کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ پاڵپشتی لە داخوازییەكانی خەڵكی ڕاپەڕیوی مەریوان

22:17 - 18 رەزبەر 2716

كوردستان میدیا: سێ ڕێكخراوی ژنان، لاوان، و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پەیامێكی هاوبەشدا وێراِی مەحكوومكردنی سیاسەتی سەركوتكەرانەی كۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ناڕەزایەتییە مەدەنییەكەی شاری مەریوان، پاڵپشتیی خۆیان لە داخوازییەكانی خەڵك لەو شارەدا دەربڕی.

دەقی ئەو پەیامە كە گەیشتۆتە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، بەم چەشنەیە:

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!

چین و توێژە مافخوازەكان!


مێژووی قوربانیدانی نەتەوەی كورد لە پێناوی سەرەتاییترین مافەكانیدا پێمان دەڵێ دڕندەیی دەسەڵاتە ستەمكارەكانی زاڵ بە سەر كوردستاندا هەرگیز نەیتوانیوە ئیرادەی لەبڕاننەهاتوومان بۆ گەیشتن بەو مافانە كز بكاتەوە و ڕۆڵەكانی ئەم گەلە سەرەڕای سەركوت و دۆخی سەپێنراوی ناهەموار بە سەریاندا بەردەوام لە گەشە و پەرەپێدانی میتۆدەكانی خەبات و داهێنان و نوێگەری لە هەڵسوكەوتی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا پێشڕەوبوونی خۆیان سەلماندووە.

ماف و داخوازییە دێموكراتیكەكانی ئێوە لە كوردستانی داگیركراوی خۆرهەڵاتدا، دەیان ساڵە بە هۆی دەسەڵاتی داگیركارانە و فاشیستیی ویلایەتی فەقیه بە زەبروزەنگ و ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێتەوە.

ڕاستییەكەی ئەوەیە كە سەرەڕای نوێگەری و هێنانە ئارای بەردەوامی چەمك و وتەزا زانستی و مرۆییە مۆدێرنەكان لە فەرهەنگی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستاندا بۆ بەڕۆژكردنی مێتۆدەكانی داواكردنی ماف، لایەنی بەرامبەر هەرگیز ئامادە نەبووە بچووكترین گۆڕانكاری بە سەر عەقڵیەتی دۆڕاو و دواكەوتنخوازانەی خۆیدا بهێنێ و ئێستاش مەسەلەی داواكردنی ماف، لە كۆماری ئیسلامیدا وەكوو هەڕەشەیەكی ئەمنیەتی سەیر دەكرێت و هەر هەوڵێك بۆ وەڵامدانەوەی، بە لادان لە بنەماكانی ڕێژیم دادەنرێت. هۆكاری ئەوەش ئەو ڕاستییەیە كە بناغەی ئەو ڕێژیمە لە سەر بنەمای ئەركی ئایینی و ئیدئۆلۆژیك دامەزراوە، نەك دابینكردنی ماف و داخوازیی خەڵك.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵكی مافخوازی مەریوان لە هەڵوێستێكی ئازایانەدا بەرانبەر بە مەترسییەكانی خراپیی ڕێگاوبان و هاتوچۆی پر ِمەترسیی تانكەرەكانی سووتەمەنی كە هەر لەم ڕۆژانەشدا بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی چەند هاوڵاتیی كورد، ڕژانە سەر شەقامەكان و بە شێوەیەكی دوور لە توندوتیژی، داخوازییەكانی خۆیان لەو پێوەندییەدا ئاراستەی بەرپرسانی پێوەندیدار كرد. بەڵام بە داخەوە ڕێژیم هەر وەك چاوەڕوان دەكرا لە بەرانبەر ئەو داخوازییە سەرەتاییەدا، نەریتی هەمیشەیی خۆی واتە سەركوتی خەڵك و دەستبەسەركردنی ناڕازییانی گرتە بەر و چەند كەس لە لاوانی ئەو شارە كە لەو پێوەندییەدا دەستبەسەر كرابوون، تەنیا پاش دانانی بارمتەیەكی قورس ئازاد كران.

ئێمە لە یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا وێڕای دەربڕینی پاڵشتیی خۆمان لە داواكارییە ڕەواكانی خەڵكی مەریوان، سیاسەتی سەركوت و زەبروزەنگی ڕێژیم بە هەموو شێوەیەك مەحكووم دەكەین و پێمان وایە داخوازیی دابینكردنی ئەمنیەتی ڕێگاوبان، داخوازییەكی زۆر لەوە كەمترە كە حكوومەتێكی ئەم سەردەمە بیهەوێ بەو هۆیەوە خەڵك ڕاپێچی زیندان بكات و ئەو شێوە هەڵسوكەوتەی ڕێژیم، دروستیی ئەو بۆچوونەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دەسەلمێنێت كە كۆماری ئیسلامی لە جەوهەری خۆیدا هەڵگری هیچ پۆتانسێلێك بۆ ئاڵوگۆڕی مەدەنیانە و دێموكراتیك نیە و تەنیا بە نەمانی ئەو سیستمە داخراوە كاولكەرەیە كە ڕێگا بۆ دابینبوونی داخوازی و مافەكانی چین و توێژە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگا دەكرێتەوە.

سەركەوێ خەباتی مافخوازانەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان

سڵاو بۆ خەڵكی چاوكراوەی مەریوان و هەموو ناوچەكانی كوردستان

یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی