کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد ناڕوونە

15:56 - 18 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: چارەنووسی ٣ هاووڵاتیی کورد لە ٩ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرابوون، ناڕوونە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان بەناوەکانی \'\'موحسێن خودادای، کیانووش رۆستەمی و نیعمەت فەتحی\'\' کەلە جۆزەردانی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرابوون، چارەنووسیان ناڕوونە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان گوشاریان بۆ بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە هێناوە و هەڕەشەی لە سێدارەدانیان لێ کردوون.

7996.jpg
کیانووش رۆستەمی


ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتی: موحسێن خودادای، کیانووش رۆستەمی و نیعمەت فەتحی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیانەوە هەتا ئێستا چەندین تۆمەتی جۆراوجۆری وەکوو \'\'لایەنگری لە حیزبە کوردییەکان، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، تەقینەوە لە نزیک پایگای بەسیج و سووتاندنی وێنەی خومەینی\'\'یان دراوەتە پاڵ.
ئەو سێ هاووڵاتییە لە ٢٤ جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی لە کاتی ناڕەزایتەییەکانی خەڵکی شاری کرماشان لەهەمبەر بێ‌حورمەتیی بەرپرسانی رێژیمی بە ئایینی یارسان، دەسبەسەر و پاش ٩ مانگ دەسبەسەرکران لە چارونووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەم ماوەیەدا کە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە دەسبەسەریی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بوون، بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی رێژیم بوونەتەوە.
موحسێن خودادای خەڵکی شاری سەحنە و کیانووش رۆستەمی و نیعمەت فەتحی، خەڵکی شاری کرماشانن.