەوە.

فازی چوارەمی ڕاسان: ساڵی ١٣٩٤، نوێبوونەوەی خەبات بە مێتۆدی "پێکەوە گرێدانی خەباتی شار و شاخ"

قۆناغی چوارەمی ڕاسان درێژەی خەباتی لە مێژینەی حیزب و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانە، بەڵام بە ڕەنێوهێنان و داڕشتنەوەی لە چوارچێوەیەکی سەردەمیانەدا. ڕاسانی نوێ، مۆدێرنیزاسیۆن و مۆدێڕنیزەکردنی ساختار و هزر و ستراتیژی و تاکتیکی خەباتە کە وەگەڕخستنی هێزی پەنگراوی کۆمەڵگا و کەڵک وەرگرتن لە توانستی کۆمەڵگای کوردستان مەبەستیەتی.

پێ بە پێی ئەو مۆدێڕنیزاسیۆنە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی سەردەمیانە ساختاری ڕێکخراوەیی خۆی داڕشتەوە تاکوو بتوانێ وەکوو هێزێکی مۆدێڕنی نیزامی دەربەکەوێ و وەڵامدەری ئەرکەکانی لە ڕاستای ئامانجە سیاسییەکانی جووڵانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێ.

لە ڕاسانی نوێدا پێشمەرگە دوو ئەرکی سەرەکیی لە سەرشانە؛ دەرکەوتنی وەکوو ڕێبەری جووڵانەوە و پشتیوانی لە بەردەوامی و مان و هەبوونی خەباتی نەتەوەیی. دەستپێکردنی چالاکیی پێشمەرگانە لە نێوخۆی وڵات و لە ناوەندی کۆمەڵگای کوردستاندا، هێز و وزەی بەخشییە کۆمەڵگا. بە دەرکەوتنی پێشمەرگەکان لە گۆڕەپانی سەرەکیی خەباتدا، خەڵکی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند و بە پیری "مەنشوور"ی ڕاسانەوە هاتن. 

 پێشمەرگەکانی کوردستان بە خوێنی ئاڵی خۆیان چەخماخەی خەباتی نوێیان لێدا و بەردی بناخەی ڕاسانی نۆێیان دانا. لە ئاکامدا، ڕۆژهەڵاتی لە بیر کراو ، بوو بە ڕۆژەڤ و مژاری سەرەکیی میدیا و سۆسیال میدیای کوردستانی، ناوچەیی و جیهانی و هەروەها، باندۆری جیهانیی ڕاسان وای کرد کە تەنانەت کۆماری ئیسلامیش نەیتوانی وەک جاران حاشا لە چالاکیی پێشمەرگەکان بکا.

لەو سەردەمەدا، ڕاسان لەگەڵ چاخێکی هەستیار و تایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و نێوخۆی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەو ڕوویە و دەبێ ڕاسانییان بە وردبینی و تێڕامانەوە ڕەوتی ڕووداوەکان لێکبدەنەوە و بۆ بەرەوە پێش بردنی خەباتی سیاسی- نەتەوەیی- نیشتمانی هەنگاوی پێویست هەڵبگرن.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەردەمی تێپەڕی خۆیدا وێڵە و بەرەو داهاتوویەکی دوور بەڵام گەشتر هەنگاو دەنێ. سەردەمی دیکتاتۆری و ملهوڕی، تۆتالیتاریزم، بناژۆخوازی و بە ئیدئۆلۆژی کردنی کۆمەڵگا بەرەو نەمان هەنگاو دەنێ، هەر چەند هەنگاوەکان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر شل و لاوازن، بەڵام مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش خولیای سەربەستی و ڕەهایی لە مێشکیدا چەکەرەی کردووە.

بەهاری عەرەبی و بە دوای ئەودا، ڕاپەڕینی جەماوەری لە وڵاتانی عەرەبیدا و پەلهاویشتنی شەپۆلەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مزگێنیدەری قۆناغێکی نوێ لە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. هەر چەند بەهاری عەرەبی نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکی، بەڵام، باندۆری لە گۆڕینی ڕەوش و دۆخی ناوچە هەبووە و دەبێ. کۆمەڵێک لە وڵاتان لە چەند بوارێکی بچووکی ڕواڵەتیدا وایان دەنواند و وادەنوێنن کە گۆڕانکارییان کردووە و بەو پێیە، دەیانهەویست و دەیانەوێ بە نیشاندانی ڕوخسارێکی بەناو دێموکراتیک، خۆیان لە شەپۆلەکانی گۆڕانکاری بپارێزن. ئەو جۆرە حکوومەت و دەسەڵاتدارانە لە ڕوانگەیەکی کەمییەتگەرایانەوە دێموکراسی دەنرخێنن و لە ڕاستیدا دێموکراسی بە "عدد و رقم" دەژمێرن. بە پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیە، دێموکراسی "کیفیات"ێکی بەنرخ و بەها و نۆرمگەلێکی وەکوو، دەسەڵاتداریی بەرپرس و وەڵامدەر و یاسامەند و خەڵکی و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و ژیانێکی ئاسوودە لەخۆ دەگرێ. شەپۆلی نوێی خۆپێشاندانەکان لە عێراق، ئێران و لوبنان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە خەڵکی ئەو وڵاتانە خوازیاری ئەو جۆرە لە دێموکراسی و دەسەڵاتدارییەن.

لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ڕێژیمی ئێراندا، هەر وەک بەدی دەکرێ، ئەو سیستەمە نامۆیە لە ئاستی جیهان بە نابەرپرس  سەربزێو ، مەترسیدار بۆ سەرئاسایشی جیهانی و ماکەی تێرۆریزم و بناژۆخواز ناسراوە. لە ئاستی ناوچەشدا، بە ڕێژیمێکی دەستوەردەر، دوژمنی هێمنی وڵاتان، دوژمنی دێموکراسی و ڕەوتە  دێموکراتیکەکان و داڵدەری تێرۆریزم هەڵدەسەنگێندرێ.

لە ئاستی نێوخۆشدا، بە جەمسەرێکی دژبەری مافی مرۆڤ و نۆرمە ئینسانییەکان، ڕێژیمێکی تێرۆریست و تۆقێنەر و تۆتالیتاریست پێناسە دەکرێ. ئەو تایبەتمەندیاینە و عەقلییەتی پاسیوی کۆماری ئیسلامی وای کردووە کە خەڵک و ڕێژیم بکەونە دوو بەرەی دژ بە یەک. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی هێزی داپڵووسێنەر و قەڵاچۆکردن و تێرۆر و تۆقاندن لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگای پەروەردەی ئیدئۆلوژییانە و بە سەرفکردنی تێچوویەکی زۆرەوە، ویستی شوناسی نەتەوەیی و ئیتنیکی و فەرهەنگی و هزری ئازادیخوازی بسڕێتەوە و کۆمەڵگا و تاکەکانی دەستەمۆ بکا و لە چەمکی "امت ولی فقیە"دا شوناسێکی خوازراو و دەستکردی خۆی  پێ بدا، بەڵام شەپۆلی سێیەمی خۆپیشاندانەکان و ڕاپەڕینی بەرینی خەڵک و گیانفیداییان، تەواوییەتیی ئەوە سیاسەتەی کۆماری ئیسلامییان لەگەڵ شکست بەروەڕوو کردووە.

ڕاسانییەکانی  شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هاتنە سەر شەقامەکان بە شێوەیەکی شارستانییانە و دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، داواکارییەکانی خۆیان بەرز کردەوە و خوازیاری مافە نەتەوەییە زەوتکراوەکانیان بوون. ڕێژیمی ناشارستانی و دوور لە لۆژیکی مرۆڤایەتی، هۆڤانەئاسا وەڵامی داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، هەر بۆیە پێشمەرگەکانی شەقام بەبێ چەک و بەدەستی بەتاڵ بە گژ هێزە بەربەرییەکانی کۆماری دژی کوردی ئیسلامی ڕاچوون و لە بەرامبەریاندا ڕاوەستان و بەخوێن و بە فیداکردنی گیانیان بەرگرییان لە داوا ڕەواکانی خۆیان دەکرد. ڕێژیم بە شەهیدکردنی بێ بەزەییانەی خۆپیشاندەران و گرتن و ئەشکەنجەدانیان بە قەوڵی خۆی پێشی بە داوا ڕەواکانی خەڵک و داڕووخانی پایە لەرزۆکەکانی دەسەڵاتی خۆی گرتووە، خەیاڵێک کە زۆرێک لە ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان و یەک لەوان ڕێژیمی پێشتری کردە پەندێک بۆ مێژوو.

بەگشتی مەبەستی سەرەکیی ڕاپەڕینی ئەو جارەی خەڵکی ئازدیخوازی ئێران و مافویستانی کوردستان - کە دەسپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی- سیاسییە - هەڵکەندنی تانوپۆی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەرزی واقعی ژینگەی سیاسیی ئێران و جوغرافیای سیاسی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. حاکمییەتێکی ناوەڵامدەر و نابەربەرپرس و ڕێژیمێک کە خەڵکی ئازادیخواز و مافویست بە بەکرێگیراوی بێگانە بزانێ، خەڵک نەویست و مەحکووم بە نەمانە. هەر بۆیە، دەنگی ئازادی و ئازادیخوازانی ئێران و مافویستانی کوردستان تا لووتکەی سەرکەوتن دانامرکێ و درێژە دەکێشێ.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی خەڵکی ئێران دەکا و خۆی بە پاڵپشتی سەرەکی مافویستانی کوردستان دەزانێ و سەرکوتی بێ بەزەییانەی خەڵک مەحکووم دەکا، هەروەها، خۆی بە هاوخەمی بنەماڵەی شەهیدانی شەقام دەزانێ و هیوای سارێژبوونی برینی برینداران دەخوازێ و هیوادارە کە هەرچی زووتر گیراوانی خۆپیشاندانەکان لە سیاچاڵەکانی ڕێژیم ڕزگاریان ببێ.

هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان لەو بەکرێگیراوانەی کە دەستیان لە ڕشتنی خۆێنی خۆپیشاندەراندا هەیە، خۆش نابێ و دەستی دادپەروەری بە زوویی بەرۆکی ئەوان دەگرێ و تاوانی خوێنی بە ناحەق ڕژاوی خەڵکیان دەستێنێتەوە.

هاوڕێیانی هێژا:

ئەوڕۆ هاوکات لەگەڵ یادکردنەوە لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێزگرتن لە فیداکاریی پێشمەرگەکانمان، دەورەی ٢٤٠ی پێشمەرگە کوتایی بە کارەکانی هێنا و کۆمەڵێکی دیکە لە لاوە بەهەست و بەبڕشت و لێهاتووەکانی نیشتمانی خۆشەویستمان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشی و تێکەڵ بە ڕێزەکانی لەبڕاننەهاتووی پێشمەرگەکانی کوردستان بوون.

ئەو کۆمەڵە وڵاتپارێزە لە بڕیارێکی بوێرانەدا بە سوێند بە نیشتمان، ئاڵای پیرۆزی کوردستان و خوێنی شەهیدان بەڵێنییان داوە تاکوو توانست و هێزی کارای خۆیان لە خزمەت بە نیشتمانەکەیان وەگەڕ بخەن و هاوشانی هاوڕێکانیان و شان بە شان لەگەڵ شەقام و شار بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی و وەدیهێنانی ئاواتی شەهیدەکان هەنگاو بنێن. پیرۆزبایی پۆشینی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە پێشمەرگە خوێنگەرمەکانی دەورەی ٢٤٠ی فێرگەی فەرماندەیی دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

هەروەها، بەو بۆنەوە  دەستخۆشی لە فێرگەی فەرماندەیی و مامۆستایانی ماندوونەناسی فیرگە دەکەین کە بە لێبڕاوانە و بەرپرسانە و بێ پسانەوە، ئەرکەکانی خۆیان بەجێ گەیاندووە.

لە کوتاییدا،

سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەتایبەتی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات.

٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پیرۆز بێ.

بژی هێزی پێشمەرگە، باسکی بەهێزی خەڵکی کوردستان.

بژی حیزبی دێموکرات، قوتابخانەی ڕاستەقینەی هزری نەتەوەیی و پێشمەرگە.

٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٨ هەتاوی

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان