کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی کوردی خوراسانی باکوور، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد کران

17:11 - 10 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: چالاکانی کوردی خوراسان لە بەرەبەری هاتنی ٢٢ی پووشپەڕدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەدەوە بانگهێشت و لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەرچەشنە چالاکییەک، هوشدارییان پێ دراوە.
بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک بڵاوی کردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا تێکڕای چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی کورد لە خوراسانی باکوور بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی کراون و هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر چەشنە چالاکانی و مانگرتنێک لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەردا لێ کراوە.

ئەم ماڵپەڕە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر هەر جۆرە چالاکییەک لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوە بچێت، هەموویان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئیسلامی دەسبەسەر دەکات.

ماڵپەڕی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە دانمارک لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە خوراسانی باکوور، نووسیویەتی: پێشتریش عەلی قلیچ زادە چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی کوردی خوراسان لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئیداری ئیتلاعاتی شاری شیروانەوە هەڕەشەی کوشتن و بێ‌‌سەروشوێنکرانی لێ کراوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕی هەموو ساڵێک، ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک، رێوشوێنی توندی ئەمنیەتی لە سەرانسەری کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەگرێتە بەر، هەتا بەو شێوە پێش بە هەر چەشنە چالاکی و مانگرتنێک بگرێت.