کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوان کوردستانی ئێران

16:41 - 12 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆەزەردان رۆژی لاوانی کورد، پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو پەیامە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:


هاونیشتمانانی خۆشەویست
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
لاوانی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەر

ئەمڕۆ ١٢ی جۆەزەردان، ٣١مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ٥٩ رۆڵەی تێکۆشەری کوردە کە بەدەست جەللادە بیرتەسک و سەدە ناوەڕاستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سێدارە دران.

بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی ئەو لاوە تێکۆشەرانە و رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد، له یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات کەلە ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی بە بەشداریی هەموو رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات بەسترا، لە بڕیارێکی مێژووییدا، رۆژی ١٢ی جوەزەردانیان وەک رۆژی لاوی کورد، دیاری کرد.

دیاریکردنی رۆژی ١٢ی جۆەزەردان وەک رۆژی لاوی کورد، ئەگەرچی لەلایەک رێزگرتنە لە فیداکاری و خۆنەویستیی ئەو ٥٩ لاوە قارەمانەی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەکی دیکەوە هەوێنێکە بۆ یەکڕیزی و تەبایی سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان کە بە وزەیەکی زیاترەوە بەرەوڕووی بیری دیکتاتۆڕی و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.

١٢ی جوەزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی وەبیرهێنەرەوەی خۆڕاگری و نیشتمان پەروەرییە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزە مرۆیییەکان بەبێ چاوەڕوانی هیچ جۆرە پاداش و خەڵاتێک.

١٢ی جوەزەردان بۆ لاوی کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمان، رۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بیری جەهل و نەزانییە کە لەگەڵ ئەندیشەی مۆدێڕن و سەرەڕۆیانەی لاوانی کورد، بە هیچ جۆرێک گونجانی نییە.

ئێمە رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات لەم روژە مێژوویییەدا، وێڕای رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و ئەو ٥٩ لاوە خەباتگێڕەی نەتەوەکەمان، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە زیاتر لە رابردوو بە هاوکاری و هاوخەباتیمان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکەمان بە گشتی و لاوانی کورد بە تایبەتی هەنگاو هەڵبگرین.

جێگای خۆیەتی لێرەدا بۆ بەرز راگرتنی یادی ئەو ٥٩ لاوە، لە بەرەبەری نزیک بوونەوەی چوارەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی چوار پارچەی کوردستان، هەموو رێکخراوەکانی چوار پارچە، بە ئەزموون وەرگرتن لە کۆنفڕانسی سێهەم، بە هیچ شێوەیەک رێگا نەدەن ئەم کۆنفڕانسەمان تووشی هیچ کێشەیەک ببێ و بە توندترین شێوە، بەرەنگاری هەر چەشنە بیرێکی پاوانخوازی و بەرژەوەندیخوازی ببینەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی ئەو ٥٩ لاوە شەهیدە و هەموو شەهیدانی نیشتمانەکەمان!
بەرزو پیرۆز بێ یەکڕیزی و تەبایی

رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات
١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی

ناوی رێکخراوەکان:

١ ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢ ــ کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات
٣ ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
٤ ــ رێکخراوی لاوانی پێشڕەو
٥ ــ ناوەندى لاوانى سازمانى خەباتی کوردستانی ئێران
٦ ــ لاوانی پارتی سەربەخۆیی
٧ ــ رێکخراوی لاوانی یاری کورد
٨ ــ گرووپی کاری لاوان و قوتابییانی پارتی ئازادیی کوردستان