کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە

22:42 - 27 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی - نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا، بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

دەقی پەیامەکە:

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

میوانانی هێژا

بەڕێزان ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی


بەخێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ڕۆژێک کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە فیداکارترین و ئەمەگناسترین ڕۆڵەکانی گەلی کورد دیاری کراوە و ئەویش پێشمەرگەی کوردستانە.

حەفتاویەک(٧١) ساڵ لەوەپێش، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە شاری مێژووسازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری مەهاباددا، ئاخرین بنکە و سەکۆی داگیرکەران و مرۆڤکوژانی ڕەزاشای پەهلەوی، بە دەستی ڕۆڵەکانی گەلی کورد گیرا و داگیرکەران لە کوردستان ڕاونران و بە تەواوی دەرپەڕێندران.

هەر لەو ڕۆژەدا و بەدەستی ئەو ڕۆڵە خۆنەویستانە، ئاڵای داگیرکەران هێنرایە خوار و بۆ یەکەمجار ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە سەر بڵیندترین بینای شاری مەهاباد هەڵدرا، ئەو حەرەکەتە سەمبۆلیکە بوو بە بناغەی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی و پێکهێنانی سپای کورد و وەدیهاتنی ئاواتی سەدان ساڵەی نەتەوەیەک کە بە درێژایی دیرۆکی خۆی بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ چاوی لێ بکرێت، وەک نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی ژیان بکا و بۆ ئەوەی مەوجوودیەتی خۆی بپاریزێ، هەوڵی داوە و چەرمەسەریی کێشاوە.‬‬‬‬‬‬

ئەم نەتەوەیە بە دریژایی بەشێکی زۆری مێژووی، سەرکوت کراوە، بێسەروشوێن کراوە، لەسەر ماڵ و خاکی خۆی دەرکراوە، تاڵان و ئێعدام کراوە، بەندیخانەکانی داگیرکەران لێوانلێو بوون لە ڕۆڵەکانی، و بە ئێستاشەوە لە هەر چوار دەوری کوردستان دوژمنانی هەردەم لە پیلاندان تا بەچۆکیدا بێنن.‬‬‬‬‬‬

ڕووداوی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی (بەرانبەر بە ١٩٤٥ی زایینی) هەموو ئەو پیلانانەی پووچەڵ کردەوە و کورد نەتوایەوە. بە هۆی بوونی هزری ئازادیخوازی و بوونی پێشمەرگەی کوردستان، خەباتی کورد لەسەر ڕێبازی خۆی سوورە، و دوژمنانی ناهۆمێد و بێ‌هیوا دەکا.
هەتا ئێستاش هیچ حکومەتێکی سەرەڕۆ و ستەمکار نەیتوانیوە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گرینگ بۆ خۆی لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا دروست بکات، چوونکە کورد ئەو دەوڵەتانەی بە داگیرکەر چاو لێ کردوون و ئەوانیش کوردیان بە بێ فەرق و جیاوازی بە دوژمن زانیوە.‬‬‬‬‬‬

لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان لە هەر گۆشە لە خاکی وڵاتەکەمان، گەر دەرفەتێک ڕەخسابێت، شۆرشی کورد سەری هەڵداوە و بەگژ دوژمناندا چۆتەوە، کە ئەو ئامادەیی و قارەمانیەتی و ئازایەتییەی کورد بووەتە هۆی ئەوەی کە دوژمنان هەمیشە ترسیان لە کورد هەبووە و هەیە.

بەرخۆدانی هێزی پێشمەرگە لە حەوت دەیەی ڕابردوودا، بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییانەن، بۆیە حیزبی دێموکرات ٣٢ ساڵ پێش ئێستا، بە لێکدانەوەی ئەو مێژووە پڕشنگدارەی پێشمەرگە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کە هاوکات ڕۆژی هەڵدانی ئاڵای کوردستانیشە، بە ڕۆژی پێشمەرگە دیاری کردووە و پێشنیاریش دەکا تا لە سەرتاسەری کوردستاندا پەسەند بکرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛

لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان و پاشان شۆڕشی ٤٦- ٤٧ و دوایی هەتا دەگاتە شۆڕشی گەلانی ئێران، پێشمەرگەی کوردستان خەویان لە چاوی ڕێژیمی ملهوڕی پەهلەوی زڕاندبوو و دوورگەی ئارامیان لێ تێک دابوو.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەشداریی کورد لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا، هیوایەک پەیدا بوو کە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە مافە ڕەوا و بەرحەقەکانی خۆی بگات، بەڵام هەر زوو هێرشی کۆنەپەرەستی بۆ سەر کوردستان ئەو هیوا و ئومێدەی لەناو برد و بۆ جارێکی دیکەش ڕۆڵی پیشمەرگە لە بەرەنگار بوونەوەی هوروژمی کۆنەپەرەستی و داگیرکەری تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیدا، نیشانی دا کە کورد ئەو لایەنە نیە بۆ دوژمن سەردانەوێنێ.‬‬‬‬

پێشمەرگە بەسادەترین چەک کە لەدەستیدا بوو، توانیی قورسترین زەربە لە هێزی پۆشتە و پەرداخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە فەرمانی جیهادی دژ بە گەلی کورد دابوو بدا، چوونکە پێشمەرگە لە شاخ و دەشت، لە گوند و شار، لە هەر قوژبن و کونجێکی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەدا، بە ورە و ئیرادەی بەرزی ژیاندۆستی و دوژمن تۆقێنیەوە، بەرەوڕووی هێزی دڕندە و سەرکوتکار و دژە مرۆیی دوژمنانی کورد و کوردستان بۆتەوە و بست بە بست و بەرد بە بەردی ئەم کوردستانە شاهیدی قارمانیەتیی پێشمەرگە بوون و ماڵ بە ماڵی نیشتمان مەتەرێز و حەشارگە بوون بۆ پێشمەرگەی ڕێبازی سەربەرزی و سەربەستی.

دوای بیست ساڵ کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جووڵەی پێشمەرگانەی لە ڕۆژهەڵات ڕاگرت تاکوو باشووری نیشتمان باڵا بکات؛ دوای بیست ساڵ کە پێشمەرگەی چاونەترسی کوردستان تەقەیان ڕاگرت تاکوو دەرەتان بە دەنگی سیڤیل بدرێ، بەڵکوو ڕێژیمی ئیسلامیی تاران دەنگی گەل ببیسێ؛ دوای بیست ساڵ کە ڕێگای جۆربەجۆری خەبات تاقی کرایەوە؛ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ جارێکی دیکە و لە شێوازی دیکەدا بە بڕیاری سەرکردایەتیی خەبات و شۆڕش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێی خستەوە سەر ڕژدە ڕێگەکانی هەڵزنان بە باڵای شاخدا و داگەڕان بە ڕێگای باخدا تاکوو بڕژێتەوە نێو دڵی گەل و لەگەڵ ئەویندارانی ئازادی بچێتەوە جێژوانی خەبات و خۆڕاگری.

لە ئاخرەکانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات پێی وابوو کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی وا دەخوازێ کە چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵات ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێنێ و خەباتی چەکداری بە شێوەیەکی کاتی بوەستێندرێ تاکوو بیانوو بە دەستی ڕێژیمی ملهوڕ و سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی نەدرێ کە سنوورەکانی باشوور پیشێل بکات و ئەزموونی ساوای دەسەڵاتداری لەباشوور پەک بخات.

هەر لە هەمان کاتدا دەنگۆ و ئیدیعای ئەوە دەکرا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەوتی ئیسڵاحتەڵەبیی تێدا دروست بووە و کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بیەوێ مافی خەڵک بدا و چالاکیی چەکداری دەبێتە بیانوویەک بۆ قۆڵی توندئاژۆ تاوەکوو لە کوردستاندا هیچ نەکەن.

ئێستا دوای بیست ساڵ کە ئاوڕ لە کردار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی ناوچە دەدەینەوە، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی نەک لەو دەرەتانە بیست ساڵەیە بۆ چارەسەریی کێشەی کورد کەڵکی وەرنەگرت، بەڵکوو کێشەکەی قوڵتر کردۆتەوە و سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوە و پاکتاوی فەرهەنگی و ناسنامەیی توندتر و پیلانداڕیژراوتر بەڕێوە بردووە و نەک تۆزقاڵێک مافی لە کوردستاندا دابین نەکردووە، بەڵكوو کوشتن و ئەشکەنجە و ئێعدام و زیندانی کردن و بێکار کردن و لە هەژاریدا هێشتنەوە و تووش کردن بە ماددە سڕکەرەکان و دەیان پیلانی دیکە بە دژی کورد و نەتەوەکانی دیکەی لە ئێراندا بەڕێوە بردووە و بە قۆڵی توندئاژۆ و ئیسڵاحتەلەب و نێوەندگیر و بەهەر هەموویانەوە، تەنیا هەوڵی فریودانی چالاکان و خەڵکی کوردیان داوە.

بیست ساڵ خەباتی چەکداری ڕاگیرابوو، بەڵام کوردستانیان وێرانتر دەکرد و کوشتاریان زۆرتر دەکرد و هیچ دەرەتان و سێناریۆیەکیان بۆ بەشداریی مەدەنیانەی خەڵکی کورد لە بەڕێوەبردنی ئاسایی شوێنی خۆشیاندا نەدا. کۆماری ئیسلامی تەنیا سەرکوت و کوشتار و ئێعدام و سووکایەتی کردنەکانی بوون بە ئەمری واقیع!

هەر بەنیسبەت کوردستانی باشووریشەوە، کۆماری ئیسلامی نەک ڕێزی لە سنوور و سەروەریی باشوور نەگرت، بەڵکوو هەتا نێو ماڵی حیزب و لایەنە سیاسییەکان چووە پێش و هەوڵی دا کە لە هەموو شتێکدا دەستێوەردان بکا و هەموو هێزەکان بەگژ یەکدا بکا و لە نێوخۆی هێزەکانیشدا گرووپ و دەستەی جیاوز بەگژ یەکدا بکا، تاکوو هەر لە ئاکامدا هەموویان لارەمل و چاولەدەستی سوپای قودس بن تاکوو کێشەکانیان چارەسەر بکا و پێکیان بێنێ.

هەر بە قسەی وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمیش، لە بواری ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامی پیلانی ئەوەی بەڕێوە بردووە کە کوردستانی باشوور هەردەم چاوی لە کۆماری ئیسلامی بێ کە سادەترین شتەکانی بۆ دابین بکات.

سوپای پاسداران هەرکات ویستوویە هێرشی کردۆتە سەر باشووری کوردستان و تیرۆر و ئاژاوەی تێدا بەڕێوە بردووە. تەنانەت بە پیلان و بەرنامە، ڕووی سوپای درندەی داعشی وەرگێڕایەوە بەرەولای کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە، باشووری کوردستان بە هەر کەموکووڕییەکەوە کە هەیبێ، ئێستا ئیدی دەسەڵاتێکی ناسراوە لە جیهاندا و هاوپەیمانی هێزە بەهێزەکانە و لەباتی ئەوان شەڕی دژ بە تیرۆر دەکا.

بەم دۆخەوە و هەروەها بەو ڕاستییە، کە بەهێزبوونی خەبات و شۆڕش لە ڕۆژهەڵات گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی دێنێ و ڕێژیمی دڕندە و دژە مرۆیی تاران لاواز دەکا و لاوازیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە قازانجی هەموو کوردێکە لە هەموو بەشەکاندا.

هەروەها دوای بیست ساڵ لە دڕندەیی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی داپڵۆسین لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئیدی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات وەزاڵە هاتوون و خوازیاری وەگەڕکەوتنەوەی خەباتی جیدیتر و هەمەلایەنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون.

بەم‌پێیە، خەباتگێڕانی کورد، ڕێبەرایەتیی شۆڕش و تێکۆشانی نەتەوەیی و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵات، بڕیاری ڕاسانەوەی خەباتیان دا و هێزی بەهێز و بەبیر و باوەڕ و ئیرادە پۆڵایینی پێشمەرگەش ئامادە و گیان لە سەر دەست، وەپێشی مەرگ کەوت و بە حەماسە خولقاندن لە شنۆ و کۆساڵان، موکریان و سەڵماس، چەخماخەی ڕاسانی لێ دا و بەوپەڕی گیانبازییەوە مەیدانی خەباتی بە پانتایی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەرم و بڵێسەدار کرد.

راسان، خەباتی کوردە بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە دوارۆژی ڕووناک و گەش، بۆیە بەتەنیا بە هێزی پێشمەرگە بەڕێوە ناچێ و دەبێ بە هەموو خەڵک و هەموو چین و توێژەکانەوە و هەرکام بە شێواز و توانا و ئیمکانی خۆی، تێیدا بەشداربن و نەک ئەوان پشتیوانی پێشمەرگە، بەڵکوو پیشمەرگە پشتیوانی خەڵک بۆ ڕاپەرینی یەکجاری بێ.

لە سەرەتای ڕاسانداین و هەر شتێک سەرەتاکانی بێگومان دوور لە کەم‌وکووڕی و لاوازی و شتی چاوەڕواننەکراو نابێ و پێشمەرگەی قارەمانی گەلیش بەدوور نەبووە لە خاڵی لاواز و بەڕێوەبردنی ئەو خەباتە جیددی و توندوتۆڵە، کەموکوورێشی تێدا هەبووە، بەڵام گەورەترین دەسکەوتی ڕاسان هەر لەم سەرەتایەوە، ورەبخشین و هیوابەخشین بە خەڵک و زەندەقچوونی دوژمنی سەرەکیی گەلەکەمان بووە.

ڕێگای بەردەم، زۆری ماوە و هەوراز و نشێوی زۆرمان دێتە سەر ڕێ؛ لەم ڕێگا دژوارەشدا پێویستمان بە یەکبوونی هەموو تواناکان و بەشداریی هەمەلایەنەی خەڵک و فیداکاریی زیاترە. دڵنیاین کە خەڵی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لێبڕاوانە و بە پشت و پەنای یەکدی ئەم خەباتە بە ئاکامی ڕوون دەگەیەنن.

بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە یەکدەنگی و یەکڕیزی پێویستە. نەتەوەی کورد لە هەموومان خەباتی جیددیی دەوێ و هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەرکمانە کە بەجیددیتر لە جاران لەو بوارەدا تێبکۆشین.

ڕاستە هێزی نیزامیی ڕێژیم پۆشتە و پەرداخە و چەکی جۆراوجۆری پێشکەوتووی لەبەردەستدایە، بەڵام ڕێژیم لەنێوخۆیدا پڕە لە گەندەڵی و نێو ماڵەکەی بە تەواوی پڕش و بڵاوە، بە چەشنێک کە تەنانەت لە لایەن خودی ویلایەتی فەقیهیشەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت و بە قسەی ناکەن.
بارودۆخی لە ئاست نێونەتەوەییەوە خراپە و هیچ ئێعتبارێکی لە ئاستی جیهانیدا نیە. سیاسەتی دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەکە تووشی شکست بووە، ئابوورییەکی خراپ و داڕماوی هەیە، شەڕی دەسەڵات لەنێو باڵەکانی بەتەواوی جێگیر بووە، چیتر یەکتر قبووڵ کردنیان زۆر زەحمەتە.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ئیدی هێزی بە ئیمان و ئیدئۆلۆژیکی نین کە خۆیان بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە بەکوشت بدەن، ئەگەر خەباتێکی پان و بەرین بکرێت، پیمان وایە کە بە هەموو ئازادیخوازانی ئێران و بە هەموو نەتەوەکانەوە و بە هاودەنگیی هەموو هێزەکانی کوردستان دەتوانین پاشەکشێ بە ڕێژیم بکەین.

کەوابوو بزووتنەوەی کورد هیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە، بەرژەوەندیی گەلی کورد ئەوەمان لێ دەخوازێ تا بە ئیمانی پێشمەرگە و بە پشتیوانیی و هەوڵی هەمەلایەنەی کۆمەڵگای کوردی ئەو خەباتە ببەینە پێش تا دەگاتە ئاسۆیەکی ڕوون.

لە دەستپێکی ڕاساندا، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین شەهیدی پیشکەش بە بارەگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان کردووە، کە لێرەدا یادیان دەکەینەوە و قەوڵ و بەڵێن دەدەین ڕێگە و ڕێبازیان بەرنادەین و بەردەوامین و درێژەدەری ڕێگاکەیان دەبین، ئامادەگی ئەوەمان هەیە کە نرخی زیاتریش بۆ ئەو ڕێبازە بدەین.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل، سڵاو لە شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە لەو دوو ساڵەدا لە سەڵماسەوە تا موکریان و تا دەگاتە کۆسالان و سنەی خوێناوی گیانیان بەخت کرد.

رۆژی پێشمەرگەتان پیرۆز، ئەی پێشمەرگەکانی کوردستان و ئەی پێشمەرگە دۆستەکان

سڵاو لە گەلی خۆڕاگری کوردستان

سەرکەوێ خەباتی پێکەوە گرێدراوی شاخ و شار

بژی پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەل

٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٦ی دیسامبری ٢٠١٦ی زایینی