کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ژینگە خۆشەویستیی وەرزشکارانی چیا/ هەڵاتنی وەرزشوانان لە مەریوانەوە هەتا دەرەکێ

17:44 - 20 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: وەرزشکارانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە مەبەستی زیندوو راگرتنی بزاڤی ژینگەپارێزیی کوردستان، مەودای نێوان شاری مەریوان هەتا گوندی دەرەکێیان بە هەڵاتن بڕی.


بەپێی راپۆرتی کوردستانی میدیا، دوو ئەندامی وەرزشکاری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، بە مەبەستی زیندوو راگرتنی بزاڤی ژینگەپارێزیی کوردستان و حەرەکەتی سەمبولیکی \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\' کۆنە راوچیی خەڵکی گوندی دەرەکێ، کەلە رێوڕەسمێکدا بە شکاندنی چەکەکەی وازی لە راوکردن هێنا، مەودای ٤٥ کیلۆمیتریی نێوان شاری مەریوان و گوندی \'\'دەرەکی\'\'یان بە هەڵاتن بڕی.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو دوو ئەندامە وەرزشوانەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لەم ماراتۆنە ٤٥ کیلۆمیترییەدا پەیامی پاراستنی ژینگە و بوونەوەر و ئاژەڵەکانی کوردستان کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، دووپات کردۆتەوە.
ئەو ماراتۆنە لە مەیدان باوەڕەشیی شاری مەریوانەوە دەستی پێکردووە و هەتا گوندی دەرەکێ، ٧ کاتژمێر و ١٠ خولەکی خایاندووە.