کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی ژینگەپارێزانی ئیسلام ئابادی غەرب بەردەوامە

21:19 - 21 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکە چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان لە داوێنی چیا و دەشتەکان، بە شێوەیەکی خۆڕسک چالاکیی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە کۆکردنەوە زبڵ و پاشماوەکان لە سروشتی ئیسلام ئابادی غەرب لە هەوڵێکی خۆڕسکی چالاکان و هاووڵاتییاندا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، جاری دووهەمیش ژینگە دۆستانی سروشتی کوردستان چوونەوە داوێنی دەشت و چیاکان و بە کۆکردنەوە زبڵ و خاشاکەکانی سروشت، ئەمەگداریی خۆیان بە ژینگەکەیان دووپات کردەوە.
چالاکانی ژینگەپارێزیی ئیسلام ئاباد لەو بڕوایە دان، بەڕێوەچوونی ئەو چالاکاییانە و پەیوەست بوونی زیاتری خەڵک بەو بزووتنەوە ژینگەپارێزییە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە ئیسلام ئاباد و هەموو کوردستان، ئەو دەخوازێ کە رێکخراوگەلێکی خەڵکی و ناحکوومی (NGO) بێنە ئاراوە و پرۆسەکە بگرنە دەست.
نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و دیاریکراو لەمەڕ چەسپاندنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە ٣٥ ساڵی رابردوودا و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیدار رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو بوارە و بەربەست دروستکردن لە کاری جەمعیدا هەروەها ترسی رێژیم لەم گوتەزایە، پاشخرانی بیچمگرتنی کۆمەڵگای مەدەنیی لێ کەوتۆتەوە و رێژیم ئێرانیش لەو پێونەدییەدا نەک یارمەتیدەر نییە بەڵکوو یەکێک لە لەمپەرە سەرەکییەکانە.