کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی كەبوودوەند لەزیندانی ئێوینەوە روو بە وڵاتانی ناوچە لەپێوەندیی كوردەكانی سووریە

18:06 - 1 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: محەممەد سەدیق كەبوودوەند بەرپرسی دەسبەسەركراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەگرتووخانەی ئێوینەوە پەیامێكی لەپێوەندیی شێوزای هەڵسوكەوتی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین لەگەڵ پرسی كورد لەسووریە بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لەو پەیامە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی پەیامەكە:


وێڕای رێز لە ئیرادەی ئەو حیزبە سیاسیی و رێكخراوە مەدەنیانەی كە بە بەردەوامی پرسی كوردەكانی سووریە لەراستای دابین كردنی ئارامی و ئاسایش و گەیشتن بە مافە رەواكانی ئەو هاووڵاتییە كوردانە كار و چالاكیان كردووە و پێویستە رێز لەو لایانانە بگیردرێ‌ كە لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەتێكی خودموختار و دێمۆكراتیك بۆ ئیدارەی ناوچە كوردنشینەكان دان.

بەداخەوە كۆمەڵگەی كورد لەسووریە ساڵیانێكە كە زۆر بێبەشی و پەراوێز خستنی سیاسیی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی و ئابووری بینیوە و لەسەرەتایترین مافی هاووڵاتیی بوونی بێبەری بووە و بەردەوام لەژێر زوڵم، سەركوت و توندوتیژی‌دا بووە.

من محەممەد سەدیق كەبوودوەند وەكوو چالاكێكی مافی مرۆڤی كورد لەلایەن خۆم و رێكخراوی بەرگریی بە مافی مرۆڤی كوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆم لەدرێژە كێشانی شەڕ و كوشتارەكان لەوڵاتی سووریە دەردەبڕم و داوا لەدەوڵەتی سووریە و دژبەران دەكەم رێز لەمافەكانی كوردەكانی ئەو وڵاتە بگرن و هەروەها داوام لە وڵاتانی ناوچە ئەوەیە كە زەخت و گوشار و سەركوتەكانیان بۆ سەر خەڵكی كورد كۆتایی پێ‌بێنن و بهێڵن خەڵكی كورد بە ئازادانە بە مافەكانی خۆی بگات.

محەممەد سەدیق كەبوودوەند

تاران ـ گرتووخانەی ئێوین