کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان

17:40 - 7 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

بسم اللە الرحمن الرحیم

بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی پێشەوای نەمر قازی محەممەد رێبەری مەزنی نەتەوەکەمان بە دەستی رێژیم دڕندەی شاهەنشاهی، خەم و پەژارەی خۆمان دەردەبڕین.
حەزرەتی پێشەوا قازی محەممەد رێبەری نەتەوەیی کوردستان و دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیانی سەیفی قازی و سەردی قازی، بە گیانبازی و دانانی گیانی خۆی، ئەمەگ و وەفاداریی خۆی لە هەمبەر نەتەوەکەی کەلە رۆژی راگەیاندنی کۆماردا بە قورئانی پیرۆز سوێندنی خواردبوو، نیشان دا و بۆ پشتیوانی و پاراستنی نەتەوەکەی سەرەڕای ئەوەی کە دەیزانی چ دەرەنجامێکی هەیە، خۆی رادەستی هێزەکانی حکوومەتی شاهەنشاهی کرد و لە رۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی، لە سێدارە درا.
بۆیە شیاوە ١٠ی خاکەلێوەی هەموو ساڵێک وەکوو رۆژی لەسێدارە دانی یەکەمین سەرکۆماری کوردان کە چەندین هەزار شەهیدی دیکەش لە رێبازی ئەو کۆمارە و پێشەواکەیاندا گیانیان بەخت کردووە، بکرێتە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستان.
ئێمە وەکوو یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران هەتا وەدەیهاتنی ئامانجەکانی کۆمار و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان لە چنگی زوڵم و زۆرداری، درێژەدەری رێبازی پاکی پێشەوای نەمرمان دەبین و بەم بۆنەوە هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەردەبڕین.

رۆحی پێشەوا و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد و رێگایان پڕ رێبوار
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی