کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٤ی رەشەممە

13:49 - 25 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٦٨ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

خوشک ‌و برایانی هێژا
ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
بەشداربووانی خۆشەویست

سەرەتا ئیزن دەخوازم بە ناوی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان بە بۆنەی ٢٤ی رەشەمە ٦٨ەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان پێشکەشی هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەتی ژنانی مافخوازی کوردستان و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنان و ئێوە بەشداربووانی خۆشەویست بکەم.
بەڕێزان، ٦٨ ساڵ بەر لە ئێستا لە هەلومەرج و قۆناغێکی سیاسی ــ مێژوویی تایبەتدا کە بۆ جووڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا رەخسا، بەرهەمی ئەو قۆناغە دامەزراندنی یەکەمین کۆماری دێموکراتیکی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشوای نەمر قازی محەممەد بوو. کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی ١١ مانگی دەسەڵاتداری پڕ ئەزموونی خۆیدا گەلێک دەسکەوتی گەورە و بەنرخی لە مێژووی رزگاریخوازیی نەتەوەکەماندا تۆمار کرد. یەکێک لەو دەسکەوتە زێڕینانە دامەزراندنی رێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو لەسەر بنەما فیکری و سیاسییەکانی رێبەرانی کۆماری کوردستان بەتایبەتی پێشەوا قازی محەممەد کە بە بیر و رامانی پێشکەوتنخوازی و ئینسانییەوە هەستی بەو بۆشاییە مێژوویی‌یە لە بەشداری ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا کردبوو. هاوکاتیش لەو قۆناغەدا هەستی بە پێویستیی دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە ژنانی کوردی کردبوو بەتایبەتی دەیزانی بە بێ‌بەشداری و چالاک کردنی ژنان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵگای کوردستان بۆشایی‌یەکی گەورەی تێ‌دەکەوێت و بەرەو پێشکەوتن ناڕوات. چون کۆمەڵگای ئەو کات، کۆمەڵگایەکی داخراو و نەریتی بوو بۆ ژنان، ژنان لەو دەورانەدا لەگەڵ نەخوێندەواری و نەبوونی دەرەتانی ئازاد بۆ خۆ پێگەیاندن و خۆرۆشنبیرکردن بەرەوڕوو بوون. ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی لە بەردەم ژناندا دروست کردبوو، هەر بۆیە لەلایەن رێبەرانی کۆمارەوە بەستێنەکانی پێویست بۆ دامەزراندنی یەکەمین رێکخراوی ژنانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا ئامادە کرا و بە فەرمی لە رۆژی ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان راگەیەندرا‌ و دەستی بە تێکۆشانی خۆی کرد. مینا خانمی قازی هاوژینی بە ئەمەگی پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەمین بەرپرسی ئەم رێکخراوە دیاری کرا.

دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ئەو کاتدا بە وەچەرخانێکی مێژوویی گرینگ و نوێ‌لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد و بەتایبەتی خەبات و تێکۆشانی ژنان دێتە ئەژمار. ئامەنجەکانی دامەزراندنی ئەم رێکخراوەیە هەوڵدان بوو بۆ رێکخستن و گەشەپێدانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ژنان و هاندانیان بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمەش نیشانەی بە مۆدێرن بوونی بزاڤی نەتەوەیی و یەکەمین دەسەڵات و قەوارەی سیاسیی کورد لەژێر ئاڵای کۆماری کوردستاندا دەر دەخات. لەو قۆناغەوە هەتا ئێستا یەکیەتیی ژنان لە رەوش و هەلومەرجە تایبەتییەکانی هەر قۆناغێکی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەماندا شان بە شانی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی لە کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و دابینکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و یەکسانیخواز دانەبڕاوە و لەو پێناوەدا نەقش و رۆڵی مێژوویی خۆی بە سەربەرزییەوە تێپەڕاندووە. لەم رێگایەشدا دەیان و سەدان ژنی شۆڕشگێڕ و مافویستی کورد لە ریزەکانی رێکخراوەکەماندا لێ نەبڕاوانە درێژەیان بە ئامانجە بەرزەکانی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان داوە و هەتا هەنووکەش خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجانە هە بەردەوامە.

بەشداربووانی خۆشەویست

لە کاتێکدا یادی ٦٨ ساڵەی دامەزرانی رێکخراوەکەمان دەکەینەوە کە بارودۆخی نێونەتەوەیی و ناوچەیی بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسیدا گوزەر دەکات، بەتایبەتی بارودۆخی ئێران و کوردستان. لێرەدا پێویستە ئاوڕێکی کورت لە رەوشی ژیانی ژنانی ئێران و کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دواکەوتوو ‌و داسەپاوی کۆماری ئیسلامیدا بدەینەوە. هەر وەک هەموو ئاگادارن بەدوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ئاغای رۆحانی ناوبراو وەعدە و بەڵێنێکی زۆری بە خەڵکی ئێران دا لە راستای ئاڵوگۆڕ ‌و باشترکردنی رەوشی ئاڵۆزی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران بە گشتیدا ‌و لەو نێوانەشدا باشترکردنی بارودۆخی توێژی ژنان و چاکسازیی یاسایی، کۆمەڵایەتی و بەشداری پێ کردنی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوو. بەڵام بینیمان ئەو وەعدە و بەڵێنانە تەنیا تاکتیکێکی ئاغای رۆحانی بوو بۆ راکێشانی ژنان بۆ سەر سەندووقەکانی بەناو هەڵبژاردن و دەنگدان. نە تەنیا ئاڵوگۆڕێک لە باشترکردنی دۆخی ژیانی ژنانی ئێراندا نەکرا بەڵکوو چەوساندنەوە، هەڵاواردن و چوونەسەری رێژەی تەڵاق، زیندانی کردنی چالاکانی بواری مافەکانی ژنان و دەیان پێشێلکاری دیکە دژ بە مافەکانی ژنان هەروا بەردەوامە. دەوڵەتەکەی ئاغای رۆحانیش درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامییە. لێرەدا ئەوەی جێگای سەرنجە خراپ بوونی بارودۆخی ژیانی ژنانی کوردستانی ئێرانە، بەداخەوە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە کوردستاندا دیاردەی خۆکوژیی ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر روو لە پەرە سەندن بووە، ئەم دیاردەیە لە لایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیستم و یاسایەکی ئازاد و دێموکراتیک کە پشتیوانی لە داخوازەکانی ژنان بکات. لەلایەکی دیکەشەوە بارودۆخی خراپی ئابووری و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی هۆکارێکی دیکە بوون بۆ خراپ بوونی ژیانی ژنانی کوردستان. نموونەی تازەی ئەم پێشێلکارییانە مەرگی گوماناویی کچە کوردی زانکۆی ورمێ \'\'شەیدا حاتەمی\'\' بوو کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لێ ئەستێندرا. کاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دا بە خۆکوژی لە قەڵەمی بدەن، لێرەدا جارێکی دیکە وەک ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی شەیدا حاتەمی دووپات دەکەینەوە.

ژنانی تێکۆشەر!

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژنانی ئێران و بەتایبەتی ژنانی مافخوازی کوردستان داوا دەکات کە بە لەبەرچاو گرتنی گۆڕانکارییەکان بە بردنە سەری ئاستی هوشیاری و داخوازە رەواکانی خۆیان هەوڵ بدەن هێز و پۆتانسیلی بزووتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی بەرنامە و مێتۆدی نوێی رێکخراوەییدا رێک بخەن و لە هەر دەرفەت و دەرەتانێک کە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان دێتە ئاراوە لە پاشەکشێ‌کردن بە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و شکڵگرتنی ئاڵترناتیڤێکی مرۆڤ سالاریدا کاریگەری خۆیان نیشان بدەن. لەم پێوەندییەدا یەکیەتیی ژنان بە پشت بەستن بە ئەزموون و خەباتی ٦٨ ساڵی خۆی بە ئیرادەی بەهیزی ژنانی کوردستان هەتا وەدیهاتنی هەموو ئامانجە نەتەوەیی و یەکسانیخوازەکانی ژنان هەروا شێلگیرانە درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات تا گەیشتن بەو ئامانجانە. لێرەدا جێگای خۆیەتی کە رێز و سپاسی خۆمان بۆ پشتیوانی و رێنوێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین کە هەردەم وەک پشتیوانێکی بەهێزی رێکخراوەکەمان لەبەرەو پێش بردنی خەباتی رزگاریخوازیی ژنانی کوردستاندا هاوکار و پشتیوانی راستەقینەی ژنان بووە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی ئەمڕۆژە مێژوویی‌یە لە هەموو ئێوەی بەڕێز و ژنانی کوردستان دەکەین.

سەرکەوتن بۆ خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٤ی رەشەممەی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٥ی مارسی ٢٠١٤ زایینی